ژینگە و ئەرکی تاک، کۆمەڵگا و دەوڵەت
31 می 2015 - 9:52
شناسه : 116319
بازدید 767
پ
پ

خه‌لیل خاوه‌ریان

بۆ هەر شوێنێک لە سەر ئەم گۆی زەوینە سەفەر بکەین ئەوەی کە یەکجار ئازاری چاوەکانمان ئەدات پیس بوون و کارەساتەکانی دژی ژینگەیە. لە هەڵڕشتنی زبڵ و پلاستیک و خاشاکەوە بگرە تا ئەگاتە بینینی دارستانی سووتاو و شکاندنی لپ و پۆپی درەختەکان و … . ئەم هەموو کارەساتانە لە دە ساڵی ڕابردوو کە کراوە لە دژی سروشت و ژینگە وه‌ک بڵێی لە بنەڕەتا ئەم ژینگەیە هەر وابووە.

گەر لە هۆکاری ئەم کارەساتانە بگەڕێن و باش بیری لێبکەینەوە بۆمان دەر ئەکەوەی هەمووی هۆکاری پێشکەوتنی پیشەسازی و مۆدێرنیسمێکی هەڵەیە کە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ ژینگە و سروشتدا بگونجێنێ. بەڕاستی پیشەسازی وەک دێوێکی دڕندە لە دژی سروشت زۆربەی گیاندارانی وشک و بێ گیان و دارستانەکانی کرودووە بە بیابان.

 

دیارە مرۆڤی سەردەمی مودێرن وەها لە ئەخلاق دوور کەوتووەتوە کە وا دەرئەکەوێ ناتوانێ بە ئەخلاقەوە هەڵس و کەوت لەگەڵ ژینگە بکات. مرۆڤی بێ ئەخلاق ناتوانێ مرۆڤ بێت و سروشتی بە بێ مرۆڤیش سروشت نییە. دونیای سەردەم لە سەر لێواری مەرگ و کارساتەکانا ڕاگیراوە کە بە بەرهەمێنانی نەگونجاو لەگەڵ ژینگە و سروشت بە بچوکترین هەڵەی ژینگەیی گەورەترین کارەساتی ژینگەیی دەقەومێت کە هەزاران ساڵی دیکە قەرەبوو ناکرێتەوە.

پێشکەوتنی پیشەسازی وەها دەسەڵاتێکی زەبەلاحی بە مرۆڤ داوە کە مرۆڤ هێزی وێران کردنی گۆی زەوی و یان کیشوەرێکی(قارە) لە یەک ڕۆژا هەیە. زه‌وی دێرمان(ظرفیت)ی هەڵگرتنی مرۆڤی نەماوە بۆیە پێویستە لە سەر ئەوانەی ژیان بۆیان گرنگە هەر کەس لە جێگای خۆیدا بەشداری پاراستنی شوێنی ژیانی خۆی واتە ژینگەکەی بکات.

مرۆڤ چەند کاریگەری لە سەر وێران کردنی سیستەمی ئیکۆلۆژیک هەیە ئەتوانی دووقاتی ئەویش بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ سروشتا بکا و خۆی وەک دۆستی سروشت بەر بە کارەساتەکان لە دژی سروشت بگرێ. ئەوانەی کە هەست بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر سروشتا دەکەن وەک دۆستی سروشت دەناسرێن و هەموو دۆستانی سروشتیش ئەتوانن ژینگەپارێزێکی لێهاتوو و خاوەن ئاکاری باش بن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ قەیرانە ژینگەییەکان.

سیستەمی ژینگەی گەردوون وەک جەستەی مرۆڤ وایە، هەموو ئەندامانی لەشی مرۆڤ چۆن ڕۆڵ دەبینن لە ئەنجامدانی ئیشێک هەموو پێکهاتە سرووشتیەکانیش پێکەوە باشتر ئەتوانن ببنە ناوەندی ژیان بەخشین بە گیانداران و مرۆڤایەتی. کاتێک بەشێک لە لەشی مرۆڤ ناسازە بەشەکانی دیکەی جەستە راستەوخۆ دەکەونە ژێر ناسازی و کاریگەری ئەو بەشە و ناتوانێ ئەرکی ژیان کردنی خۆی جێبەجێ بکات و مرۆڤیش بۆ ئەوەی زوو لەو ناسازگارییە دەرباز ببێت زۆر جار پەنا ئەباتە بەر پزیشک و دەرمان کە ئەنجامی ئەو ناسازگارییە زۆر جار دەبێتە هۆی مەرگ و یا لە دەس دانی بەشێک لە جەستەی مرۆڤ. سروشتی ئەمڕۆی ئێمەیش بە هۆی کاریگەری هەندێ مرۆڤ کە وەک خۆرەن بۆ سرووشت، سروشتێکێ نەخۆشە و پێویستی بە پزیشکی خۆی و دەرمانی قەیرانەکانیەتی.

