وه‌رزی جوان و دڵڕفێنی سه‌رمه‌ستیی بوونه‌وه‌ران به تایبه‌ت “کهڵوبزنهکێویهکان” به‌ڕێوه‌یه. کاتی ئه‌وه هاتوه، بۆ رێز گرتن له جوانی سروشت و جێژنی ژیان و ژیوا له ناودڵی ژینگاکانی کوردستان و به تایبه‌ت هه‌ورامانی خۆشه‌ویست، چه‌ک و سیلاحه‌کانمان له کێلان نێن و دانیشینه تماشای ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌ی سروشت و ژینگه‌یه. هه‌موو ساڵێ له کۆتایی وه‌رزی پاییزدا، ده‌بینین که چۆن کهڵوبزنهکێویهکان له‌م وه‌رزی سه‌رمه‌ستییه‌دا بێ هیچ ترس‌و سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک، له ژینگاکانیان وه‌ده‌ر ده‌که‌ون و بێپه‌روا له هه‌ر ترس‌و مه‌ترسیه‌ک خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ژوانگه‌ی ئاوات و ئاره‌زووه‌کانیان. ئه‌م هێما جوانانه‌ی سروشت، بێخهبهرن له‌وه‌ی که “مرۆڤه‌کان” ئه‌و وه‌رزه پڕ ئاره‌زووه‌ی ئه‌وانیان به وه‌رزی “که‌ڵه‌هه‌رز” واته وه‌رزی راوه که‌ڵ ناوزه‌د کردووه و به هه‌زار مه‌کرو داوو بۆسه خۆیان بۆ کوشتن و له دا‌و خستنی ئه‌و گراوانه(ئاشقانه) ئاماده کردوه.
ئه‌و كاته‌ی که به “كه‌ڵه هه‌رز” ناوی ده‌ركردووه، ماوه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته نێوان رۆژانی 25ی گه‌ڵاڕێزان تا 25ی سه‌رماوه‌زی هه‌موو ساڵێك، ئه‌و ماوه‌یه،كاتی جووتبوونی ئاژه‌ڵی كێویی له توخمی که‌ڵ و بزنه کێوییه.(نێر)ه‌كان كه‌پێی ده‌وترێت (كه‌ڵ) پۆل پۆل به‌شاخه‌كاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن به‌دوای (مێ)یه‌كاندا تا كرداری جووتبوون ئه‌نجام بده‌ن.
ئیتر تامه‌زرۆیی‌و خۆشه‌ویستی که‌ڵه‌كان بۆ بزنه‌كان،واده‌كات زۆر گوێ به مه‌ترسییه‌كان نه‌ده‌ن‌و زیاتر له‌جاران ده‌ركه‌ون، ئه‌وان مت‌و وڕوكاس ده‌بن‌و جگه له‌گه‌یشتن به‌بزنه‌كان، بیر له شتێكی دیكه ناكه‌نه‌وه. ده‌ی ئیتر ناهه‌قیشیان نییه، چونكه ئه‌و بوونه‌وه‌ره جوان‌و ده‌گمه‌نه‌ی سروشت هه‌ر ئه‌وكاته‌ی هه‌یه بۆ تێركردنی غه‌ریزه سێكسییه‌كانی و بۆ (زاوزێ)و خستنه‌وه‌ی وه‌چه!
به راستی ده‌بێ له‌م وه‌رزه جوان و ده‌گمه‌نه‌دا کڕنۆش به‌رین بۆ سروشت و، راو و ته‌قه و چه‌ک و دا‌و وه‌لا بنێین و چاوه‌کانمان پر که‌ین له‌سه‌یر و ته‌ماشای ئه‌و دیمه‌نه جوان و پڕ هه‌ستانه.
جێی داخه له‌م وه‌رزه‌دا که به “که‌ڵه‌هه‌رز” به ناوبانگه، له بڕیک له ناوچه‌کانی کوردستان به تایبه‌ت هه‌ورامان، چه‌ند که‌سانێکی نابه‌رپرس به چه‌کی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت چه‌کی ئوتوماتیک(کڵاشینکۆف و …) بۆ راو و کوشتاری که‌ڵو بزنه‌کێویه‌کان روو ده‌که‌نه شاخه‌کان و بێ گوێدان به هه‌موو پرنسیپه‌کانی ڕاو و ژینگه‌پارێزی و گرینگی وه‌رزی جووتبوونی ئه‌و بوونه‌وه‌ره سروشتیانه، بۆ رابواردن ده‌که‌ونه خوێنرشتنیان و چێژبردن له‌و ئاکاره ناشیرین و قێزه‌ونه‌ی خۆیان.
وه‌ک ئاگادارن، ژینگه‌پارێزانی وڵات و به تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، له سه‌ره‌تای دامه‌زرانیه‌وه بێ ماندووبوون و شێلگیرانه بۆ پاراستنی بوونه‌وه‌ره دارستانی و ئاوژی و کێویه‌کان هه‌وڵیان داوه و سه‌رکه‌وتنی به‌رچاویان به‌ده‌ست هێناوه و گه‌لێک راوچی و نه‌یاری ژینگه هاتوونه‌ته ڕیزی ژینگه‌پارێزان و دۆستانی سروشت و گیانله‌به‌رانی.
جێی خۆیه‌تی له‌م وه‌رزه هه‌ستیاره‌دا(وه‌رزی که‌ڵه هه‌رز!)، هه‌موو لایه‌نگرانی ژینگه و سروشت، بۆ پاراستنی که‌ڵ و بزنه‌کێویه‌کان به‌و په‌ڕی به‌رپرسیاریه‌وه قۆڵی هیمه‌تی لێ هه‌ڵماڵین و به هه‌ر شێوه‌یه‌کی گونجاو که پێمان ئه‌کرێ، ته‌نانه‌ت به کێشک و پاسه‌وانی به‌ر به قه‌ڵاچۆی جوانیه‌کانی سروشت بگرین و نه‌هێڵین که‌سانی نابه‌رپرس، له‌مه زیاتر ژینگه‌که‌مان تووشی خه‌ساری قه‌ره‌بوو نه‌کراو بکه‌ن.
کۆکردنه‌وه: ئه‌مین عه‌زیزی








ثبت دیدگاه