٦ ئاوایی دیکە بە تێکڕا لە گوندی شارانی کەوەکانیان سپاردە باوەشی سروشت و ئازادی و قەفەسەکانیان سووتاند.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوە خەڵکی ئاوایی “شارانی” سەر بە ناوچەی مەریوان، لە ڕێوڕەسمێکدا میوانداری ئازادی ١٢ کەویان کرد بۆ باوەشی سروشت و تینی سووتاندنی قەفەسەکانیان کرد بە بەڵێنی هەتایی کۆنەڕاوچیان بۆ پاراستنی ژینگە و بەرز ڕاگرتنی مافی ئاژەڵان. لەم ڕێوڕەسمەدا کە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای دانیشتووی ئاوایی “شارانی” بەڕێوەیان برد، بەڕێز “موحەمەد ئەمین زادە” ئەندامی چیا و شۆرای ئاوایی شارانی لە هەموو ئەو کەسانەی لە ماوەی پێشوودا کەو و سمۆرە و ئاژەڵانی دیکەیان ئازاد کردبوو و ئەسڵەحە و کەرەسەی ڕاویان تێکشکاندبوو، دەسخۆشی کرد و ئەم کارەی زۆر بەرز و پیرۆز ناو برد. کاک موحەمەد، وەکیلی ئازاد کردنی ئەم ١٢ کەوە بوو کە لە ئاواییەکانی “خێرئاباد”، “بێکەڕە”، “شێخەکوێرە”، “نژمار”، “باراماوا” و “دەرەناخێ”وە گەشتبووە دەستی. بەڕێزیان لە وتەکانیدا سپاس و پێزانینی ئاراستەی هەموو ئەو ئازیزانە کرد کە دەستیان دابوو بەم کارە شیاوە. دواتر بەڕێز مەسعوودی موستەفاسوڵتانی وەکوو نوێنەری ئەنجومەنی سەوزی چیا دەسخۆشی لە سەر جەم ئەو کەسانەی کرد کە لە هەر شوێنێک ئاستی بەرزی بیر و باوەڕیان بە ئازاد کردنی ئاژەڵان نیشان داوە. لەم ڕێوڕەسمەدا منداڵانی ئاوایی شارانی کەوەکانیان ئازاد کرد و دواتر قەفەسەکان دوای شکاندن لە ئاگردا سووتێندران. لە نێو ئەو قەفەسانەدا، قەفەسی وەهای تێدا بوو کە بۆ ٤٥ ساڵ، زیندانی زۆرێک کەو بووبوو. لەم ڕێوڕەسمەدا ئەژمار و جۆش و خرۆش و پەلەی منداڵان بۆ ئازادکردنی ئەو پەلەوەرانە زۆر سەرەنج ڕاکێش بوو.
شایانی باسە هەر ڕۆژە و ئاوایی و شارێک دێنە ڕیزی ژینگەپارێزییەوە و لە لایان خەڵکییەوە چیتر ڕاو هێمای پاڵەوانیی نییە و بووە بە عەیبە و شەرمی لێ ئەکرێت.
11 آوریل 2014 - 0:00
شناسه : 113687
بازدید 92







ثبت دیدگاه