مرۆڤ لە مەترسی لەناوچوون نزیک بوەتەوە!
17 ژانویه 2017 - 23:27
شناسه : 119696
بازدید 196
پ
پ

حشمەت قوربانی – کارناسی ژینگە

مرۆڤ لە سەرەتای ژیانیەوە کەدەستی دەگاتە سرووشت خەریکی خەساردانە بەڵام گۆی زەوی و بەگشتی سروشت دروست کراوە بۆ تێپەڕ کردنی ژیان بە شێوازێکی خاوێن و کەڵک وەرگردن لە ژینگە، مرۆڤی ئەم سەردەمە وەها نامۆ بووە بە خۆی و دەوروبەرەکەی کە چــــیتر ناتوانێت خۆی بە بەشێک لە سروشت بزانێت، چـــــیتر ناتوانێت لە ناو ئەو گەردوونەدا بە هەموو پێکهاتە زیندوو مردووەکانی بە یەکێک لە ڕەگەزە زیندووەکانی دابنێت، تەکنەلۆژیا کردوویەتی بە برغوویەک لە ناو دەزگایەکی گەورەدا، بۆ ئاماژەی زۆرتر فیلمەکەی چاری چاپلین که ناوی سەردەمە تازەکانە بە بیر دێتەوە کە مرۆڤ خۆی دەبێتە ئامێر.

هەر هەموو دۆخی ڕۆحی و دەروونی ئێمە کاردانەوەی جیهانی دەوروبەرە

ڕەنگە کەسێک بپرسێت کە تا هەنووکە پیشەسازی و شۆرشی تەکنۆلۆژیا کە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایتیەکانی نێوان مرۆڤ و مرۆڤی گۆڕیوە، نێوان مرۆڤ و سروشت، پرسێکە کە تەنها پەیوەندی بە ڕۆژئاواوە هەیە و ئێمەی ڕۆژهەڵاتی(واتە وڵاتانی جیهان سێهەمی) لێی دوور و بێبەرین، بەڵام پەیوەندی ئێمەیش لە گەڵ سروشت پەیوەندی مرۆڤێک بووە کە تەنها ئەونە مرۆڤی خۆش ویستووە، بە حوکمی ئەوەی مێژووی ڕەشی شەڕ و نەهامەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باو بوە.

سروشت جگە لە پیت و بەرەکەت تەنها خاک و ئاو نەبوو، تەنها جوان و ڕازاوە و دڵگیر نەبووە، بەڵکو هەمیشە وەک پەناگەیەک و حەشارگەیەک لە سروشتی ڕوانیوە، هەرگیز بڕوای بەمە نەبووە کە ئەم و سروشت خاوەنی یەکدین و دووانەی یەک منداڵانن، بەڵکو لای ئێمە(مرۆڤ و سروشت) بە یەکەوە کارکردەی خودان بە مەبەستێک دروست بوون کە تەنها ئاسمان دەیزانێت، کە سروشت لە گەڵ مرۆڤی ئێمەدا دژوار و نالەبار بووە. لەم ڕوانگەشدا خەڵکانی نەتەوە جواروەجۆرەکان بە هەر چەشنە بیر و باوەڕ و ئایینە جیاوازەکان جیا لە ڕاست یان درۆ بوونی ئەو باوەڕانە لەم جوگرافیادا وای بۆچوون کە ئەوە خودایە کە لە ڕێی سروشتەوە تۆڵەی لێ دەکاتەوە، بۆیە تا ئێستاش باووبۆران و لافاو و وشکەساڵی و هەموو نالەبارییەکی سروشت بە غەزەبی خودا لێکدەداتەوە، باشتر ئەوەیە ئاوڕدانەوەیێک بدەینەوە و تۆزقاڵێ بیر بکەینەوە کە ئێمە لە سەر ئەم زەوییەدا بە تەنها ناژین، جیهانی ناوەمان و هەر هەموو دۆخی ڕۆحی و دەروونی ئێمە کاردانەوەی جیهانی دەوروبەرە، بە بێ سێحر و و سەرسامی و شکۆمەندی و جوانی جیهانی دەرەوە، جیهانی ناوی ئێمەش دەوڵەمەند نابێت و گەشە ناکات، بۆیە وڵاتانی دونیا هاوکات لە گەڵ پێشکەوتنە تکنییەکاندا لە خەمی ژینگە پارێزیدان، نەک هەر ئەوە بەڵکو حیزب و لایەنی زۆر لە ئاوروپا و ئامریکا پەیدا بوون کە بەتەنها خەمی گەورەو سەرەکیان پاراستنی ژینگەو سروشتە و چیتر وەکوو ئێمە مەل ناکوژن و ئاژەڵە کێوی ڕاو ناکەن و چەم و ڕووباریان پیس ناکەن و ئاسمانیان پڕ لە دووکەڵ و، سروشت و سەوزاییەکانیان وێران ناکەن، لە هەمووی کوشندەتر ئەوەیە کە هەر هەموومان ناتوانین ئەو سروشتەمان خۆشبوێت و نەمانتوانیوە پاک و خاوێن بیپارێزین.

