دەربڕینی پشتیوانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مانگرتوان بۆ تیاچوونی کانی بڵ
بوون و مانەوەی ژیانی ئێمەی مرۆڤ، بەسراوە بە پاراستن و مانەوەی ژینگەوە بۆیە هەر چەشنە مامەڵەیەک لەگەل سروشت، شیاوی سەرنج دانێکی زۆر وردە. بە درێژایی مێژوو ئەزموونی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەل ژینگەدا و هەر وەها بەرهەمی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، ڕێگەکانی کەڵک وەرگرتنی شیاو لە سروشتیان بۆ ئێمە دەرخستوە و تێگەیشتن بۆ مامەڵە کردن لەگەل سروشتدا، گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی. باروودۆخی ئەمڕۆی ئێمە لە بەرامبەر ژینگەدا هەڵگری تێگەیشتن و پێناسەیەکی تازەیە بە پێوەرگەلێکی دەوڵەمەند لە ئەزموونەکان، هەر بۆیە چیتر هیچ پاساوێک بۆ هەڵەی وێرانگەر بەدی ناکرێ.
دروست کردنی بەنداو، لەو چەشنە ڕێگانەیە کە مرۆڤ بۆ کەڵک وەرگرتن لە سروشت بە کاری هێناوە، دوای ساڵانێکی زۆر، بە هۆی وێرانگەری و کاریگەری تێکدەرانەی بەسەر سروشتدا، خواستی جیهانی لەوەدا بوە کە دروست کردنی بەنداوەکان بوەستێنرێت و تەنانەت لە هەندێ کاتیشدا باسی تێکدانی بەنداوەکان هاتوەتە ئاراوە، بەڵام بە داخەوە لە ئێراندا لەگەل هۆشدارو ناڕەزایه تی بەردەوامی چالاکان و کارناسانی ژینگە، بەستنی بەنداوەکان درێژەی هەیە و کاریگەرییە وێرانگەرەکانی بەسەر سروشت دا تا بێ زیاتر دەبێت.
بەنداوی داریان، یەک لەو بەنداوانەیە کە لەگەل ئەوەی زیاترین کاریگەری تێکدەرانەی لە باری ژینگەیی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی هەیە، بێ هیچ پرس و ڕایەک بە کارناسان و ئاوڕدانەوە لە ناڕەزایهتی چالاکانی ژینگە و لایەنگرانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی، گەیشتە قۆناغەکانی کۆتایی و ئاوگیری کرا. بەنداوی داریان، جەنایەتێکی بەرچاوی دروست کردنی بەنداوەکانە کە بە تێکدانی “کانی بڵ” یەک لە گەورەترین تێکدانەکانی سروشت و مێژووی “هەورامان” ی تۆمار کرد.
بهم پێیه ئەنجومەنی سەوزی چیای مهریوان، سهرهڕای ئەوەی ناڕەزایهتی و مان گرتنی چالاکانی ژینگە لەمەڕ ئاوگیری بەنداوی داریان، بە ڕەوا دەزانێت، پشتیوانی خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ژینگەییەکانیان ڕادەگەیەنێت و داواکارە لە زووترین کاتدا لە لایەن بەرپرسانەوە خواستەکانیان جێ بە جێ بکرێت. هەر وەها لە هەموو ئەندامانی خۆی، چالاکانی ژینگەیی و هەموو خەڵکی داواکارە کە بێخەمی پرۆسەی مانگرتنی ئەم ئازیزانە نەبن و پشتیوانیان بکەن.
ئەنجومەنی سەوزی چیا
سەرماوەزی 2715








ثبت دیدگاه