وەتەن چاوی لێمانە     دەری کەین لە تەنگانە
13 ژوئن 2015 - 1:51
شناسه : 116471
بازدید 156
پ
پ

پاراستنی ژینگە، پاراستنی نیشتمانە
لە سەرجەم نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ڕەنگە کورد زۆرترین پێوەندی لەگەل سروشتدا بووبێت. چیا سەرکەشەکانی کوردستان پەناگای مرۆڤی کورد بوە بۆ خۆ پاراستن لە ڕووداوە سروشتییەکان و هێرشی دەرەکی. شوێنێکی دەوڵەمەند بوە لە ئاژەڵە کێوییەکان و بژێوی ژیانی مرۆڤی سەرەتایی، کاتێ مرۆڤ فێری کشت و کاڵ بوە کوردستان باشترین زەوییەکانی بوە بۆ بەرهەمهێنان بە هۆی جوغرافیای تایبەتی ناوچەوە بەردەوام لەگەل سروشتدا پێوەندی بوە. سروشت لە خەون و شیعر و گۆرانی و چیرۆک و رۆح و ڕەوانی کورد دا بوونی هەیە. لە شۆڕشی نەتەوەیی کورددا، دیسانەوە شاخ و سروشت وەک باوکێکی بەهێز بوونە پشتی سەرهەڵدانی نەتەوەیی و وەک دایکێکی دڵ فراوان باوەشیان بۆ خەڵکی کورد کردەوە. بەم شتانەو زۆر شتی تر کە ڕەنگە باس کردنی لە تاقەتی ئەم بابەتە دەرچێ، دەردەکەوێ کە نەتەوەی کورد زیاتر لە هەموو نەتەوەیەک قەرزاری سروشتە.
بەڵام سەد مەخابن ئێستە ئەم سروشتە پێویستی بە یارمەتی ئێمەیە! شاخەکانی ناوچەی پێنجوێن لە چەندین لاوە کەوتوەتە بەر تەوژمی ئاگر و بێڕەحمانە خەریکە دەیکاتە خۆڵەمێش. جەماوەری بە شەرەفی کوردستان، دانیشتوانی باشووری نیشتمان ئاگادار بن خەریکە سروشتمان لانکەی هەزاران ساڵەمان دەسووتێ، کەلتوور و مێژوومان هێرشی کراوەتە سەر. لە ئاوەها باروودۆخێکدا بێدەنگ بوون و دانیشتن ڕەوا نییە، ڕەوا نییە دارستانەکان لە گڕی ئاگردا بن ئێمە خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان بین.
بۆیە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا داوا لە دانیشتوانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بە تایبەت شارەکانی پێنجوێن و سەی سایەق و ئاواییەکانی دەورو بەری ئەکەین بە هانای دارستانەکانی ئەو دەڤەرە بکەون. ئێستا لە شیوە گوێزانی مەسۆ، هەڵاڵاوا و هەر وەها گۆخڵان واتە لە سێ خاڵەوە ئاگر بەر دراوەتە دارستانەکان. هاوڕێیانی ئێمە لە نیوەڕۆی هەینی (٢٢ی جۆزەردان) ەوە لە نزیک گۆخڵان خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرن، بەڵام بە هۆی زۆر بوونی ئاگرەکەوە فریای شوێنەکانی تر ناکەون.
هاونیشتمانیانی ئازیز ئێستا کە وڵات لە لایەکی ترەوە کەوتوەتە بەر هێرشی ناحەزان با ورە بین بۆ ئەوانەی لە بەرەی شەڕن، بۆیە تکاتان لێ ئەکەین بە هەر شێوەیەک بۆتان ئەکرێ بەرەنگاری ئەو ئاگرانە ببەنەوە، کەرامەت و شەرافەتی ئێمە هەڵگری ئاوەها باروودۆخێک نییە، مێژوو لەسەرمان دادوەری دەکات، با لە حەنای نیشتماندا سەر بەرز بین.
ئەنجومەنی سەوزی چیا
جۆزەردانی ٢٧١٥

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.