ئیرەج قادری
گاڵتەمان ئەکرد بە ماشین و چرای سوور و سەر شەقامێک کە لە ترسی ماشیندا ئەبێ جارێک بۆ چەپ بڕوانیت و جارێک بۆ ڕاست. مامۆستاکەشمان وەکوو پێی نامۆ بێت، یان بە کەڵک نەهاتووی بزانێ، بە شەرمەوە باسی ئەکرد. ناپاکی هەوا و ترافیک هی کتێب و تەلەفزێۆن بوو. لە بیرمە زۆر حەزم ئەکرد بۆ جارێکیش بووە چرای سوور و سەوزی سەر شەقام ببینم. حەزم ئەکرد بۆ جارێکیش بووە دێر بگەمە ماڵەوە و بڵێم برا وەڵا ترافیک بوو. زۆر بە “با کەلاس”م ئەزانی.
ئاواتی ئاسمانی شینی دونیای دەرەوە گەمە و گاڵتەی خەیاڵاتم بوو. دونیای ماشینی وەکوو؛ کارگە و کارخانە و ترافیک بۆم نامۆ بوو. کەچی، زۆری نەخایاند، تێ گەیشتم دونیا ئەوندەش گەورە نییە. گاهەس کارگە و کارخانەم لە دەرەوەی ماڵ خۆمان دیبێت، بەڵام لە واتای سەرئێشەی ترافیک و هەڵمژینی هەوای ناپاک تێگەییشتم.
پیس بوونی هەوا بەمانای تێکەڵ بوونی یەک یان چەن پیسکەری هەوا وەکوو دووکەڵە تا ڕادەیەک کە زەخت دەخاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و زیانەومەنی ئاژەڵان و گیاکانە. پیس بوونی هەوا زۆرتر لە شارەکاندایە و لە سێسەد ساڵ لەمەوپێشەوە دوابەدوای گەشەی سەنعەتی و زۆرتر بوونی ئەژماری دانیشتوانی شار بووە بە گرفت.
پاڵدانەوەی سووڕانی چەرخی سەنعەت بە سووتاندنی زوخاڵ و نەوت و گازەوە جۆرە پیسیەکی نوێی پێشکەش بە ژیانی نوێی شار کرد کە هەر ڕۆژە ئەژماری خۆی و ماشینەکانی لە زیاد بووندایە. لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، وڵاتانی پێشکەوتوو لێکۆڵینەوەیان لە سەر زیانی پیس بوونی هەوا بۆ مرۆڤ دەست پێکردووە بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانیتردا ئەم کێشەیە ڕچاو نەکراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر ئەبێت.
پیس بوونی هەوا لە دونیا چوار هۆکاری سەرەکی هەیە کە بریتین لە:
– زۆر بوونی ئەژماری شارەکان و شارۆمەندانیان
– زۆر بوونی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلەکان و ترافیکی شاری
– گەشەی بە تەوژمی سەنعەت
– زۆر بوونی کەڵک وەر گرتن لە وزە
قوربانیانی پیس بوونی هەوا هەموو بوونەوەرانن بەڵام سەرەکیترینیان ئامانەن:
گیا سەرەکیترین بەرگری پیس بوونی هەوایە کە خۆیشی لە یەکەمین قوربانیانی ئەم دیاردەیە. پیس بوونی هەوا بەر بە فۆتۆسەنتزی ئەگرێت و بە تەشەنەکردنە نێو گەڵای گیاکان، ژەهراویان ئەکەن کە ئەمە توانای گەڵا دائەبەزێنێت و بە پێی لێکۆڵینەوە نوێکان بەر بە گوڵکردن و میوەدانی دارەکانیش ئەگرێت. داروگیای شوێنی پیس زۆرتر تیا ئەچن و زووتر پیر ئەبن.
زاوزێ بە گشتی چ لایەنی پیاو و چ لایەنی ژن ئەکەوێتە مەترسی و توانای جووتگیری لە هەر دوو ڕەگەزدا دائەبەزێت یان منداڵی نەخۆش و ناساقیان لێ ئەبێتەوە.