مرۆڤی هاوچەرخ هەموو سروشت و دەوروبەر و ژینگە بە بەشێکی جیا لە خۆی دەبینێت

وەک پێشتر باسمان کرد پاک و خاوێنی و ڕێز گرتن نەبوەتە کولتوور، نە ئێمە لێرەو نە خەڵکانی دیکه لە وڵاتانی دیکە وەک پێویست نەمانتوانیوە لە وێرانکردنی سروشت بێ گوناە دەربچین، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و هەر هەموو کیشوەرەکانی دیکەش لەم بوارەدا تاوانبارن، کەسمان چیتر ئەو مرۆڤە کۆنەی بەر لە ملیۆن ساڵ نین، مرۆڤی کۆن لە گەڵ مەل و گیاندارو درەخت و ئاو و دارو بەردو مردووەکانیشدا پەیوەندی ڕۆحی قووڵێ هەبووە، قسەی لەگەڵ هەر هەموو ڕەگەزەکانی ناو سرووشتدا کردووە، ڕێزیانی لێ گرتووە، شەرمی لێ کرووە، ترساوە و پەرەستوویەتی، مرۆڤی کۆن تەنها ئەو کاتە دڕندە ئاسا مەل و گیاندارە کێوییەکانی کوشتووە کە برسی بووە، ڕاو کردنی مەل و هەر هەموو گیاندارە کێوییەکان بەتەنها لەتاو برسییەتی نەبووە، بەڵکو زۆر جاران بۆ سەرگەرمکردن و خۆشی بووە، تا هەنووکەش درێژەی هەیە، مرۆڤی ئێستا ئامادەیە کە هەموو کات دڕندە بێت، بەتەنها لە گەڵ مەل و ئاژەڵەکان و درەختەکاندا دڕندە نیە، بەڵکو مرۆڤ دژ بە هاوتوخمی خۆی دڕندە و خوێنخۆرە، ئەو هەست و سۆزە پڕ لە جوانی و سەرسامیە لای مرۆڤی سەردەم کەمی کردوە یان هەر نەماوە، مرۆڤی هاوچەرخ و زانستپەروەرە هەموو سروشت و دەوروبەر و ژینگە بە بەشێکی جیا لە خۆی دەبینێت، هەموو جیهان و دیاردەکانی لای مرۆڤی تەکنەلۆژی پەرەست جگە لە کۆمەڵێک شت بۆ  خزمەتی خۆی بە کاریان دێنێت و کەڵکیان لێ دەبینێت هیچی دیکە نیە، بۆ مرۆڤی کۆن هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری ڕۆحلەبەر بوون، لە خۆی جیای نەکردوەتەوە، لە دار و بەرد و درەخت و گیاندارەکان تا دەگا بە ئەستێرەو تاریکی و ڕووناکی پڕ سیحر و زیندووێتی، گفتوگۆی لە گەڵ کردوون، دەنێو ڕەگەزەکانی سروشتدا هیچ کامیانی بە شت نەزانیوە، شتگەلێکی بێگیان نەبوون، بەڵکو هەمیشە بە ڕاناوی (تۆ) لە گەڵیاندا گفتوگۆی سازاندووە.

چیتر زەوی ڕازی نییە مرۆڤ ملهۆڕانە پێی بەسەردا بنێت و خۆی بە پیرۆز و مەزنتر بزانێت

هەڵبەتە مرۆڤی زانستپەروەر پیشەساز و تەکنۆلۆژیا پەرەست شانازی بەوە دەکات کە توانی بە سەر سروشتدا زاڵ بێت، چیتر بە تۆ بانگی ناکات، بەڵکوو سروشت بە هەموو ڕەگەزەکانەوە کۆیلەیە بۆ حەز و هەواو هەوەسەکانی مرۆڤی تازە کە دواجار مرۆکەدا ئاشکرا بوو کە ئەمجارەیان لە پای وێرانکردنی سروشت مرۆڤ خۆشی لە مەترسی لە ناو چوون نزیک بوەتەوە، ئیستا ئێمە تێدەگەین کە مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ توانی سروشت ڕام بکات و بێ ئاگاو سەرمەست سروشتی کرد بە پێخوستی خۆی، بەڵام چیتر زەوی ڕازی نییە مرۆڤ ملهۆڕانە پێی بەسەردا بنێت و خۆی بە پیرۆز و مەزنتر بزانێت، مرۆڤ گەر لەمەودوا ڕێزی ئەم خاک و خۆڵە نەگرێت لە ژێر پێییەکانیدا وەکوو گڕکان دەتەقێتەوە و چیتر مەسەلەش غەزەبی خودا نییە بەڵکو تۆڵەو تووڕەبوونی سروشتە لە بەرامبەر ملهۆڕییەکانی ئێمەدا.

