باڵی فێرکاری چیا بە مەبەستی گەشەی زانیاری هاوڵاتیان لە سەر ژینگە بە تایبەت بەرگری لە ڕاو، رۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، دێهاتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی مەریوان، سەر بە ناوچەی کۆماسی، میوانداری باڵی فێرکاری چیا بوون.
بە بۆنەی ڕاوی لە ڕادە بە دەری ئاژەڵانی هەردی لەم وەرزەدا، ٨ تیمی فێرکاری ئەنجومەنی سەوزی چیا سەردانی ١٢ ئاوایی ئەم ناوچەیان کرد. لەم هەوڵەی ئەنجومەندا لە نوێژی هەینی یان کۆی خەڵکی لە بەر مزگەوت و ماڵی هاوڵاتییان، سەبارەت بە چەمکەکانی پاراستنی ژینگە لە باری ئایینی، زانستی و ئەخلاقییەوە قسە کرا و هۆکارگەلی دژبەریی لە گەڵ ژینگە بەتایبەت ڕاو خرایە بەر باس و پرسیار. بە گوێرەی وتەی ئەندامانی باڵی فێرکاری ئەنجومەنی سەوزی چیا، خەڵکی کۆماسی بە جۆش و خرۆشەوە و بە شێوازێکی کەم وێنە هاتوون بە هانای پەیامی پاراستنی ژینگەوە.
لە ناوچەی کۆماسی زۆرترین ڕاو لە سەر کەو بووە و کەروێشک و سمۆرەیش لە ڕیزی سەرەوەی قوربانییەکانن. خەڵکی ئەم ناوچەیە جگە لە ڕاوی ئاژەڵانی هەردی، باسی ڕاوی ماسی بە ژەحر و موتوری برقیان ئەکرد کە زۆرتر لە بەهار و هاویندا لە چەن لاوە لە لایەن هاوڵاتیان بە تایبەت خەڵکی مەریوانەوە ئەکرێت کە بە داخەوە بەربەستێکی ئەوتۆ لە بەرانبەر ئەم کارەساتانەدا نییە. هەر چەندە زۆربەی خەڵکی کۆماسی دانیان بە سەر بوونی ڕاودا ئەنا بەڵام زۆربەیان بڕیاری ڕاونەکردن و بەرگری لە ڕاویان بە ئەندامانی چیا داوە و ئەمە جێگای شاییە و بە دەسپێکێک دێتە ئەژمار بۆ وەرچەرخانی کردەوەی هاوڵاتیان لە ڕاوەوە بۆ بەرگری و پاراستنی ژینگە. لە کۆتاییشدا و دوای قسە و تاوتوێکردنی کێشە ژینگەییەکان، نووسراوە، پووستر و CD لە سەر پاراستنی ژینگە درا بە هاوڵاتیان.
ئەو گوندانەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لەم ڕۆژەدا سەردانی کردوون بریتین لە: بەردی سپی، هەنگەژاڵە، کۆریەرە، مۆڵینان، وەرۆ، گولان، شایەر، پیر خێران، بلچەسوور، مامۆڵە، لاوێسان و هەڵیزاوا. شایانی باسە ناوچەی کۆماسی لە باری ڕێگا و خزمەتگوزارییەوە زۆر لاوازە و خەڵکی ئەم ناوچەیە شایانی بردنە سەرەوەی ئاستی خزمەتگوزاری هەمە لایەنەن.
03 ژانویه 2014 - 0:00
شناسه : 111570
بازدید 103







ثبت دیدگاه