با وریا بین هەموو ناوێک نەبڕین بەسەر ”زرێباری ئارەنگین”دا !!!
بووم= زەوی ، شوێن و ژینگەی بوونەوەرانی زیندوو و گیا و دار .
بوومئاوان ؛ ئاوانبووم= ژینگە ، ستارگە و حەوێنگەی ئاوی بە ئاستی قووڵایی جۆراوجور و پان و بەرینایی جیاواز کە هەموو بوونەوەرانی ئاوژی ، دوستارگەیی ، شیردەر ، پەلەوەر و …ی تێدا بێت . شینایی و سەوزەڵانی تایبەت بە ڕووەکە ئاوی و زۆنگاوییەکان بەشێکی دانەبڕاوی ئەم شوێنانەن .
بە داخەوۆ تا زرێبار بەژن و باڵای پێکەوتوویی بە وێنەی پەیکەرێکی بێکەم و کورت لە ژێر تیشکی خور و تریفەی مانگدا ئارەنگی درەوشانەوەی شکۆدارانەی بە هەر بار و بوار و ڕەخ و ڕوخێکدا ئەبریسکاند ؛ مراوییە باڵنەخشین ، قازیقولنگی دەنووکسوور و دەریابڕەی پۆپندار لە خۆقوڵتاندن لە نێوان ئاو و پاکاوەکانیدا هەرگیز نەیانئەتوانی تا بنکاچی ئاوی چاوگە هەڵقوڵ و سەرتەزێنەکانی بگەن . لوولووپەڕەکان هانایان بۆ پرژەکانی هەتاو ئەبرد تا بەڵکوو سەر لە بارسایی ئاوی پاکاوەکانەوە دەربهێنن . شینەشاهۆی گەردنبەرز و لەقلەقی قولبەرز هەرچەن پێیان دابهێڵایەت نەئەگەیشتنە لم و لیتاو . سنووەکان لەسەر پەڵاسەدا وەک کۆرپەی نێو لانکەی دەسرازەدار بە شنەی بای زەلان ئەکەوتنە هۆملکێی نووستنێکی شیرینخەو . ئەو کاتانە بوو کە زولالییەتی ئاوی زرێبار شانی هەڵئەسوو لەشانی چاوی قرژانگ . ئەوکاتگەلە و پێشتریش ، زرێبار ؛ نە زەلکاو بوو ، نە پەنگاو ، نە زۆنگاو ، نە سووراو ، نە گەنکاو ، نە لێڵاو ، نە لینجاو ، نە ڕەشاو ، نە تەنکاو ، نە … .
بەڵام ئێستە “ڕیشەو بووگە بە ڕیشۆ” ؛ ئەگەر بڕیارە “تالاب” ببڕیەت بە باڵای زرێباردا با ئەو پڕ و پاڵانتانە نەبڕیەن بە باڵایدا .
بەم پێیە ، دەریازەل ، بوومئاوان و ئاوانبووم ، ڕەنگبێت بۆ ”تالاب” ی فارسی [کە لە زووانی هیندی وەرگیراوە و بە واتای ژەنگئاوە . ئاوێک کە لە شێوەی ڕەنگی ژەنگاری مس cuەوە لە کاریگەرییەتی ژیئاوەبەرە(زێئۆپلانکتۆن) و گیائاوەبەرە(فیتۆپلانکتۆن) و ژیلیتاوان(بێنتۆز) ، لێڵاوییەکی بەخۆ گرتبێت .] باش بن و بگرە واتای جوانتر و بەربڵاوتریان ببێت .
پاکاو = ژینگەی ئاوی کە گیا و ڕووەکی زۆر کەم تێدابێت ؛ گیاندارانی ئاوژی و دوستارگەیی و پەلەوەرانی لێوارئاو ، نێوئاو و مراوی تێدایە ؛ قووڵایی لە نیو مێترەوە تا سێ مێتر ئەبێت ؛ پانایی لە چەن سەد مێترەوە تا چەند هێکتار ئەبێت .
پەنگاو = ئاوگلگایەکی تا ڕادەیەک چاڵ و هەر بەریانێکی ئاویی بچووک و نەبەربڵاوە کە لە ئاستی ئێستەی زرێباردا نییە .
دەریازەل – بوومئاوان – ئاوانبووم
دەریازەل= دەریا+زەل (دەریاچە+زەل) .
زۆنگاو= زەوی و شوێنی تەڕایی و ئاودار .
زەل = قامیش ، نەیچە + داڵدەی سەوزەڵان و شینایی ناو ژینگە ئاوییەکان + ژینگە ، ستارگە و هێلانگەی زیندەوەرانی شیردەر ، پەلەوەر ، دوستارگە و … .
زەلکاو= ژینگەیەکی ئاوی کە بە داڵدەیەک لە ڕووەک و گیا داپۆشرابێت و زیندەوەرانی ئاوژی ، دوستارگەیی(دو زیست) ، شیردەر پەلەوەر و …ی تێدابێت ؛ قووڵایی لە نیو مێتر تا یەکونیو مێتر ببێت ؛ ڕووبەرەکەی لە چەندسەد مێترەوە تا سەدان کیلۆمێترە. (هور و برکەی بزرگ) .
سووراو = شوین و زەویی تەڕ و ئاودار کە لە بێپیتیدا بەناوبانگ بێت .
گەنکاو = ئاوگلگایەکی کەمقووڵ و لێڵ کە بارسایی ئاوەکەی کەم و تەنک بێت .
موحەممەدناجی کانیسانانی
ئەوەی ڕاستی بێت لە پێناسە جەهانییەکانی ناساندنی “تالاب”دا واتاو و مانای “‘تالاب”‘ داگرو و شاملی ئەوانەی سەرەوەیە .








ثبت دیدگاه