ژینگە پارێزی ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانی مرۆڤە بۆ پاراستنی سروشت و ئەو ژینگەیە کە تێدا دەژی، لە هەموو دونیا ئەوانەی دڵیان بۆ ژینگە و سروشت لێ ئەدا بە یەک گرتن لە چوارچێوەی ڕێکخراو و ئەنجومەن و گروپ و یا NGOیەکی ژینگەپارێزی ئەو ئەرکە ویژدانی و ئەخلاقی خۆیانە بە جێ هێناوە کە لە بەرانبەر کارەساتە ژینگەیەکان کەوتووەتە سەر شانیان و هەمیشە لە چوارچێوەی بزاڤێکی سمبولیک ئاسا لە پاڵ دام و دەزگا حکومی و پیوەندی دارەکان بە ژینگە و سروشت توانیویان کاریگەری پۆزۆتیڤیان لە سەر پاراستنی ژینگە و جەماوەری خۆیان هەبێ، ئەنجومەنی سەوزی چیایش لە ڕۆژێکەوە دامەزراوە تاکوو ئێستا بە پراکتیک و کردەوە لە پاڵ خەڵکی خۆی توانیوە ڕۆڵی باش لە سەر ڕۆشنبیری ژینگە و پاراستنی ژینگەدا ئەرکی ویژدانی خۆی بە جێ بهێنێت. لە هەموو دونیا ئەرکی NGO ژینگەییەکان یەکەم ئاگادار کردنەوەی دەزگا حوکمی و پێوەندی دارەکان بووە لە سەر کارەساتەکان کە بەرۆکی سروشت و ژینگەی گرتووە و دووهەم بە ڕێکخستنی بزاڤی ڕۆشنبیری و سمبولیکی ژینگەیی توانیویە لە سەر ئاگاداری و هۆشیاری کۆمەڵگاو جەماوەر لە بەرانبەر ژینگە و سروشت ئەرکی ویژدانی و ئەخلاقی خۆی نیشان بدات. ئەنجومەنی سەوزی چیایش بەهەموو ئەو ئاستەنگیانەی لە بەردەمیا بووە تا ڕادەیەکی باش توانیوە نەک لە شاری مەریوان بگرە لە هەموو کوردستان و ئێراندا وەک NGOیەکی ژینگەپارێزی خۆی بناسێنێت. بەڵام بە داخەوە هەر لەگەڵ درووست بوونی ئەنجومەن بمانەوێ و نەمانەوێ کارەساتی ژینگەیی و تێکدان و وێران بوونی ژینگە لە شاری مەریوان گەیشتە ئاساتێکی گەورە و ئەرکی ئەندامانی ئەنجومەنی قورستر لە کاری NGO کرد. خۆشبەختانە ئەنجومەن باش توانی ئەرکی خۆی بە جێ بهێنێ بەڵام لە پاڵ هەموو ئەو دەسکەوتانە هێشتا لە کۆمەڵگای ئێمە ئەرکی ژینگەپارێزی تەنیا رووبەڕووی ئەندامانی چیا دەکرێتەوە.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕێکخراوی ژینگەیی ئەرکدار ناکرێ بۆ پاراستنی ژینگە بەڵکو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوانە وەک دۆستی ژینگە و گیاندارانی ناو ژینگە هەموو ئەوانەی ئەرکی پاسەوانی سروشت لە سەریانە ئاگاداری ڕەوشی ئاڵۆز و کردەوە هەڵەکانی ناحەزانی ژینگە لە بەرانبەر سروشتدا دەکەنەوە.
لە وڵاتی ئێمە جیا لەوەی خەڵک لە سەر بنەمای نا ڕۆشنبیری و نازانستی کردەوەی دژی سروشت دەکا ئەو لایەن و دەزگا حوکمیانەیش ئەرکی پاریزوانی سروشت و ژینگە لە سەریانە هەمیشە کەمتەرخەمی کارەساتەکان بوون و بگرە زۆر جار خۆیان ناڕاستەوخۆ بەشێک لە تێکدەرانی سروشتن. ئاگر تێبەردانی دارستانەکانیش لە ماوەی ئەم چەند ساڵی دوایی مەریواندا ئەرکی زۆری ئیدارەی سەرچاوە سروشتیەکانی خستە سەر شانی ئەندامانی دڵسۆزی ئەنجومەن.
بەداخەوە ئیدارەی “منابع طبیعی” بە پێی پێویست تا ئێستا نەیتوانیوە بەرەنگاری کوژانەوەی ئاگرەکان ببێتەوە و ئەو ئەرکەی ئەوان کەوتە سەر شانی ژینگەپارێزە ڕاستەقینەکانی ئەنجومەنی سەوز کە ویژدانیان ڕێگای پێ نەدان کەمتەر خەم بن لە کوژانەوە ئاگرەکان و لەگەڵ کەوتنەوەی هەر ئاگرێک یەکەم کەس بوون کە چوون بە هانای سروشت و ژینگە و گیاندارانی ناو دارستانەکان.
