چیا مانگنامەیەکی کەلتووری – کۆمەڵایەتی بە زاڵ بوونی باری ژینگەیە کە هەوڵ ئەدا بە ڕوانگەیەکی ڕەخنییەوە ئاوڕێکی جدی لە پرسی ژینگە، بە تایبەت ژینگەی ڕۆژهەڵات بداتەوە.
لاپەڕەی یەکەمی چیای ئەم جارە بە تیترێکی گەورە بانگەواز بۆ ڕێکخراوی جیهانی “بەڕووی سەوز” ئەکات، لەم بابەتەدا ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ دانیشتنە نێوەدەوڵەتییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە پاریس، لە گەڵاڵەیەکدا پێشنیاری دامەزراندی ڕێکخراوێک ئەکات لە ژێر ناوی بەڕووی سەوز.
لاپەڕەی دوو، لاپەڕەی هەواڵ و ڕووداوە ژینگەییەکانە، کە لە ژێر ناوی “رویداد” دا دامەزراوە هەوڵ ئەدات ڕووماڵی هەواڵە ژینگەییەکانی ناوچە کوردنشینەکان و ڕاڤە کردنی بکات. کەمپەینی هاواری کانی بڵ، کانی بەرازانی مەهابد، مین و مناڵە مەدرەسەییەکان، پارێزگاری لە کەڵەکانی هەورامان، بەڕێوە چوونی شەوی یەلدای ڤەژین و … لەو بابەتانەن لە لاپەڕەی دوودا باس کراوە.
“دیدگاه” ناوی لاپەڕەی سێیەمە. خوێندنەوەیەکی ڕێکەوتنی پاریس لە نووسینی موحەمەد دانش، باسێک لە بڵاڤۆکی چیا بە قەڵەمی دوکتور ئسماعیلی مەحموودی و بابەتێک لە ژێر ناوی “پاراستنی ژینگە تەنیا پاراستنی سروشت نییە” بە قەڵەمی عرفان حسەینی، بابەتەکانی ئەم جارەی لاپەڕەی سێیە.
لاپەڕەکانی چوار و پێنج، لە ژێر ناوەکانی “اجتماعی” و “فرهنگی” هەوڵ ئەدا کەلێنی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی پڕ کاتەوە، کەلێنێک کە تەنیا ژینگە نییە، بەڵکوو پرسەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیش ئەخاتە بەر باس.
لاپەڕەی چوار: “ئیرەج قادری” لە بابەتێکدا شرۆڤەی چیرۆکی لێبوردنی بنەماڵەیەکی مەریوانی ئەکات لە بکوژی کوڕەکەیان. “اهمیت آموزش توسعەای در تحقیق توسعە پایدار” ناوی بابەتێکە کە ڕێزدار “سۆران مەنووچەهری” لەم لاپەڕەیەدا باسی کردوە. “ئەنوەر ڕەوشەن” لە وتارێکدا لەم لاپەڕەیە باسی کەمی ئیمکاناتی بهداشتی و پزشکی و نەبوونی دوکتۆرانی پسپۆڕ لە کوردستان بە گشتیی و لە مەریوان بە تایبەتی ئەکات. “چرا آشغال می ریزیم” ناوی وتارێکە کە شێرکۆ ڕەزاقی لە سەر هۆکارەکانی ڕشتنی ئەشغاڵی شاری باس ئەکات.
لاپەڕەی شەش لە ژێر ناوی “محیط زیست شهری”، بڵاو ئەبێتەوە. ئەمجارە ئەم لاپەڕەیە سێ بابەتی لە خۆ گرتوە. “سدسازی از نان شب هم واجب تر است!” ناوی بابەتێکە کە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە نەقدی شەپۆلی بەنداوەکانی کوردستانداو بە تایبەتی بەنداوی داریان، بڵاویان کردوەتەوە. “دە هەنگاوی سادە بۆ پاراستنی ژینگە” ناوی بابەتێکە کە ڕێزدار “مەحیەدینی شەریف زادە” لە ئینگلیسییەوە وەریگێڕاوە. “عەدنان حسەینی” لە زنجیرە وتارگەلێکدا کە بەردەوام لەسەر چەمکی ژینگەو توند و تیژی بۆ لاپەڕەی شەش ئەنووسێت، ئەمجارەیش وتارێکی لە ژێر ناوی “معیط زیست، خشونت و دانش کاذب” نووسیوە.
لاپەڕەی حەوت بە ناوی “زیست بووم” بڵاو ئەبێتەوە. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر زرێبار، لە لایەن تیمی لێکۆڵینەوەو ڕاڤەی ئەنجومەن سەوزی چیا، دۆخی پڵنگی کوردوستان بە قەڵەمی ڕێزدار “حەیدەر وەیسی”، بابەتێک لەسەر مەترسی لەناو چوونی سەگاوەکان بە قەڵەمی “جەلال پزشک” و هەر وەها وتووێژێکی تایبەتی لەگەل جۆڵایکەرە ناسی گەورەی ئێرانی “عەلیڕەزا زەمانی”، ئەو بابەتانەن کە لەم لاپەڕەیەدا دانراوە.
لاپەڕەی هەشت، پێکهاتەیەکی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگی هەیە کە لە چوارچێوەیەکی دیاری کراودا گونجاوە. لە لای ڕاستەوە کادرێکی چکۆلە هەیە بە ناوی “عکسنامە”، لێرەدا هەرجارەو بەرهەمی هونەرمەندێک بڵاو ئەبێتەوە کە ئەمجارە کارێکی وێنەگری مەریوانی ڕێزدار “سەلاح علمی زادە” دانروە. “خانە سبز” کادرێکی ترە کە هەموو جارێک باسی بە کار هێنانی مادەیەکی ژینگەیی ئەکات بۆ پاک و خاوێن کردنەوەی ماڵ و دەورووبەر. کاریکاتۆر ناوی کادرێکی تری لاپەڕەی هەشتە کە وەکوو نەریت تا ئیسە هونەرمەندی نیگارکێش و پەیکەر تاشی مەریوانی کاک “براییم ئەدوایی” لەو بەشەیدا کاری کردوە. “پیام مردم” قسەو پەیام و خواستی خەڵکە بۆ بەرپرسانی ئیداری شار و پارێزگاو سەرتریشەوە. “چکاد” شوێنێکە بۆ ناساندنی کەسایەتییەکان، کە ئەمجارە ڕێزدا “سەلام ئیسماییل سورخ” ناسێندراوە. “تلخند” ستوونێکە کە ئەیەوێ بە زمانێکی تەنز باسی کێشەو گرفتێکی کۆمەڵایەتی بکات، تەلخەندی ئەمجارە باسی هێڵە سپییەکانی چوارڕاکان ئەکات. لاپەڕەی هەشت بەشێکی دانراوە بۆ ڕێپۆرتاژی وێنەیی، لەم شمارەیەدا سێ گوزارش بە وێنە کراون؛ یەلدای ڤەژین، کێفپێوانی لە ئیمام بە بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیا و پارێزگاری لە کەڵەکانی هەورامان لە وەرزی کەڵە هەرز لە لایەن خەڵکانی خۆبەخشەوە. لای خوارووی ئەم لاپەڕەیە هەموو کات ئاوڕێک ئەداتەوە لە بڵاو کراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ.








ثبت دیدگاه