مەترسی پیس بوونی هەوا لە سەر ئەوانەی نەخۆشی هەناسەیان هەیە، منداڵان و بەساڵاچووان زۆرترە و پێویستە زۆرتر وشیار بن. پیس بوونی هەوا تەنیا گرێدراوی شاری گەورە و حەشیمەتی زۆر و کارخانە و کارگە نییە. لە پۆلی قوتابیان و خوێندکارانیشدا هەوا پیس ئەبێت و ئەگەری نەخۆشی زۆرە. هەوای پۆلێکی منداڵان کە بۆ ماوەیەک لە شوێنێکی داخراودا، بێ بوونی کەرەسەی ئاڵۆگۆڕکەری هەوا(تهویە)، ئەژین ئەتوانێت تا ئاستی شارە پیسەکانی دونیا مەترسیدار بێت. هەناسە و نزیک دانیشتن و ئارەق کردنەوە و زۆر شتیتر وەکوو نەخۆشییە گشتگیرەکان لە هۆکارەکانی ئەو ڕادە لە پیس بوونی پۆلەکانن. ئەم کێشە بۆ ماڵەکانیش زۆرە تا ڕادەیەک کە لە سەدا پەنجای نەخۆشییەکانی ئەمریکا بە بۆنەی پیس بوونی ماڵەکانەوەیە و بڕێ جار ئەم پیسیە تا سەد بەرابەری هەوای دەرەوەیە (ڕاپۆرتی ئی پی ئەی- پاراستنی ژینگەی ئەمریکا).
پیس بوونی هەوای ناوچە کووردنشینەکان بە بێ هەبوونی کارگە و کارخانە
بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوەی نێونەتەوەیی تەندروستی ساڵانە ٧ ملوێن کەس لە دونیا بە هۆی پیس بوونی هەواوە تیا ئەچن کە ١٢ لە سەدی مردنەکانە. پیس بوونی هەوا چوارەمین بکوژی مرۆڤە و لە ئێرانیشدا بە پێی هەمان سەرچاوە، ساڵانە ٨٠هەزار کەس گیانیان لە دەس ئەدەن. ئەڵبەت ڕاپۆرتە ناوەخۆییەکان ئەم ئەژمارە بە ٥٧ هەزار کەس ئەزانن. ساڵانە لە تاران ٤٤٠٠ کەس، مەشهەد ٣٢٠٠ کەس و ئەسفەهان ٢٧٠٠ کەس ڕاستەوخۆ بە هۆی پیس بوونی هەواوە ئەمرن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مردن بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێراندا ٢١ تا ٢٧ هەزار کەسە.
کوردەواری بە هۆی نەبوونی گەشەی سەنعەتی و بچووک بوونی شارەکانیەوە ئەبوایە وەکوو ساڵانی پێشوو ئاسمانی شین و هەڵمژینی هەوای سازگار ببوایەت کەچی بە هۆی تەپوتۆزی ساڵانی ڕابردووەوە زۆر لە مەترسیدایە.
رێکخراوی نێونەتەوەیی تەندروستی (سازمان جهانی بهداشت) لە ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٠، ١١٠٠ شاری دونیای خستۆتە ژێر شرۆڤە و لە ئاکامدا ڕاپۆرتێکی باوەڕپێکراوی لە پیسترین شارەکانی دونیا ڕاگەیاند. لەم ڕاپۆرتەدا “ئەهواز” لە ئێران پلەی یەکەمی پیس بوونی بوو، “ئۆلان باتۆ”ی مەغوولستان پلەی دووەم و سنەش پلەی سێهەمی بوو. جێگربوونی سنە پێشتر لە تۆکیۆ و مەکزیکۆسیتی و نیۆیۆرکی ٣٠ ملوێن کەسی و بگرە تارانیش زۆر سەر سووڕێنەر بوو. پیس بوونی ناوچە کووردنشینەکان بەو ڕادەیە لە حاڵێکدایە کە لە کارگە و کارخانە بێبەرییە و زۆرترین ڕێژەی بێکار و کەم داهاتی هەیە. فارس وتەنی “اش نخوردە و دهن سوختە”.
لە ساڵانی شەڕی ئێران و ئێراقدا، تورکییە بە بەستنی بەنداو لە سەر فورات، بوو بە هۆی وشک بوونی زۆرێک لە زەوی و زار و گۆلەکانی باشووری ئێراق و بە هەڵکردنی با، تەپ و تۆز هەموو ناوچە ئەگرێتەوە. یەک هێکتار دارستانی زاگرۆس توانای گلدانەوەی تا ٦ تۆن تەپ و تۆزی هەیە کە لە پێش چاوی هەموواندا هەر ڕۆژەو گۆشەیەک لەم نیشتمانە ئەبێت بە خۆڵەمێش.
بە هۆی دەستێوەردانی ئینسانەوە لە هەموو شوێنێکی گۆی زەوی، ئیتر هیچ کەس و ناوچەیەک لە ئەماندا نییە و زیاد بوونی هەر ڕۆژەی ئەژماری بەشەر لە گەورەترین مەترسییەکانی داهاتووە.
این مطلب در شماره ۱۵ ماهنامە چیا چاپ گردیده است.
ایمیل نشریه: chya.govar@gmail.com









ثبت دیدگاه