ئەوەی کە مرۆڤ خۆی خولقێنەری نەخۆشیە لە سەر جەستەی سروشت و ژینگەکەی ئەبێ بتوانێ بە مرۆڤی ژیر و خاوەن ئەخلاقیش بەر بەو نەخۆشیانە بگیرێ و چارەسەری باشی بۆ قەیرانەکان بدۆزنەوە، ئەگینا ئەنجامی کۆتایی، لە ناوچوونی سروشت و ژینگەیە و مرۆڤیش کە بەشێکە لە پێکهێنەری ئەم ژینگەیە وەک ڕەچەڵەکی دایناسۆرەکان بەرەو لە ناو چوون دەڕوات.

مرۆڤی ژینگەپارێز ئەو کەسەیە کە بە بچوکترین قەیران و ناحەزی بەرانبەر هەموو پێکهاتە سروشتییەکان هەست بە ئەرکی خۆی وەک پارێزەر دەکا و لە خۆیەوە دەس ئەکا بە هەوڵدان بۆ کەم کردنەوە و بنبڕ کردنی قەیرانەکان و بەئاکاری باش سەرنجی کۆمەڵگا و دەزگا و ناوەندە ئەرک دارەکانی ژینگە پارێزی بۆ سەر قەیرانەکان ڕادەکێشێ و ئەتوانێ یاریدەرێکی باش بێت بۆ چارەسەری.

مرۆڤ وەک تاک لە خۆیەوەو وەک تاکیش کە بە شێکە لە کۆمەڵگا لە گەڵ دەوروبەری ئەتوانێ ژینگەپارێزێکی باش بێت. هەندێ ئەرکی ژینگەیی هەیە بە تەنیا ڕووبەڕووی تاکەکەس ئەبیتەوە وەک پاک ڕاگرتنی ئاو و تووڕ نەدانی زبڵ وەک بنێشتی ناو دەم و توێکڵی گوڵەبەڕۆژە. هەندێک ئەرکی دیکە و گەورەتریش هەیە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگا بە گشتی ئەبێتەوە وەک پاک ڕاگرتنی شوێنی ژیان و سەیرانگا و هەموو ئەو شوێنانەی دونیای ژیانی مرۆڤ پێک ئەهێنن. زۆر ئەرکی دیکە و بەگشتی وەک ئیشی تایبەتی هەیە کە بە تەواوی لە سەر شان و سەری ناوەند و دام و دەزگا دەوڵەتیەکانە کە دەبێ درێغی لێ نەکەن وەک ئەوەی ڕێگری بکرێ لەوانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دائەنێن کە لەگەڵ پێکهاتە سروشتییەکان ناتوانێ یەکانگیر بێت و دەبێتە مەترسی بۆ سەر سیستەمی ئیکۆلۆژی گیانداران و مرۆڤەکانی دەور و بەری. لێرەدا مرۆڤ وەک تاک و کۆمەڵگایش وەک هەموو یەکگرتنی تاکەکان ئەتوانن یاریدەر بن لە سەر هاریکاری کردنی ناوەندە دەوڵەتییەکان لەپاراستنی ژینگە و هەموو پێکهاتە سروشتییەکان.

ئەرکی دەوڵەتەکان بەگشتی تەرخان کردنی بودجەی پێویستە بۆ ڕۆشنبیر کردنی کۆمەڵگا لە سەر ژینگەپارێزی و ڕێگەدان و هاوکاری کردنە بە هەموو ئەوانەی هەستی بەرپرسیارەتی ئەکەن بەرانبەر بە ژینگە و سروشت کە بتوانن کاریگەری باشیان لە دروست کردنی کۆمەڵگایەکی ژینگەپارێز هەبێت. دەبێت دەوڵەتەکان بە گشتی و لە پاڵ یەکدا خاوەن میکانیسمێکی گونجاو و یەکانگیڕ بن لە سەر قەیرانە ژینگەییەکان چون کێشە و قەیرانی ژینگەیی هیچ کات سنوور ناناسێ لە هەر جێگایەکی گۆی ئەم زەوینە قەیران هەبێ کاریگەری و ئەنجامی بۆ باقی شوێنەکان دەبێ. تاکێکی ژینگەپارێز لە ناو کۆمەڵگایەکی ژینگە پارێز ئەتوانێ لە پاڵ ناوەندە ئەرکەدارەکان بەر بە هەموو قەیرانە ژینگەییەکان بگرن و ژینگە و زەوی لە قەیران ڕزگار بکەن.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.