ئەوەی کە گرنگە بیزانین ئایا تا چ ڕادەیەک دڵسۆزی ژینگەپارێزانی چیا توانیوە لە ئاستی کارەساتی سووتاندنی دارستان کەم بکاتەوە؟ ئایا ئەنجومەن وەک NGO توانیوە لە بنبڕکردن ئاگرەکان ڕۆڵی هەبووبێ؟ سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکان دۆزراونەتەوە؟ تا چ ئاستێک ئەنجومەن ڕۆڵی بووە لەوەی لایەنە پێوەندی دارەکانی ژینگەپارێزی حوکمی، لە ئەرکەکانیان ئاگادار بکاتەوە؟
هیچ کەس ناتوانێ نکۆڵی لە دڵسۆزی و بەرزی ویژدان و ئەخلاقی ژینگەیی ئەندامانی چیا وەکوو NGOیەک بکات و ڕۆڵ و کاریگەری ئەوان لە بەرچاو نەگرێ. بەڵام بە بۆچوونی من بەداخەوە ئەم هەموو دڵسۆزی و زەحمەتە و هەنگاوانەی بەڕێزان هێشتا نەیتوانیوە ئاگرکەوتنەوە بنبڕ بکات و تەنانەت ئەرکی ئیدارە و دەزگا دەوڵەتیەکان وەک ئەرکی خۆیان بۆ پاسەوانی لە دارستان و کوژانەوەی ئاگر ئاگادار بکاتەوە و هەمیشە ئەوان و کۆمەڵگایش بە گشتی ئەو ئەرکەیان ڕووبەووی ئەندامان چیا کردووەتەوە. ژینگە شوێنی ژیانی هەموو تاکێکە و هەمووانیش بەرپرسیارن لە پاراستنی ژیانیان، لێرەدا ئەرکی ئەندامانی چیا وەکوو ڕۆشنبیری ژینگە ئەوەیە کە یەکەم لە ڕووی مەعنەویەوە جەماوەر لە ئاست کارەساتی سووتاندنی دارستان هۆشیار بکاتەوە . دووهەم ئەوەی کە ئەنجومەن بە هەموو ئەو بەڵگە و ئەسنادانەی لە سەر سووتاندنی دارستانەکان وەکوو وێنە و فیلم هەیە بگەیەنێتە بەرپرسان و ئاگاداریان بکاتەوە کە کەمتەرخەمی ئەوان تاوانهو پێداگری بکات لە سەر وەرگرتنی وەڵامی پێویست.
سێهەم ئەرکی ئەنجومەن ئەوە نیە ببێت بە ئاگرکوژێنەوەی دارستان و هەمیشە وەکوو ئەرک هەڵسێ بە کوژاندنەوەی ئاگرەکان. بەڵکوو تەنیا با ئەوانەی خۆیان ویستیان بەشداری کردنە لە کۆنترۆڵی ئاگرەکان وەک بزاڤێکی سمبولیک لە پاڵ خەڵک و ئیدارەی سەرچاوە سروشتیەکان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەشداری بکەن.
بەداخەوە خەڵکی ئێمە هەمیشە وەکوو ئەرک کوژانەوەی ئاگریان خستووەتە سەر شانی دڵسۆزانی ژینگەپارێزی چیا، بە کەوتنەوەی هەر ئاگرێک لە پێشدا لە باتی ئەوەی خۆیان بچن بۆ کوژانەوەی و ئیدارەی “منابع طبیعی” لە ئاگرەکە ئاگادار بکەنەوە یەکسەر بە زەنگدان بۆ چیا ئەو ئەرکە ئەخەنە سەر شانی ئەو بەڕێزانە.
ئەنجومەن ئەتوانێ وەک چۆن بە هەڵمەتی ڕۆژێکم بۆ زرێبار توانی زۆرێک لە خەڵکی شار لە هەڕەشەکانی سەر زرێبار ئاگادار بکاتەوە و خەڵکیش باش پشتیوانیان کرد بە ڕێکخستنی ئەو جۆرە حەرەکەتانە، وەکوو ههمایش پیادەڕهوی بۆ پشتیوانی لە دارستانیش ڕێک بخات و کاریگەریشی لە سەر ئاگادار کردنەوەی لایەنە حکومیەکان بێت.
خهلیل خاوهریان








ثبت دیدگاه