دیسانه‌وه زاگرۆس که‌وتوه‌ته به‌ر په‌لاماری ئاگر.
زنجیره چیای زاگرۆس، ژینگه و ماوای هه‌زاران ساڵه‌ی مرۆڤ، وه‌ک دایکێکی ده‌هه‌نده و دلۆڤان له‌نێو دڵ و داوێنی پڕ به‌خششی خۆیدا، ژیانی با و باپیران و نه‌وه‌کانی ئێمه‌ی پاراستووه و سه‌رچاوه‌ی ئاو و ئاوه‌دانی و ژینگه‌ی ده‌یان هه‌زار جۆر رووه‌ک و گیانله‌به‌ر بووه‌و وه‌ک چه‌ترێکی سروشتی له‌به‌رامبه‌ر پیس بوونی هه‌وا و ته‌پ و تۆز و ژه‌هر و کاره‌ساتی سروشتی و ناسروشتی، سینگی خۆی کردوه‌ته قه‌ڵغان و به‌دڵفراوانییه‌وه تا ئه‌مڕۆ ژیان و ژینگه‌مانی پاراستووه.
به داخ و که‌سه‌رێکی گرانه‌وه ئه‌م زاگرۆسه سه‌ربه‌رزه‌ی نیشتمان، سه‌ره‌ڕای هه‌زاران زامی نه‌زانکاری و نابه‌رپرسانه‌ی مرۆڤ، ئه‌مڕۆ تووشی ئاگرێک له نه‌زانی و سته‌می ناڕه‌وا بووته‌وه‌و زۆری نه‌ماوه به سووتانی هه‌موو سه‌رسه‌وزی و دارستانه‌کانی، سه‌رپاکی ماوا و ئاسایشی ژیانی مرۆڤ و رووه‌ک و گیانله‌به‌رانی دیکه‌ی به یه‌کجاری ببێته خۆڵه‌مێش.
له کۆتاییه‌کانی مانگی گوڵانی ئه‌مساڵه‌وه له‌ده‌یان شوێن له دارستان و له‌وه‌ڕگه‌کانی زاگرۆس، به تایبه‌ت له‌ناوچه‌ی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا، ئاگری گه‌وره که‌وتوه‌ته‌وه و خه‌سارێکی زۆر و قه‌ره‌بوو نه‌کراو به‌ر ئه‌و ژینگه‌و سروشته که‌م وێنه‌یه که‌وتووه.
بۆیه ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، وه‌ک هه‌ست به به ر‌پرسیارییه‌تی و ئه‌مه‌گناسی بۆ نیشتمان، هوشداری ده‌داته بیر و ڕای گشتی و هه‌موو به‌رپرسانی ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوچه و پارێزگا و سه‌رانسه‌ری وڵات،که ئه‌م قه‌یرانی ئاگر که‌وتنه‌وه‌ی دارستانه له زاگرۆس، به تایبه‌ت مه‌ریوان و سه‌وڵاوا، گه‌یشتوه‌ته ڕاده‌یه‌ک له وێرانکاری که ئیتر هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێ و هه‌موو لایه‌ک له‌هه‌مبه‌ر ته‌نانه‌ت ئاگرێکی بچووکیشدا به‌توندی به‌رپرسیارن. به‌م بۆنه‌وه؛
- له هه‌موو به‌رپرسانی ئیداری و یاسایی داواکارین تا له زووترین کاتدا بۆ کونترۆڵ و کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌کان و دۆزینه‌وه‌و راگه‌یاندن و سپاردنی به یاسای تاوانبارانی ئه‌م کاره‌ساته، هه‌نگاوی به‌په‌له‌هه‌ڵ بگرن و ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆیان که پاراستنی سروشت و ژینگه و ئاسایشی ژیانی سروشتی له‌زاگرۆسدایه، به‌جێ بێنن.
- له‌هه‌موو میدیا و ڕۆژنامه نووسان و هه‌روه‌ها گشت نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و لایه‌نه مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگییه‌کان داواکارین،ئه‌رکی مرۆڤی، پیشه‌یی و فه‌رهه‌نگی خۆیان به‌جێ بێنن و له هه‌مبه‌ر ئه‌م خه‌ساره گه‌وره و ژینۆسایده سه‌وزه بێ ده‌نگ نه‌بن و ده‌نگیان بخه‌نه پاڵ ناڵه‌و زریکه‌ی ئه‌و گیانله‌به‌ره هێلانه‌و کولانه سووتاوانه‌و به‌رپرسیاره‌تی و دڵسۆزی نیشتمانی خۆیان فه‌رامۆس نه‌که‌ن.
- له‌هه‌موو دانیشتوانی ناوچه‌ی زاگرۆس به‌گشتی و خه‌ڵکی شار و گونده‌کانی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا به‌تایبه‌تی داواکارین، بۆ پاراستنی سروشت و ژینگه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ی ماوا و نیشتمانی باو و باپیرانمان هه‌ستیارتر بن و هه‌رچییان له‌ده‌ست دێ بۆ پارێزگاری له‌دارستان و ژیانی سروشتیی ناوچه‌که درێغی نه‌که‌ن و بۆ نه‌هێشتنی ئاگری دارستان و له‌وه‌ڕگاکان هاوکار و یاریده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا بن.
له‌کۆتاییدا؛ ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا راده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای هه‌موو له‌مپه‌ڕ و کارشکێنی و مه‌یدانی مین و نابه‌رپرسیاره‌تییه‌ک، به هه‌موو توانایه‌که‌وه بۆ پاراستن و پارێزگاری له ژینگه و ژیانی سروشتی و سه‌رسه‌وزی دارستانه‌کانی ناوچه له هیچ هه‌وڵ و هه‌نگاوێک درێغی ناکات و ئه‌وه‌ی بکرێت و پێویست بێت ئه‌نجامی ئه‌دات.
ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا
جۆزه‌ردانی 2715








ثبت دیدگاه