وتوووێژ لەگەل یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا
ئامادەکردنی: شیلان ساڵحی
تەمەنێکی کورت و هزرێکی بەرین! تەمەنێکی کورت و هەستێکی پارا و قووڵ!
ئاخۆ هۆکاری جریوەی پڕسۆز و سەما شێتانەکەی باڵەندەکانی ئاسمانی دونیا سووتاوەکە تۆ نەبی؟ بڵێی وێڵی شوێنی تۆ نەبن؟ ئاخر ئەوان ئەزانن تۆ ئەتوانی ناخی ئاگر بخنکێنیت و بیدەیت بە عەرزا و جەستەی زەرنەقووتە فڕاوەکانیان لەو ڕەشە دووکەڵە بسێنیتەوە تاکوو هەتا هەتایە بەسەریانا شین بگێڕن. ڕۆحی کام داربەڕووە سووتاو لە هەناوتا هەڵقوڵاوە کە ئاوا بە پەرۆشی بۆیان؟ هاوڕێ تنۆکێ لەو ڕۆحە بە سەر شاری مردووەکانیشا بپژێنە بۆ شەفا!
نعمەت قادری ئەندامی کومیتەی هونەری ئەنجومەنی سەوزی چیا، بەرپرسی تیمی شانۆی مناڵانی ئەنجومەن کە تا ئێستا چەندین شانۆی ژینگەیی بە بەرپرسیارەتی ئەو لە ناوشار و ئاواییەکانی مەریواندا بەڕێوە چوە.
- سڵام کاکی برا
منیش سڵاوت لێ ئەکەم، سڵاوێک به بەرزی باڵای ناحەزی دووکەڵی سەر ڕۆچنەی شارەکەم.
- خۆت ئەناسێنی پێمان؟
20 ساڵە نعمەتێکی سەرشێتی ئەم شارەم، دووکەڵی دڵی شارەکەم (مەریوان) دڵی منی قانگ داوه.
- بۆچی ئەچی بۆ کوژاندنەوەی ئاور؟
ئێمە ناچینە سەر ئاور بەڵکوو ئەوە ئاورە تەپ ئەداتە سەر ئێمە و لەشمان ئەسووتێنێت.
- کاتێ ئاگادرت ئەکەنەوە کە دارستانێ ئەسووتێ هەست بە چی ئەکەی؟
کەس ئاگادارم ناکاتەوه، من خۆم بەر له هەموو کەسێک ئەزانم که ئاگر له کوێدا چەپۆکی دایاوە. چونکه “داربەڕوارەکان” بانگم ئەکەن. “قووچه لووس” قیڕاندی به ناو شاردا. بیریشم بازێکی دا، وتی پێم زووکه با دارێکی کەمتر بسووتێت. منیش زرێبارم هەڵگرت و هەتا لای دارگۆیژەکەی ناوملان هەڕام کرد. باوشم کرد به باڵای سووریدا و سەر تا پای ڕووشاندم.
- ئەگەر بیرەوەرییەکی تاڵ و ناخۆشت لە ئاگرکوژاندنەوەیەکدا هەیە، پێمان خۆشە بیگێڕیتەوە بۆمان!
ئه و پرسیاره هەڵەیه! وەک ئەوەته بڵێیت؛ بیرەوەرییەکی ناخۆش له ناو پرسەی بنەماڵەکەتان! من کاتێک خوشکەکەم “دار شیلان” ئەسووتێت تەنیا ئاهی سەرد هەڵئەکێشم بەڵکوو فێنکی بێتەوه.
- چ پەیامێک ئەنێری بۆ ئەو هاوڕێیانەت کە لە ئاگر کوژاندنەوەدا لەگەلتان؟
ببووره! بەڵام ئەوانه هاوڕێم نیین بەڵکوو هەر هەموویان خودی “من”ن. له خۆم ئازیزترن چونکه ئەوان گۆچانی دارستانن.
- چ قسەیەکت هەیە بۆ ئەو هاوتەمەنانەت کە نایەن بۆ بەرەنگاری لە ئاگرکانی دارستانەکەیان؟
تەمەن گرینگ نیه. تەنانەت تەمەن13 ساڵ هاتووەته سەر ئاگر. ئەوانەش که نایەن، داواکارییان لێ ناکەم که بێنه سەر ئاگر تەنیا داواکارم لێیان “5 خولەک ” له گەل ویژدانی خۆیانا قسه بکەن، هەر ئەوەندە. - ئەم شتانە لای تۆ چی ئەگەیەنن؟
- دارستانی سووتاو: دایکی ڕەشپۆش.
- ئاگر: بۆ ئەوەی “ئاگر” بکوژێنینەوه ئاگرمان پێویسته، ئاگری خۆشەویستی، خۆشەویستییەکی به تین بۆ نیشتمان.
- باڵەندەیەکی هێلانه سووتاو: ژیانی خۆمی تێدا ئەبینم.
- با: درۆیه! باسەرگەردان نییه. به ڵکوو ئه ویش هاوڕێی ئاگره.
- لە کۆتاییدا قسەیەکت هەیە بۆ خەڵکی شارەکەت؟
لێرەدا خەڵکی شار مەحکووم ئەکەم، ئەی خەڵکی شار ئەگەر ئێوه زایەڵه و شین و ڕۆڕۆی چیا و دارستان نابیسن ئەوا من لێرەدا تن هاوار ئەکەم: خەڵکی شار ئەی هاوار فریا کەون. دارستان ڕەشپۆشه، بەم هاوینه گەرمه تەرزەی ڕەش ئەبارێت.
سپاس و پێزانین









ثبت دیدگاه