نەورۆز هاوسەنگیی نێوان تاریکی و ڕووناکی یە، سروشت ماڵاوایی لە ڕۆژانی پڕ سەخڵەتی سارد و سڕی ئەکات و باوەشی بۆ ژیانەوە ئەکاتەوە . بنەڕەتی ئەم جەژنە نێونەتەوەییە لە سروشتەوە گیراوە و کاریگەریشی لەسەر هەموو بوونەوەرەکان دەبێت.
بۆیە پێویستە لە وەها ڕۆژێکدا ئاوڕێکی جیدی لە ژینگەی گۆی زەوی بە گشتی و ناوچەکه به تایبهتی بدەینەوە. قەیرانە ژینگەییەکان دۆخی زەوییان بەرەو ئاقارێکی وەها بردوە کە ئیتر قەرەبوو کردنەوەی ئەستەمە.
نەورۆز دەرفەتی ئاشتی و هەڵمەتی ئاوەدانی یە، سروشت بە شۆڕشێکی سەوز بەرەو پیری خۆشەویستی و پێکەوە ژیان ئەچێت. ئێستا کە لەم دەڤەرەی ئێمە هەڕەشە له ئاشتی دەکرێت و توند و تیژی بوونی دزێوی خۆی پیشان دەدات، جێی خۆیەتی بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا نەورۆزێکی ژینگەیی بەرینە سەر، نەورۆزێک کە پڕ لە ئارامی و هێمنی و ئاشتی خوازی بێت نەک تۆقاندن و ترساندن. جەژنی نێونەتەوەیی واتە شادی نێونەتەوەیی واتە هەست بە بەرپرسیارێتی بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی.
بەم بۆنەوە ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە کەڵک وەر گرتن لەم هەلە، بەردەوام ویستوویەتی نەورۆز هەرچی زیاتر ژینگەیی بکاتەوە .ڕۆشن کردنی ئاگری نەورۆز بە گڕ دانی قەفەسی کەوەکان، بزووتنەوەی چەکی سەوز، ناشتنی نەمام و … نیشانەکانی ئەم ویستە بوون.
ئێستاش بە ئامادە بوونی زیاتر لە سەد ئاوایی مەریوان و سەوڵاوا، لە ژێر دروشمی “نەورۆزانەمان ژینگەیەکی خاوێنە”، ئەمانەوێ نەورۆزێکی سەوز بەڕێوە بەرین.
ئەنجومەنی سەوزی چیا وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ و ئاواتە خوازیی ساڵێکی پڕ لە ئاشتی بۆ هەموو گەلان و ئاوەدانی هەمه لایەنەی سروشت، بە هیوای دەرباز بوون لە گوتاری مانەوە بەرەوە گوتاری ژیانەوەو بەختەوەری، داوا لە خەڵکی ناوچە ئەکات بە ڕەچاو کردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە نەورۆزێکی ژینگەیی پیرۆز بکهن؛
– هاوکار بن بۆ هەڵمەتی خاوێن کردنەوەی شوێنی ژیانتان لە ڕۆژانی 27 و 28ی ڕەشەمە.
– نەسووتاندنی تایەر و شتی تری لاستیکی، له ههموو ڕۆژێکدا و به تایبهت ڕۆژی نهورۆز.
– بە کار نەهێنانی تەقەمەنیی مەترسیدار کە شادی گشتلایهکمان ئهخاته مهترسییهوه.
ئەنجومەنی سەوزی چیا
نەورۆزی ٢٧١٥









ثبت دیدگاه