بەدوای بارینی بەفرێکی بەرچاو و دابەزینی پلەکانی تینی گەرما بۆ ژێر سفر ؛ گوزەرانی بوونەوەرانی زیندووی ناوچە ئەکەوێتە بارێکی سەخت و ژیانێکی ئەستەمەوە. لە وەها دۆخێکدایە کە ستارگە و ژینگەی گیاندارانی خۆزا و کۆژی ، بەتایبەتی بالندەکان و زیندەوەرگەلی دەشت ، هەرد و زرێبار تەنگ و بەرتەسک ئەبنەوە. بێجگە لە سنوورداربوونەوەی پەرەی ژینگە خۆکردەکان ؛ دیارە دەستنەکەوتنی خۆراک و بژێویشیان جێگەی تێڕامانە. ئەگەری تیاچوون ، نزیکبوونەوە لە ئاوەدانی ، پەنابردن بۆ ناو چەم و گەرمكئاوەکان بۆ زۆربەی شێوەژینەکانی خۆزا و کێوی فراوان ئەبێت. هەر بەم بۆنەوە ؛ لە هەموو خەڵکی ئەمەگداری ژینگە و سۆزدارانی خۆژییەکان داوا ئەکەین کە : بە داڵدەدان و بەهاناوەجوون ؛ بەرەو پیری ئەم بوونەوەرانەوە بڕۆن. لە پشتەبان ، ڕەشکەنەک ، لێوارەچەم ، تاقەجان و خوزگە جۆراوجورەکانی کۆژینگەی وڵات دانەوێڵە ، سەوزی ، نانەڕەقە ، ئاڵف و … بۆ گیانداران بڕێژن و دابکەن .
زۆر بە پێویستی ئەزانین بەتایبەتیتر لە هەموو مامۆستایانی بەڕێز داوابکەین ، بە سەرەنجدان بە هەڵکەوتی مانگی پیرۆزی مەولوودەوە ؛ لە گشت کۆڕگەل و دانیشتنانی جەژنی مەولووددا ، ئاماژه یش بکه نه سەر وتار و ئەسپاردەگەلی ژینگەپارێزانە و هانا و داڵدەی زیندەوەرانی بێهانا .
ئەنجومەنی گەلڕسکی سەوزی چیا









بەداخەوە
چەن هۆکارێک دەسیان داوەتە یەک و بونەتە هۆی زۆر کز بون و مەترسی لەناوچونی یەکجارەکی گۆلی زرێبار :
– گۆڕانکاری کەش و هەوا و دابەزینی ڕێژی بارین لە ناوچەکە
– لەمپەرە خاکیەکەی بەر چەم پژاو کە گومانی ئەنقەست بونی لەسەرە!
– بێئاوەزی و بێخەم بونی بەرپرسانی قەزاکە و بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی کە ڕیشەیان لەم شار و دیارەدا نییە و کەوا بوو نایشزانن زرێبار یانێ چی!!! نازانن زرێبار هەستی شێعری گەورە شاعێرانی کوردی وەک مامۆستا قانێعی بزواندوە. خەم نەخۆری ئەوانە بوەتە بایس دروست بونی سەدان ماڵە باخی بێکەڵک و بەو هۆیەوەش سەدان بیرە ئاو هەڵکنران و بونە هۆی دابەزینی حەوزە ئاوەکانی بن عەرز.
– هەروەها نەشارەزایی و خەمنەخۆری خەڵک و دانیشتوانی قەراخ گۆلی زرێبار لە بەکارهێنانی شێوەی کشت و کاڵ و ئاواشتن و ڕاگرتنی خاوێنی ژینگە
و . . .