خهلیل خاوهریان
منداڵان بەشێک لە کۆمەڵگان کە هەمیشە ئاژەڵ و دار و سروشتیان خۆش دەوێت و حەز بە هاوڕێیهتییان دەکەن و زۆر ئامادەییان تێدایە کە زوو لەگەڵ سروشت و بە تایبەت ئاژەڵان پێوەندی بگرن.
رۆڵەکانی ئێمە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەز بە ئاو و خاک دەکات و بە یاری کردن لەگەڵ ئەو دوو هێمانە (عنصر) سروشتییە ئەتوانن لەگەڵ سروشت پێوەندی بگرن و گرنگیشە ئێمە بتوانین ئەو هەستە جوانە تا تەمەنی سەرەوەی ژیانیان بهێڵینەوە. هەستی پاکی منداڵ بۆ ئاژەڵان و پەلەوەرانیش دەری دەخات کە هەڵس و کەوتی ساکار و جوانی منداڵ جگە لە ڕابواردن و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش ئەتوانێ ببێتە هۆی دروست بوونی خۆشەویستی منداڵ بۆ سروشت و هەموو گیانلەبەرانی.
لە ڕاونگەی ئیکۆلۆژیکی چەند تایبەتمەندییەک چینی مناڵ لە چنیەکانی دیکەی کۆمەڵگا جیا دەکاتەوە؛
- منداڵە زۆرترین پێکهاتەی دهستهی مرۆڤایەتین، زیاتر لە 30% حەشیمەتی جیهان منداڵانن و بگرە لە زۆربەی وڵاتە جیهان سێهەمەکان 50%ی کۆمەڵگان.
- منداڵان چینی داهاتووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین ئهوان بەشی ئەرکداری پێوەندی چینی هەنووکە و چینی داهاتووی مرۆڤایەتین.
- منداڵان ئەو بەشەن کە کەمترین بەشدارییان لە بڕیاردانە ژینگەییەکانی ئەمڕودا هەیە.
- منداڵان بەشی زۆری مرۆڤایەتین کە دەکەونە بەر هەڕشەی قەیرانە ژینگەییەکان و زەزەرمەند دەبن.
- منداڵان گەورەترین بە کار هێنەرانی خۆراک و وزە و پەروەردە و هێزی سروشتی سەردەمی ئێستای کۆمەڵگان.
بە داخەوە زوو زوو لە میدیاکانەوە گوێ بیستی لەناو چوونی منداڵان بە هۆی کارەساتە ژینگەییەکان لە هەموو کون و قوژبنی زەوی دەبین کە دەسدرێژی کردن بۆ سەر پێکهاتە سروشتییەکان هۆکاریەتی. ساڵی ۱۹۹۰ی زایینی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگەپارێزی (UNEP) لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناوی “ژینگە و منداڵ”، بە سەردێری دەسدرێژی کردن بۆ سەر ژینگە مەرگی منداڵانی لەگەڵ دایە سەرنجی دایە سەر قەیرانە ژینگەییەکان و مەترسییەکانی بۆ سەر ژیانی منداڵان. لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە کردن بۆ سەر کارەساتە ژینگەییەکان و خراپ کردنی دۆخی تەندروستی و ژیانی منداڵان توانی تا ڕادەیەک سەرنجی هەموو وڵاتەکان بۆ سەر کارەساتەکان ڕابکێشێت.
لە وڵاتانی جیهان سێهەم ساڵانە زیاتر لە چوارده میلیۆن منداڵ بە هۆی خواردنەوەی ئاوی پیس و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و ژینگەیی گیانیان لەدەس ئەدەن و زیاتر لە سێ میلیونیش مڤرۆ(معلول) ئەبن. ئەمە لە کاتێکدایە کە یهک میلیۆن کەس لەم منداڵانە بە بەکار هێنانی ڤاکسن و دابین کردنی خۆراک و شیر و قەترەی خۆراکی و پروگرامی گونجاوی ژینگەیی ئەتوانن لە مردن ڕزگار بکرێن و پیس بوونی هەوایش ساڵانە دوو ملوێن منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ لە بەر هەڵمژینی هەوای پیس دەکاتە قوربانی*.
مادام لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا منداڵان چینی گهورهی زەرەرمەندی کارەساتە ژینگەییەکانن، پێویسته کە بەرێوەبەرانی داهاتووی زەوی بە پەروەردەیەکی تۆکمە و زانستیی تۆخ بۆ بەرەنگار بوونەوەی قەیرانی گهورهی ژینگه ئاماده بکرێن. هەموو منداڵێک بە پێی پلەبەندی دونیایی ژیانی لە سێ جێگادا ناڕاستەوخۆ ئەکەوێتە بەر شاڵاوی کارەساتە ژینگەیی و کاریگەری لە سەر هەموو ژیانی دائەنێ.
- یەکەم جێگا باوەشی دایک و باوک و ناو خێزانی منداڵە، منداڵ کە بەشێکە لە خێزانی تایبەتی خۆی ئەگەر لە ناو ماڵدا ئاسایشی ژینگەیی تایبەت بە ژیانی وەک خۆراکی پاک و پێداویستی تەندروستی و بێهداشتی و پێداویستی جل و بەرگی باشی بۆ دابین نەکرێ ئەوا کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی دەبێت.
