پ
پ

ساڵانێکە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە قازانگی توندئاژۆیی و بیری توندرەوی و کردەوەی رووخێنەردا دەکوڵێ و میدیاکان بەردەوام پیشاندەری سیمایەکی زبر و خوێناوی لە رووبەرێکی بەرفراوانی ئەم ناوچە هەستیارەی جیهانن.

بناژۆخوازن و لایەنگرانی بیری تەسکی تایفی و ئایینی بۆ رەوایی کردەوە ناحەزەکانیان، ئایینی ئیسلامیان کردوەتە دەستاوێزی بیرۆکەی رزیوی خۆیان و هاوکات لە بەکارهێنانی هەموو ئامێر و چەکە پێشکەوتوەکان بۆ تۆقاندن و نانەوەی ترس و ترۆر و داسەپانی خۆیان بە کوشتن و سەربڕین و سزای نەیارانیان خۆ نابوێرن.

ئەم تاقمە بیرتەسکە، لە دژی ئاشتی جیهانی و رەوتی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێی بەکارهێنانی رواڵەتی ئیسلامی و خڵەفاندنی لاوان و بیروڕای گشتی لە هەوڵی دامەزراندنی خەلافەتی خوێن و شمشێر بە سەر گەلانی ئەم ناوچەدان.

تەشەنە سەندنی ئەم بیر و رەوتە توندئاژۆیە لەم ناوچە گرنگ و پڕ لە نەتەوە و ئایین و ئایینزای جۆراوجۆرە، هیچ پاساوێکی بۆ بیدەنگی و بێلایەنی زانایان و مامۆستایانی ئایینی و شوێنکەوتوانیان لە هەمبەر بەلاڕێدابردنی رەوتی ژیانی ئاشتیانە و پێکەوەژیان لە ناوچە و بە تایبەت ناوچە کوردنشینەکان، نەهێشتوەتەوە.

دیارە ئایینی ئیسلام ئەگەرچی پوتانسیەلی هەمووجۆرە خوێندنەوەیەکی توندڕەوی و میانەڕەوی و نەرم و نیانی و … بۆ تێدایە، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئایین، بە تایبەت ئایینی ئیسلام، پرۆژەیەک بێت بۆ ژیان و ئاشتی و شێوازی پێکەوەژیانی مرۆڤەکان، شارەزایان و زانایان رەمزی سەقامگیری و پێشکەوتن و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە خوێندنەوەی ناتوندڕەوانە و نەرم و نیانی و میانەڕەوی لەم ئایینە پیرۆزەدا دەبیننەوە.

شاراوە نیە؛ کوردستانیش کە زۆربەی زۆری دانیشتوانی موسڵمانن، لە ئاستێکی کەم رنگتردا کەوتوەتە ژێر کاریگەری بڕێک لە لایەنە توندئاژۆکان کە بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە لە ناوچەدا بڵاو بوەتەوە. وەک چاوەڕوان کراوە، زۆربەی زۆری زانایان و مامۆستایانی ئیسلامی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناویندا، لە بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ستەمگەری و داسەپاندن و دەسەڵات و ترۆر و تۆقاندن،  بە کارێکی ناڕەوا و دژ بە ئایین و مرۆڤایەتی زانیوە و لە هەمبەر ئاسایش و سەقامگیری و دادپەروەری، خۆیان بە بەرپرس زانیوە و بێ هەڵوێست نەبوونە.

بەختەوەرانە ناوچەی مەریوان و هەورامان، بەوجۆرەی کە لە هەموو بوارە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ئەدەبی و هونەری و مەدەنی پێشەنگ بووە و بە دامەزرانی دەیان ئەنجومەن و ناوەند و NGO، خۆیان رێکخستوە، لە هەمبەر ئەم پرسە گرینگەشدا پێشاهەنگی و پێشڕەوی خۆی نواند و لە سەر دەستی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و بەرپرس، بە دامەزرانی یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)، ئەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی خۆیان نواند و خوازیاری ئەوەن کە لە ژێر کاریگەری تیشکی  ئایینی ئاشتی و پێکەوەژیان، سیمای راستەقینەی ئیسلام وەک دینی برایەتی و ئاشتی بە کۆمەڵگا بنوێنن و لە ئافەتی بیر و کردەوەی بناژۆخوازانە و توندڕەوانە بیپارێزن.

هیوا و ئارەزووی سەرکەوتن بۆ ئەم  رەوتە پیرۆزە و بۆ ئەم کۆمەڵە مامۆستا ئایینیە و زانا بەڕیزانە دەخوازین. ئومیدوارین، ئەم بیرە گەشاوەیە پەرە بستێنێت و پۆل پۆل مامۆستایان و زانایانی ئایینی و کۆمەڵانی خەڵک هاوهەنگاویان بن و لە بەر رۆشنایی ئەم بیرە و هەنگاوە بوێرانە، کۆمەڵگاکەمان لە کەناری ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری بحەسێتەوە و دوور بێت لە هەر جۆرە ئافەتێکی توندڕەوانەی ئایینی و غیرە ئایینی.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.