مەرگەساتە و لێقۆمانە و برسێتی قەپاڵ لە ژیان ئەگرێت و ئێمە چ ئاسان ڕاهاتووین تا کپ و بێدەنگ گوێ بگرین لە ناڵە و هاوارێ کە کەرامەتی ئینسانی و مافی ئاشتی بانگ ئەکات و ئەڵێت: مرۆڤەکان با ئاسن و ئاگر و بارووت و “تی ئێن تی” چیدی بە دەستی خۆمان بەر نەدەینە جەستەی ماندووی مرۆڤایەتی. دە با بەس بێت بە گژدا چوون و تێکهەڵچوونی ئینسانەکان. ئاشتی خوازان، مرۆڤ دۆستان و پارێزەرانی سروشت! بە داخەوە دەنگۆی شەڕ هەموو لایەکی له ئافریقا،برمه،غه زه، سووریه تا شه نگال له کوردستانی عێراقی گرتووە و ئاکامی ئەم نەریتە نەگریسە ئاوارەیی، برسییەتی، تینوەتی و لەمانە گرنگتر دابەزانی نرخ و واتاکانی کەرامەت و ئینسانییەتە. ئایا کەمتر خەمی و بێدەنگی لە هەمبەر ئازار و هاواری جەستەی هەڵپڕووزاو و ونجڕ کراوی مناڵە لێو وشک هەڵگەڕاوەکانی ئاگردووی جەنگ شایانی مرۆڤە؟ ڕیشەی تامەزرۆیی و خواستی ئاشتی بە دوور لە ڕهنگ و باوەڕ و جوگرافیا لە هەناوی مێژووی ئینسانییەتدایە کە ئەبێ بە هاودڵی و هاوکاری و پەروەردە نرخی پیرۆزی بدرێت تا چیتر قەڵغان لە ئینسانە بێ تاوان و بەشخۆراوەکان نەکرێت بە بەریانی گولە و بۆمب و فڕۆکە، با ژیانەوە و ڕابوون ئاراستەی مرۆڤایەتی بکەین. بەم بۆنانەو ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە سەر ئەساسی بڵاوەی ئاشتی و هاندانی مرۆڤ بۆ ژیان لە گەڵ یەکتر و ژینگە بەو باوەڕەوە کە زەوی ماڵی هاوبەشی ههموومانه و لە سەر ئەرکی ئینسانی خۆمان بە پێویستی ئەزانین هاوکات و هاودەنگ لە گەڵ مرۆڤ دۆستان و ئاشتی خوازانی جیهان بە کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شەنگال، یاریدەر بین تا منداڵێک لە تینوەتی، دایکێک لە برسیەتی و باوکێک لە خەم دەر بێت و موژدەی دونیایەک پڕ لە خۆشەویستی، حورمەت و ئازادی بدەین بە نەوەکانی داهاتوو و لەم ڕێگەشدا ماتڵی هەنگاوی بە ئەمەگ و یاریدەری هەموو ئێوەی ئازیزین. لەم ڕێگاشەوە لە “مانگی سووری کۆماری ئیسلامی ئێران” و “خاچی سوور” و هەموو ڕێکخراوە پێوەندیدارەکانی تر داواکارین بۆ گەیاندنی خێرایی یارمەتییەکان هاوکاری ئەنجومەنی سەوزی چیا بکەن. ژمارە حەساب بۆ هەناردەی دراو: 27/16574745 بانک ملت به نام انجمن سبز چیا (شماره شبا: 740120000000001657474527) شوێنی کۆ کردنهوهی کهل و پهلهکان: مهریوان شهقامی مهلهوی کورد، ساختمان ڕۆژ، واحد 105، نووسینگهی ئهنجومهن سهوزی چیا)









ثبت دیدگاه