گەورەترین ڕێپێوان و کۆبوونەوەی خەڵکی بۆ بانگەوازیی پاراستنی زرێبار بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی هەینی داهاتوو، ٢4ی ڕێبەندان، کاژێر 14:30، لە سەر بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیا و بە هاوکاری تۆڕی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی پارێزگای سنە، خەڵکی مەریوان و شارەکانیتر بە تایبەت شارەکانی پارێزگای سنە بە پیاده ڕۆشتن لە مەیدانی مامۆستا بێسارانییەوە تا ئاوپهنگی زرێبار و بە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان، هەڵوێستی پاراستن و سۆزی خۆشەویستی ئەنوێنن.
ئەم کۆبوونەوەیه بە بۆنهی ڕۆژی جیهانی “تالاب”ەوە و بە یارمەتی ئیدارەی گشتی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنه بەڕێوە ئەچێت و قەرارە گەورەترین کۆبوونەوەی خەڵکی بۆ نواندنی هەستی گشتی بەرانبەر بە زرێبار بێت تا کاربەدەستان و کارگێڕانی بواری ژینگە بە هەستیارییەکی زۆرترەوە بە هانای برینەکانی زرێبارەوە بڕۆن کە کارناسان و زانایان، بارودۆخی بە خراپ هەڵئەسەنگێنن و ئەگەری فەوتان و تیاچوون باڵی کشاوەتە سەر زرێبار و بە وتەیەکی دیکە شووناسی مەریوان و حەوانگەی باڵندە و ئاژەڵان، زرێباری پڕ لە ڕاز و ئەفسانە و مێژوو و خەزێنەی هەرەگەورەی جۆراوجۆریی بوونەوەران بە دەردی “گۆلی ورمێ”وە دەڕوات.
لەم کۆبوونەوەیهدا بڕیارە پەیام و جاڕنامە، مۆسیقا، شانۆ و سروود و زۆر کاری شیاوی دیکە پێشکەش بکرێت و لە کۆتاییشدا بە پێی تیرووپشک چهن کەس لە بەشداربووان خەڵات بکرێن.
زانیاری وردتر لە سەر ئەم کۆبوونەوە یە لە لایەن ئەنجومەنی سەوزی چیاوە ئەدرێتە ڕای گشتی و لەم پێوەندییەشدا ئەنجوومەنی چیا بانگەوازیی خاوەنداری لە زرێباری لە چەن شوێنی مەریواندا هەڵواسیوە.









زریبار نماد حیات مریوان