سووڕی مێژوو
15 فوریه 2017 - 20:57
شناسه : 119825
بازدید 98
پ
پ

 

موحەمەد دانش

“ئادۆلف هیتلر” دیکتاتۆری ئاڵمانی باوەڕی وەها بوو کە ڕەگەزی جێرمەن لە هەموو نەتەوەکان سەرترە و پێویستە هەموان ڕێزێکی جیاواز بۆ ئەوان دانێن، لە پشت تریبوونی نازییەکانەوە لە درێژەی قسە کردنە چەن سەعاتییەکانیدا بە جل و بەرگی نیزامییەوە و ئارمی خاچە شکاوەکەی سەرشانی ئەینەڕاند کە شکۆی جێرمەنەکان ڕووخاوە و ئەو ئەیەوێ زیندووی کاتەوە، بەو بۆنەوە پێویستە  نەتەوەکانی تر (بە تایبەت جوولەکەکان) باجی ئەوە بدەن، جوولەکەکان ئەم وڵاتەیان خواردوەو ئەبێ لە چنگییان دەربێنینەوە، هەموو غەیری جێرمەنییەک گڵاون و ئەبێ گڵاوییەکەی خۆی ئەگەر بە نرخی گیانی ملوێنان نەفەریش بووبێت، دەربکات. بۆیە کوورەیەلی زەبەلاحی سووتاندن و زیندانی تایبەت و … درووس کرد و بە ملوێنان مرۆڤی بە بێڕەحمانە ترین شێوە بە زیندوویی سووتاند و ئەشکەنجە دراو کوژران.

“سەدام حسەین” بە تەقلەو جامانەو دەرەدامانی عەرەبییەوە لە بەردەم ئاڵای “ئەڵاهوئەکبەردا”،  لە پشتی تریبوونی بەعسەوە فیشەکی سەرەڕۆیی ئەتەقاند و ئەیوت کە من شەرەفی دۆڕاوی عەرەبەکان ئەسێنمەوە، ئەیوت ئێراق وڵاتی عەرەبی سونەیەو نەتەوەو ئایینەکانی تر چارەنووسییان کوشتنەو کوشتن، ئەو خۆی بە ڕزگارکەری نەتەوەی عەرەب و ئێراق ئەزانی، بۆیە لەشکەری خستە ڕێ و ئەنفالی خولقاند، هەڵەبجەی خنکاند و بە کردەوە قۆلی هەڵماڵی بە ژینۆساید کردنی نەتەوەیەک.

مەعمەر قەزافی، پینۆشە، میلووشویچ، ئستالین، مووسیلینی و زۆر دیکتاتۆری تر کە لە ژێر ئاڵای جۆراوجۆردا لە ڕاستەوە هەتا چەپ لە دیندارەوە تا بێ دین لە ئیدۆلۆژییە جۆراوجۆرەکانەوە کە خۆیان بە ژیرتر لە هەموان زانیوەو مافی ئەوەیان بە خۆیان داوە کە لە جیاتی خەڵکانێکی زۆر بیر بکەنەوەو بڕیار بدەن.

ڕۆژی هەینی ٢٠ی ژانویەی ٢٠١٧ بە شێوەی فەرمی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵ تەحوێڵی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی سەربە حزبی کۆماری خوازەکانی ئەو وڵاتە درا، لەو ڕێوڕەسەمەدا ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا بە پێچەوانەی نەریتی ئەو ڕێوڕەسمەو سەرۆک کۆمارەکانی تر هەندێ قسەی هێنایە ئاراوە کە نەک لە ئامانجی یەکێتی ئەمریکا نەبوو بەڵکوو بە قازانجی فاشیسمی جیهانیدا ئەشکایەوە!

ترامپیش وەکوو ئەو کەسایەتییانەی لە سەرەوە باس کرا لە تەوەهومی هەیبەتێکی بابردووا بوو، خولیای ئەمریکایەکی جیاواز لەوەی کە هەیە، بۆیە ئەیوت من فەخر و شانازی و شکۆی دۆڕاوی ئەمریکا ئەسێنمەوە، من گەورەیی و هەیبەتی واقعی ئەمریکا زیندوو ئەکەمەوە!

دەوڵەتانی پێشووی بە تاوانبار ناساند بۆ ئەوەی شکستییان داوە بە ئەمریکا. ترامپ بە کۆت و شواڵی ڕەش و کەراواتی سوورەوە کاتێ لەو ڕێوڕەسمەدا قسەی ئەکرد ڕوخساری هیتلەر و سەدام و … ئەهانییەوە یاد، ترامپ نە وەک سەرۆک کۆمارێ کە لە دەرەنجامی پرۆسەیەکی دیمکوراسیدا هەڵبژێردراوە، بەڵکوو زیاتر لە دیکتاتۆرێکی سەردەمی نوێ کە لە ڕۆژاوای گۆی زەوی چەن ساڵێکە بەرچاو ئەکەون، دەچوو.

هێشتا نیو کاتژمێر لە گواستنەوەی دەسەڵات تێنەپەڕیبوو، کە دەستەی بەڕێوەبەری مالپەڕی کۆشکی سپی هەندێ گۆڕانکارییان لە ماڵپەڕەدا ئەنجام دا. لە یەکەم هەنگاودا بڕێ لاپەڕەیان یەکسەر سڕیوەتەوە کە بریتین لەوانە؛

– هەموو ئەو لاپەڕانەی پێوەندی بە گەرم بوونی زەوی گازە گوڵخانەییەکانەوە بوە، واتە ئەو گرفتە ژینگەییانە کە پێشتر لە دەورانی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا باسی ئەکراو هەر ئەو کاتیش ترامپ گاڵتەی بەو شتانە ئەکرد. شایانی باسی لە کۆبوونەوەی پاریس کە تایبەتی دۆخی ژینگەی زەوی بوو، ئەمریکا یەک لەو وڵاتانە بوو کە زۆرترین ئەرکی لەسەر دانرا بۆ ڕەچاو کردنی ئەو بەربەستانەی دانراوە بۆ کەمتر پیس کردنی ژینگە.

– هەموو ئەو لاپەڕانەی لەسەر مافی ژنان و گرفتەکانی ژنانی ئەمریکا و وڵاتانی تر باس کراوە.

– هەموو ئەو لاپەڕانەی پێوەندی بە مافەکانی کەمینە جنسییەکانەوە هەیە، کە لە چەن خولی ڕابردووی هەڵبژاردنە سەرۆک کۆمارییەکانی ئەمریکا لانی کەم لە بانگەشەی کاندیداکاندا باس کراوە، لەگەل ئەوەی کە کەمینە جنسییەکان لە ئەمریکا خاوەن هەڵوێست و پرەنسیبی خۆیانن و بەردەوامیش لە میدییاکانی ئەو وڵاتە بەرچاو ئەکەون.

دنیا لەمەودوا ڕەنگە زیاتر بەرەو فاشیسم بچێت، ڕەنگە پێکەوە ژیان زیاتر لە جاران کەوێتە ژێر هەڕەشەوە..

 

ئەم وتارە لە ژمارەی 16ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.