خهلیل خاوهریان
شاری مەریوان لە جوانی و سروشتا بێ وێنەیە جوانی و زوڵاڵی زرێبار و سەرسەوزی دارستان و سەرکێشی چیاکانی هەورامان و چل چەمە، گەنجینەیەکی گەورەی جوانین کە ناوبانگی مەریوان دەگەیەنێتە بە هەموو ئەوانەی مەریوانیان بینیوە و ناوی مەریوانیان بیستووە. ئەگەر لە هەر شارێکەوە کە دەکەوێتە سەر رێگای مەریوان ڕووی سەفەر و گەشت لە مەریوان بکەی وێڕای سەختی و پێچ و پەنا و خراپی جادە و ڕێگا و بانی مەریوان ئەوە سروشت و جوانی و سەرسەوزی و خۆشی چیا سەرکەشەکانە کە ناهێڵێت ماندوو ببین و چێژ لەو سەفەرە بگرین. بەڵام کاتێک دەگەیتە ناو شار ئەوەندە نالەباری شار و خراپی شەقام و کوچە و کۆڵان و دیتنی شتی نەشیاو دەبینین و بۆ دەکەین و دەبیسین کە هەموو جوانی سروشت و خۆشیەکانی مەریوان پەردەپۆش دەکات. نەبوونی خزمەتگوزاری و پارکی جوان و کوچە و کوڵان و پیادەڕەوی باش هەمووی بە جێی خۆی و لە بیر خۆمانی دەبەینەوە تەنیا وەک گلەییەک با رووبەڕووی ویژدانی شارەداری و شۆرای شار بێت. لەم وەرزی گەرما و هاوینە ئەوەی کە زۆر ئازاری خەڵکی شار و تهنانهت ئەوانەی وا خۆیان بە بەرپرسیاری شار دەزانن زبڵدانەکانە کە هەر کەس لە لای ئەو زبڵدانانەوە تێپەڕێت لە بۆگەنا مێشک و دڵی خەریکە بتەقێ. نامەوێ لێرا تەنیا بڵێم ئەمە خەتای شارەداری و سپوورە زەحمەت کێشەکانی شارەدارییە بەڵکوو بە گشتی هەموومان بە دوکاندار و دەسفرۆش و هەموو ماڵەکان تاوانبارین و خۆمان ئەو بۆگەنە ئەکەین بە لووتی خۆمانا.
بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران(وزارت کشور) ساڵانە لە تەواوی ئێرانا ۲۰میلوێن تۆن زبڵ درووس ئەبێ و هەر یەک کەس ڕۆژانە ۷۰۰ گرەم بەرهەم دێنێت. ۲۰ لە سەدی ئەم زبڵانە لە دێهاتەکان و ۸۰ لە سەدیشی لە شارەکانا بەرهەم دێت بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە تەنیا ۲۰ لە سەدی ئەو هەموو زبڵانە دووبارە ئەگەڕێنرێتەوە بۆ ناوەندە بەرهەم هێنانەکان.
نامەوێت لێرا باسی ئامارەکان درێژە پێ بدەم بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە هێشتا کلتوری زبڵ ڕشتن و گەراندنەوەی ئەو زبڵانەی دووبارە ئەتوانرێن وەدۆزین(بازیافت) بکرێن فێر نەبووین و حەتا فێر نەبووین زبڵی تەڕ و وشک لە یەک جیا بکەینەوە.
لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هەموو ماڵێک چوار زبڵدانیان هەیە بۆ جیا کردنەوەی زبڵەکان، بەداخەوە لێرە زۆر شتمان هەیە کە ناچنە خانەی زبڵەوە ئەتوانین بە گەڕانەویان بۆ ناوەندی بەرهەمهێنانیان دووبارە کەڵکیان لێ بگرینەوە و زۆر کەسیش ئەتوانن لە سەر داهاتی گەڕانەوەی ئەو زبڵانە دووبارە کار بکەن و بە داهاتێکی باشەوە خەرجی ژیانیان دابین بکەن بۆ نموونە کاغەز و ویرە(فلز) و شیشە و پلاستیک ناتوانین بلێن زبڵن و دەبێ تووڕ بدرێن بەڵکو بە دووبارە وەدۆزین کردنیان ئەتوانین لە هۆتەوبەرەی(هزینە) ڕۆژانەمان کەم بکەینەوە و ببینە هۆی ئەوەی کەمتر زیان بە سروشت بگات و کەمتریش لە سەرچاوەی سروشتی ئەو شتانەی کە زبڵ نین کەڵک بگیرێت بۆ بەرهەمی دووبارەی ئەو شتانە.