لە ناو بردنی جوانییەکانی سروشت خۆی دەسپێکێکە بۆ قەبووڵ نەکردنی بیری بەرانبەر و جیاوازی خۆمان

ئاخر سەدەها ساڵە سروشت ئازاری دەدرێت و جوانییەکەی دەشێوێندرێت، کەچی هەر خامۆش و ئارامە، ئیتر تا ئێرە و بەس، سروشت پێمان دەڵێت؛ بە مەرگی من تۆش کۆتایت دێت، چەندە پتر پیسم بکەیت خۆت بۆگەن دەبیت، چەندە تۆ ملهۆڕانە پڕم دەکەیت لە دووکەڵ لە کۆتاییدا خۆت کوێر دەبیت، چەندە پڕم بکەیت لە تەقینەوەی بومبەکانت زووتر خۆت کەڕ دەبیت، چەندە پتر دارستانەکان دەسوتێنیت، ئەوەندە پتر هەناسەی خۆت سوار دەبێت، دواجار پێویستە بزانین کە سروشت بە خاک و خۆڵ و بەرد و دار و هەوا و ئاوەوە دوا ساتەکانی تووڕەبوونی خۆی دەژیت، ئیستاکە پێویستە ئێمەش بە بەشی خۆمان دە بەرانبەری ئەم قەیرانە کە ئاکامی لە ناو چوونی ئەستێرەی زەوی و ژیانە بەرەنگار ببینەوەو و هەنگاوی کردەوەیی خۆمان لە بوارەکانی پەیوەندیداردا هەڵێنین و مەرجە ئەوە بزانیین کە بێ ئەو هەموو شتە جوانانەی دەورووبەرمان ناتوانین بژین و لە ناو بردنی جوانییەکانی سروشت خۆی دەسپێکێکە بۆ قەبووڵ نەکردنی بیری بەرانبەر و جیاوازی خۆمان و ئەوە دەر دەخات ئەگەر لە بەرانبەر مەل و ماسی و گیاندارە کێوییەکان دڵڕەق و دڕندە بین زۆر ئاسانە بتوانین لە بەرانبەر بە یەکدیش دڕندە بین.

مناڵەکانمان فێر بکەین کە گوڵەکانیش وەک ئێمە گیانلەبەرن، با فێریان بکەین کە سووپاسی مانگ و ئەستێرەکان بکەن، فێریان بکەین کوشتنی ئاسک و بەرازێک، سەرەتایەکە بۆ کوشتنی خودی مرۆڤ

پێدەچێت وەکوو پێویستە لە کەرتی پەروەردەوە نەوەی داهاتوومان ئاگادار بکەینەوە کە سەر بڕینی مەل و مەڕێک هەرچەندە برسیمان بێت؛ گوناهە، کوشتنی ماسیەک لە ناو ئاودا کە بە ئازادی دێت و دەچێت، کوشتنی جۆرێکە لە ئازادی ناو سروشت، با فێریان بکەین کوشتنی ئاسکێک و بەرازێک بە بیانووی خۆشی ڕاو یان برسییەتی سەرەتایەکە بۆ کوشتنی خودی مرۆڤ، فێریان بکەین شەرم و ڕێز لە هەموو زیندوویەک بگرن، مناڵەکانمان فێر بکەین کە گوڵەکانیش وەک ئێمە ڕۆحلەبەرن و ئازاریان پێدەگات کە لە ناو باخەکاندا هەڵیاندەپچرین، با فێریان بکەین کە سووپاسی مانگ و ئەستێرەکان بکەین، با فێریان بکەین چۆن بە سەر سەوزایی و گیاکاندا ڕێ دەکەن و چۆن پاییزیان بە قەد بەهار خۆش بوێت.

گەر فریای ئەوە نەکەوین ئەم نەوەیە فێری جوانپەرەستی بکەین هەمان ئەو مێژووە ڕەش و نالەبارەی ئێمە لە گەڵ سروشتدا دوبارە دەبێتەوە، وا جوانترە واتای سپەندارمەز بە مانای لێبوردەیی و دەستکراوەیی و خۆشەویستی کە هێمایە بۆ ڕێز گرتن لە زەوی، وەکوو ئامێزی بۆ سەرجەم بوونەوەرەکان کە جوان و خراپ بە یەک چاو دەبینێ و وەک دایکێک دەڕوانێتە هەموو بوونەوەرەکاندا و میهرەبانییان پێ دەبەخشێ لە ئەدەبیاتماندا جێی کەینەوە و زەوی و پاراستنی ژینگە و رۆژی خۆشەویستی پێکەوەگرێ بدرێنوو وەک رۆژی عشق و ئاشتی رێزی لێ بگیرێ.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۵ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.