۲- کۆمەڵگا و ئەو شوێنەی منداڵی تێدا گەورە دەبێ، هەموومان بەشێک لە شار یا گووندین و لەم دونیایەی ژیانمان ژینگەیەکمان هەیە کە گشتمان لە ئاستی بەرپرسیارین. ئەگەر لە ناو شار و کۆمەڵگاکەمان بایەخ بە ژینگە نەدرێت منداڵان ئاسایشی ژینگەییان دابین نەکرێ کارەساتەکان دەگوازینەوە بە داهاتوو. لە ناو قوتابخانە و شار وگوندو شەقام و هەموو ئەو شوێنە گشتییانەی مرۆڤ هاتوو وچۆی بۆ دەکا پێویستە پێداویستی بێهداشتی و تەندروستی دابین بکرێت و ژینگەییەکی تەمیس و خاوینی بۆ برەخسێت تا زەرەرمەند نەبین.
- گۆی زەوی بە گشتی وەک ماڵی سێهەمی مرۆڤ و هەموو گیانلەبەران شوێنی ژیانی ئێمە و منداڵانە. کارەساتی وەک وشک ساڵی و گەرم بوونی گۆی زەوی و نەبوونی کەش و هەوایەکی خاوێن و کون بوونی لۆیەی(لایەی) ئۆزۆن مەترسییەکانی سەر ژیانی مرۆڤ و بە تایبەتی منداڵانن.
ئەرکی دایک و باوک و قوتابخانە و هەموو کاربەدەستە دوڵەتییەکان ئەوەیە بە باشی خۆیان لە سەر پاراستنی ژیانی منداڵان و هۆشیاری ژینگەیی ڕێک بخەن و هەوڵ بدەن پەروەردەی ژینگەیی و تۆمی دۆستایەتی لەگەڵ سروشت لە ناخ و ڕۆحی منداڵاندا جێگیر بکەن و کەسایەتییەکی ژینگە پارێز و تایبەتمەند بۆ داهاتوو بونیاد بنێن.
باشترین جێگرکردنی هەڵسوکەوتە چاکەکان بە شێوازی پەروەردەی پۆزۆتیڤی منداڵانە. پاراستنی ژینگەیش پەروەردەیەکی پێویست و ئیجبارە کە دەبێتە هۆی دروست بوونی باوەڕێکی دەروونی منداڵ بە سروست و ژینگە و دروست بوونی باۆڕی دەروونی منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ هەمێشە وەک پارێزەرێکی ژینگە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتە سروشتییەکانا بکا و چێژیشان ڵێ وەربگرێ.
دایک و باوک وەک ئەرکدارترین کەسی منداڵ کە پەروەردەی منداڵ ئەکەوێتە ئەستۆیان ئەتوانن ڕۆڵی کاریگەریان بێت لە دروست کردنی کەسایەتی منداڵانیان کە بتوانن کەسایەتییەکی ژینگەپارێز و دۆستی سروشت بن. بۆ وێنە دایک و باوک ئەتوانن بە چاندنی نەمام بە ناوی منداڵەکانیانەوە هەستی خۆشەویستی ئەوان بۆ باخچە و درەخت و سەوزایی لە دەروون و ڕۆحی منداڵانیان دروس بکەن و گرێداروی خۆشەویستی سروشتیان بکەن.
پەروەردەی ژینگەیی منداڵ و دروس بە کارهێنانی ئامێرەکانی وزە وەک ئاو و کارەبا لە تەمەنی منداڵییەوە ئەتوانی کەسایەتی منداڵ باش وەک خۆشەویستی ژینگە بگوازێتەوە بۆ داهاتوو و باشترین کاتیش بۆ ئەو پەروەردەیە کە خۆمان بتوانین لەگەڵیان بەشداری چالاکیەکی ژینگەیی ببین. بۆ وێنە هەڵگرتنی زبڵی وەک پلاستیکێک بە بەرچاوی منداڵەکانمانەوە لە کاتی پیاسە کردن و روون کردنەوەی خراپی بوونی پلاستیک و زبڵ لە ناو ژینگەدا ئەتوانێ بە شێوەیەکی زۆر پۆزۆتیڤ کاریگەری لە سەر منداڵ دابنێت و هەستی بەرپرسیارەتی لە ڕۆحی ئەودا دروست بکات کە منداڵ هیچ کات زبڵ تووڕ نەداتە ناو شەقام و رێگا و ژینگە.
پێویستە هەموو کات منداڵانمان لە گرنگی پاک بوونی ژینگە و هەموو پێکهاتە سروشتییەکانی ژینگەمان ئاگادار بکەینەوە و هەندێ جاریش خۆمان کەشێکی وا بۆ منداڵەکانمان بخولقێنن کە پرسیاری ژینگەیمان لێ بکەین تاکوو زانیاری ژینگەییان فراوان بێت.
منداڵ چەند ئاگاداری خاوێنی ژینگە بێت ئەوەندەیش ئەتوانێ خۆی لە مەترسییە کوشندەکانی ژینگەی پیس بپارێزێ و باش مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکان بکا.
*سهرچاوهی ئامارهکان UNEP








ثبت دیدگاه