بوونی زبڵ و چۆنیەتی هەڵگرتنی و دوور خستنەوەیان لە ژینگەی مرۆڤ لە وڵاتی ئێمەیش پێویستی بە ڕێگا چارەی ڕاست و کلتور سازی باش هەیە. زبڵ ئەتۆانی وەک تەڵای سپی وابێ ئەگەر باش وەدۆزین بکرێتەوە بەڵام تووڕدان و دوور خستنەوەی زبڵ ئەتوانێ کاریگەری خراپیشی ببێت لە سەر پیس کردنی ژینگە و هەوا بڵاو بوونەوەی بۆنی ناخۆش و نەخۆشینی خراپ لە سەر گیانداران بە گشتی.
باشترین ڕێگا چارە بۆ هەڵگرتنەوە و دوور خستنەوە زبڵ ئەوەیە فێر ببین چ لە شوێنی ئیش و چ لە ناو ماڵا زبڵەکان لە یەک جیا بکرێنەوە و ئەو زبڵانەی وا بۆنی ناخۆش دروس دەکەن بخرێنە ناو دلقی (نایلون) تایبەتی و درگای ببەسترێ و پاشان بە شێوەیەکی باش بە بێ ئەوەی دلقەکە بدڕێ لە ناو زبڵدانەکان دابنرێ چوون بە تووڕدانیان بۆ ناو زبڵدانەکان دلقەکە ئەدڕێت و بۆنەکە هەموو زبڵدانەکە و دوور و بەری خۆی بۆگەن ئەکا.
بەداخەوە زۆربەی زبڵدانەکانی مەریوان کێشەی بۆگەن بوونیان لە ڕادە بەدەرە و زۆر جار ئەوەندە بۆنی زۆرە لە دوورەوە مرۆڤ بێتاقەت ئەکات. جیاکردنەوەی زبڵی تەڕ و وشک لە یەکدی دەبێ لە ناو ماڵەکانەوە بکرێ بە کلتور و شارەداریش زبڵدانی جیایان بۆ دابین بکات و ئەو زبڵدانە سەربەتاڵانەی کە بۆگەن دەکەن بگۆرێن بۆ زبڵدان سەردار و هەموو حەوتوویەکیش چەند جار پێویستە زبڵدانەکان بشۆرێن.
بەداخەوە هێشتا لە شارێکی وەکوو مەریوان جیا لەوەی هیچ نەکراوە بۆ جیاکردنەوە زبڵەکان خەڵک و دوکاندارەکان فێر نەبوون زبڵەکانیان تووڕ نەدەنە ناو پیادەڕەو و شەقام و ئاوەڕۆکان. ئێواران دوای داخستنی دوکانەکان ئەگەر لە ناو گوزەرەکەو تێپەڕن بە چاوی خۆتان ئەبینن کە ئەو دوکاندارانە چەند بە ناشیرینی کارتۆن و زۆربەی زبڵەکانیان هەڵڕێژنە بەر دوکانەکانیان تا سپورەکانی شارەداری کۆیان بکەنەوە و یا ئەگەر لە لای گیافرۆش و میوەفرۆشەکانی جەنگەڵبانی قەدیم تێپەڕی سەیری ناو جەدوەل و ئاوەڕۆکان بکەی یەکسەر لە میوەی گەنیو و سەوزی خراپ پڕ کراوەتەوە و بۆگەنی کردووە.
پێمان خۆش بێ یا ناخۆش هێشتا لێرە کلتوری شارنشینی جێ نەکەوتووە مەریوان لە ئاست خاوێن بوون و جوانی هیچکات ناتوانی وەک گوندیش وابێ بە خۆشحاڵیەوە دێهاتەکانمان زۆر باشترن. مەریوانییەکان بە گشتی خۆمان بە خاون شار نازانین هەموومان تێکڕا خەریک وێران کردنی جوانیی شارین. نە شەقامەکانمان شەقامە، نە پیادەڕەومان پیادەڕەو و نە پارکەکانمان پارکە و بەگشتی نە خۆیشمان شارومەندێکی باشین و نەشارەکەیشمان شارە. شاری جوان و ڕێک و پێک پێویستی بە شارومەندی باش و خاوەن پرنسیبی باش هەیە. حەیفە ئەو هەموو جوانییەی سروشتمان بە شارێکی پیس و ناشیرین نیشان دەرەوە بدەین با هەموومان لە خۆمانەوە دەس پێ بکەین.









ثبت دیدگاه