ڕۆڵەکانی نیشتمانی دار بەڕوو
17 می 2016 - 19:42
شناسه : 118563
بازدید 151
پ
پ

“عەدنان حسەینی”

زۆر دەمێکە لەم وڵاتەدا “باران گوڵ ئەنووسێتەوە”، ئەم یاد کردنەوە کە دەبوا “ئەسپێکی باڵداری ئەفسانەیی” هەڵگری هەواڵەکەی بوایە، چونکە لەم مەکۆیەدا کاری ئەفسانەیی کراوەو دەکرێت، هەر ئەندامێک سوارچاکێکی ئەو باڵدارە ئەفسانەییەیە.
مەڵێ پیا هەڵگوتنە، “گوێ ڕادێرە بزانە بە گژ کێدا هاتوویت”، باس باسی شۆڕە سوارانی ئەنجومەنی سەوزی چیایەو، 28ی گوڵان، ساتە وەختی لە دایک بوونیان. لێرەوە بوو کە کۆمەڵگەی مەدەنی و خەبات و ژینگەپارێزی واتایەکی نوێی کرایە بەر. ئەنجومەنێک کە لەسەر دەست و هەستی چەن هاوڕێیەک دامەزراو هەنگاو بە هەنگاو قۆناغە ناوچەیی، پارێزگایی و ئێرانی بڕی و ئێستا لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دایە. ئەنجومەنێک کە بە ڕاستی ماندوو نەناسی، لە خۆ بردوویی و تێکۆشانی خستە نێو قامووسێکی نوێوە. ئەم ڕۆڵانە ڕۆڵەی نیشتیمانی داربەڕوون. ئەنجومەنێک کە ڕێکخەری چەندین بزاڤی ژینگە پارێزییە لە ئاستی ئێراندا، تفەنگی ڕاوچی دەبێتە چەکی سەوز و قەفەسی قۆرخ کردنی ئازادی، دەبێتە گڕی پیرۆزی نەورۆز، ئەنجومەنێک کە خەڵاتی قارەمانی پارێزەری زرێباری بێ باوانی پێ دەدرێت و دەبێتە باوانی.
ڕۆڵەو هاونیشتمانییە بیر سەوزەکان، لەسەر ئیزنتان جارێکی تر پیرۆز بایی ئەڵێم ساتە وەختی لە دایک بوونی ئەنجومەنی سەوزی چیای هەموو کوردستان.
نیشتمان پەرەوەرە ئاکار سەوزەکان وەرن هەر هەموومان وزەمان بخەینە پاڵ وزە بێ کۆتاییەکەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، با یارمەتی دەربین لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ساڵەی داهاتووی چیا، واتە نیشتمانێک بێ زبڵ و نیشتمانێکی بێ ڕاوچی. ئەم نیشتمانە سەوزە دەبێ هەر هەموومان بە دڵ و بە گیان بیپارێزین، چونکە کوردستان بێ باوانەو بە سەربەرزییەوە بیڵێینەوە؛
“نمە نمەیش چوانم تۆ”

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.