ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە “کومیتەی بەرگری لە ئاژەڵان”ی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە دەستمان گەیشتوە:
١- دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان لەلایەن “خەڵکی شارەدێی نگڵ”ەوە گەڕەک و کۆڵان و دەروبانی ئەو ژینگەیە خاوێن کرایەوە. بەشداری کردنی ٣٠-٤٠ کەس لە ژینگە پارێزانی ئەو مەڵبەندە جێگای سەرنجی هەموان بوو.
٢- لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا سێ هێلانە باڵندەی “تەیری پەڕەسیلکە” کە بەهۆی خانوو تێکدانێکەوە لە ئاوایی کانی سانان دا ڕووخێندرابوون؛ بەبۆنەی ئەمەگداربوونی خاوەن ماڵەوە ٩ بەچکە تەیری زەڕنەقووتەو تووک کردووی ئەم سێ کاڤۆکە لە لایەن بنەماڵەی ئەندامی سەوزی چیاو ژینگەپارێزی کاک “سەید ئەحمەدی حسەینی”ەوە بەخێو کران و زۆربەیان باڵە فڕە کران.
٣- لە مانگی جۆزەردان لە لایەن “کاک بەختیار مەولانی موتڵەق، کومیتەی ئەنجومەنی سەوزی چیای کانی دینار”ەوە چوار بەچکە “فشەی کێڵگە” کە هێلانەکەیان وە بەر بڕەی گیادووری تراکتۆر(مۆڤێر) کەوتبوو، پەنا دران و بەخێو کران. تەنیا یەک دانەیان نەبێ کە باڵی زامدار ببوو، باڵەفڕە بوون، زامدارەکەیش برینەکەی لە ساڕێژ بووندایە.
٤- لە نیوەی سەرەتای مانگی جۆزەردان لە لایەن “سێ مامۆستای بە ئەمەگ و ژینگەوانی فێرگە”وە لە ستارگەی دەشتی بێلوودا، بەچکە “لەقلەقێکی” تازە باڵەفڕە بوو، کە سینگی بەسیمی دڕکاوی هەڵدڕابوو؛ بە برینی کولاوەوە ئەهێنرێت بۆ “دەرمانگەی چارکوتانۆکی” دوکتور مەسعوود موستەفا سوڵتانی . دوای فرمانی نەشتەرگەری، بارودۆخی ئەم بەچکە لەقلەقە بەرەو باشبوون رۆیشت و لە مێرگەکانی زرێباردا فڕینی دەست پێکردەوە.
٥- لە دەیەی دوایی جۆزەرداندا لە لایەن “دارای خاوەری، ئەمیر مەهدیزادە، سەلام وەتەندووست ١١ ساڵان و مناڵە هاوگەڕەکەکانیەوە” لە دێی کانیسانان، “سێ بەچکە پشیلە” کە دایکەکەیان بە ماشین تیاچووبوو پەنا ئەدرێن. دوانیان ماونەتەوە و ئێستا بەخێوی ئەکەن.
٦- لە رۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕ لەقلەقێ کە بە تەلی بەرق، تەزوو پڕووکاندبووی، لە لایەن “کاک داود خاوەری ئەندامی چیای کانیسانان”ەوە پەنادریا و دوای تیمار کردن بۆ سرووشت گەڕایەوە.
٧- لە سەرەتای پووشپەڕدا لە دێیەکی هەورامانی دهۆن “کارژەلەیەکی بزنەکێفی” کە کەوتبوەوە ناو ئەستێری ئاوی باخێکەوە لە لایەن “مامۆستایەکی فێرگە”وە لە خنکاندن رزگار ئەبێت و دوای وشکەوە کردن؛ ئەبێتەوە بۆ کاوی کەڵەنانی کەڵەکێوییەکان و بەرەڵڵا ئەکرێت.
٨- لە رۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی رابردوو لە نزیک ملەی چاوگدا، “کەوباڕ”ێک کە لە ترسی هاشاوڵی ئاگر و نرکە و فڕەی باڵەفڕەکەی ئاگر کوژاندنەوە، پاترابوو، لە لایەن “کاک سەعیدی نیکڕەفتار”ەوە داڵدە ئەدرێت و دوای کولە ئاژت کردن و تێپەڕاندنی ١٠ مانگ لە دەشتیاری؛ بوو بە کەوێکی گەورە و لە کاتی مێڕۆژی ئەمساڵدا بەردرایەوە ناو سرووشت و ستارگەکانی ناوچە.
٩- لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕ تێکۆشانی ئەندامانی چیای ئاوایی دەرەتفێ بۆ چارەی “بەچکە لەقلەقێک” کە بەر تەزووی وزەی برق کەوتبوو ئاکامی نەبوو، دوای دەرمان کردن ئەو باڵندەیە بە داخەوە تیاچوو.
27 جولای 2011 - 0:00
شناسه : 110416
بازدید 88







ثبت دیدگاه