مرۆڤ وەکوو تاکە بوونەوەری خاوەن هزر گەورەترین ڕۆڵی بوە لە گۆڕانکارییە هەموو لایەنەکانی گۆی زەوی. پەنای بردە زانست و هەوڵی دا لە بەشە جیاوازەکانی ژیانیدا بە کاری بێنێت، تاکوو وردە وردە هەموو دونیای خستە ژێر کاریگەری ئەو ئامێرەوە. گەرچی زانست، پزیشکی، بێداشت و کەرەسەی هات و چۆو وەرزێری و … زۆر شتی لەو چەشنە کە لە درێژەی ژیانێکی ئاسوودەتردا، پێشکەشی ئێمە ی مرۆڤ کرد، بەڵام لە بیرمان نەچێتەوە کە فڕۆکەی شەڕکەر، چەکی شیمیایی و … ئامێرەکانی تری کوشتن و قهڵاچۆکردنی مرۆڤ و جۆرەکانی تری ئاژەڵ، بەرهەمی زانست و پێگەیشتنی مرۆڤی پاوان خواز بووە. مرۆڤی تێکدەر، گەورەترین لاساری بە سیستمی پێکهاتەی خۆڕسکی زەوی کردوە، هەوڵی داوە لە ڕێگەی وەگەڕ خستنی توانا تایبەتییەکانی، وزەی گۆی زەوی بخاتە خزمەتی قازانجە تاکە کەسی و کەم خایەنەکانی خۆیهوه تا ئاستێک کە خۆشی بووەتە قوربانی ئەو داوە.
لەم نێوانەدا دەوڵەتە زلهێزەکان زیاترین بەشییان بووە لە کاولکاری و خاپوور کردنی لانکی هەموو بوونەوەراندا، ئەوان زانست و تێگەیشتنی سەردەمیانەی مرۆڤیان خستوەتە خزمەتی تەماح و سەرەڕۆیی خۆیان و ئامانجەکانیان. دروس کردنی چەکی شیمیایی وەکوو خاڵی شەرمەزاری مرۆڤایەتی، بەرهەمی زانست و شەڕخوازی مرۆڤە، هیچ پاساوێک بۆ درووس کردنی چەکی کۆمەڵ کوژ نییە، بهرههم هێنهرانی ئەم چەکە ئەبێ تا هەتا هەتایە شەرمەزاری مێژوو بن.
کوردستان یەک لە قوربانییە بێدەنگەکانی چەکی کۆمەڵکوژ و لەوانە چەکی کیمیاییە، تا ئاستێ کە لە کۆمەڵگای جیهانیدا ژینۆساید بوەتە ناسنامەی ئێمە، بە داخەوە کەمترین کار لەسەر ناساندن و پێڕاگەیشتنی بریندارانی شیمیایی گەلانی بێ خاوەن و بێ دەوڵەتی وەکوو کورد کراوە. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بەربڵاو لەسەر کاریگەرییەکانی چەکی کیمیای لەسەر ژینگەو بوونەوەرانی کوردستان نییە، تەنانەت ئامارێکی ڕێک و پێک لە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو بۆئەژماری قوربانیان، تۆمار نەکراوە، یان ئەگەر کرابێ لە بەر دەستی میدیای ئازاد دا نییە. لە ڕاستیدا قوربانیانی چەکی کۆمەڵکوژ لە کوردستان، زامێکی قووڵتریان هەیەو ئازارێکی ئێجگار زیاتریان کێشاوە، چونکە لە سێبەری بێدەنگیداو لە قڕ و قاپی دنیا و میدیاکاندا مردنیان ئەزموون کرد.
لە ڕوانگەی ئێمەوە هەموو ئەمانە لە نەبوونی هزرێکی ژینگەپارێزییەوە سەرچاوە ئەگرێ، مرۆڤی ژینگەپارێز بەردەوام خۆی لە شەڕ و ئاژاوە لائەدا و هەوڵی ئاشتی و ئاوەدانی ئەدات. کۆمەڵگای ژینگەپارێز، ناتوانێ بێدەنگ بێت لە ئاست کاولکاری دەوڵەتەکانیان. سیاسەتمەداران و خاوەن دەسەڵاتهکان، گەر ژینگەپارێز بوونایهت دنیایان نهدهکرده مەیدانی شەڕ و ڕم بازێنی خۆیان. ژینگەپارێزان بە پێچەوانەی دەوڵەتانی سەردەم، خۆشەویستی ئەنێرن بۆ وڵاتان و پێکەوە ژیان ئەبەخشنە دونیا. لە ئێستادا کە شەڕ و شۆر هەموو دونیای تەنیوە، ژینگە پارێزی باشترین ئاڵترناتیڤە بۆ چارەسەری ئەم گرفتانەو شیاوترین گوتارە بۆ بەرامبەرکێی ترس و تۆقاندن.
7ی پووشپەڕ زامێکی قووڵی نەبڕاوەیە لە سەر ڕۆحمان و لە هەمان کاتدا بەڵگەیەکی تاوانی دەوڵەتانی پاوانخواز و کاولکەرە. لەم ڕۆژە مێژووییەدا ئێمەیش هاودەرد و هاوخەمتانین و هیوادارین بیرۆکەو کردەوەی هەموو دونیا بەرەو ئاقاری ژینگەپارێزی و پێکەوە ژیان بچێت، چونکە باوەڕمان وایە فریاد ڕەسی مرۆڤایەتی ژینگەپارێزییە.
ئەنجومەنی سەوزی چیا
پووشپەڕی 2716











ثبت دیدگاه