بێهزاد قادری
وڵاته‌که‌م له نێو شه‌راره‌ی ئاگردا ده‌سووتێت. ئه‌ستێره‌کان ئیدی ناجریوێنن! چونکه گه‌روویان له نێو دووکه‌ڵ دا قهخماخهی به‌ستووه. شه‌ونم له سه‌ر چرۆ ئیدی هێلانه‌ی نییه! چرۆکان بوون به ژیله‌مۆ و به ده‌م کازیوه‌وه قوژرانهوه. شنه‌ی هه‌وارگه‌ی کوێستانه‌کان، مرۆڤ که هیچ، به‌ردیش قڕ ئه‌که‌ن! چونکه به‌س دووکه‌ڵی دار و ئاژه‌ڵه سووتاوه‌کان ههڵئهگۆزنهوه. چاوی ئاسۆی نیشتمانم ئیدی گه‌ش نییه! چونکه له نێو ئه‌م چه‌قه دووکه‌ڵه‌دا پێڵوی چاوی له یه‌ک ناوه و ئه‌وه‌نده به ئه‌سته‌می گووشاویهتی، که له گۆشه‌ی چاوانییه‌وه خوێن ئه‌تکێته خواره‌وه. به‌هار ساڵ به ساڵ ڕوخساری ئهگۆڕیهت! چونکه بریسکه‌ی به‌فری سه‌ر لووتکه‌کان، له نێو له‌شی برژاوی داره‌کان تێپه‌ڕ ئه‌بن و نێرگزی نه‌ورۆز به ڕووڕهشییهوه له نێو خه‌ڵووز سه‌ر ده‌ر ئه‌هێنن. ئیدی پشکۆی ئاگر هێمای نه‌ورۆزی لێمان سه‌ندووه‌ته‌وه! چونکه بوو به گورگی ماڵاتمان و گیانی دارستانمانی له دهماخیهوه هه‌ڵکشاند و کزه‌ی له جه‌سته‌ی نیشتمانمان هه‌ڵساند. ئاگرێکی بێ شه‌رم، که له گیرفانی نامرۆڤێک ههڵئهگرسێ و ته‌زووی خاپووریی له سروشت ئه‌نوێنێت. ئاگرێک که زهردهکهنینی ئێوارانی به‌هاری له خۆ ئهڕزێنێت، کاتێک له دار و ئاژه‌ڵی دارستان سکڵ ئه‌خاته‌وه. ئاگرێک که دووکه‌ڵی ئه‌وه‌نده به‌رزه، که مانگه‌شه‌و له ئاسمان ئه‌تۆرێنێت. ئیدی هاژه‌ی چه‌م و ورده‌شه‌پۆلی ڕووبار و تریفه‌ی سه‌ر گۆمه شین له دارستانی ڕه‌ش پۆش، چ بایه‌خ؟! کاتێک له سه‌ر ته‌رمی دارستان ئه‌بێ لای لایه‌ی مه‌رگ بدرکێنین و له‌شه برژاوه‌کان بلاوێنینه‌وه. به‌ڵام له نێو ئه‌م گۆڕه‌پانه شوومه‌دا، ڕۆڵه‌کانی چیا بێ وچان سنگیان له به‌ر ئاگری سووتێنه‌ر کردووه به قه‌ڵخان، نائومێدی و خه‌م ئه‌نێژن و سنووری پێشڕه‌ویی ئاگر ئه‌وه‌ستێنن. ئه‌و ڕۆڵه ئازایانه‌ی که به سروودی ((خوایه وه‌ته‌ن ئاوا که‌ی))، به‌ڵێنی ڕێی کۆڵنه‌دان له پارێزگاریی سروشتی کوردستانیان له گوێی دارستان چرپاند. ئه‌و هاوڕێ نه‌به‌زانه‌ی که له پێناو ژینگه‌دا گیان له پێناون و خۆزگه‌ی سروشت له باوش ئه‌گرن و دووباره گوڵی گه‌شاوه به دیاریی ئه‌هێنن. ئه‌و پڕ باوه‌ڕانه‌ی که وانه‌ی ژیانه‌وه له سروشت ئه‌ڵێنه‌وه و هه‌سته جوانه‌که‌یان له نێو لانکه‌ی ئاواتی به‌رزی نیشتماندا ئه‌ژیه‌ت. ئه‌و هه‌سته جوانه‌ی که هاوده‌می جوانی په‌رستن و کامی گیانی خۆشه‌ویستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ن. هه‌ستێکی پێکهاتوو له ڕسته‌ی ((پاراستنی ژینگه، پاراستنی ژیانه))، که وه‌کوو مانگ له ئاسمانی دڵیانه‌وه هه‌ڵواسراوه.








سڵاو کاک بێهزادی بەڕێز مەتڵەبەکەت زور جوان بوو سپاس لە خوای دڵوڤان داوا کارم کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانت دە سەر کەو توو بیت و خزمەت بکەی بە خەڵکەکەت
سپاس
سه ر که وتوو بیت