«بارھێنان و پرسی ژینگەپارێزی»
18 فوریه 2017 - 18:52
شناسه : 119845
بازدید 124
پ
پ

ئارەش مێهرەبان

سێزدە ساڵ پێش ئێستام، واتە یەکەمین ڕۆژی چوون بۆ قوتابخانەم ئەمەیان فێر کردم کە قوتابخانە ماڵی دووھەمی تۆیە و مامۆستاکانیش جێگەداری دایک و باوکتن؛ ھەرچەن کە بیستنی شتێک لەو شێوەیە سەرەتا مێشکمی ئاڵوز کردبوو و خستبوومیە ناو دونیایەکی پڕ لە داڵغە، کە چۆن کەسێکی‌تر ئەبێت بە جێگەداری دایک و باوکم؛ کەسێک کە قەد نەمبینیوە و نەیناسم.

تا دواتر کە گەورە بووم بۆم دەرکەوت کە قوتابخانە بە قەد ماڵەوە پیرۆزە و مامۆستایش جێگەداری دایک و باوکم. تا ڕادەیەک بیرم دێت لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییش لە ئاخر ڕۆژدا بەکوڵ گریاین بۆ مامۆستا‌کەمان. هەر بە هۆی ئەو گرنگایەتییەوە کە قوتابخانە وەک ماڵی دووهەمی ئێمە هەیەتی و جێی گرتووە، ئەمەوێ باسێک لەسەر سیستمی پەروەردە و بارهێنان بکەم.

ئەرکی مامۆستای قوتابخانە قورسە

پرۆسەی فێرکاری و بارھێنان بۆ ماوەی نۆ مانگ، لە یەکەم ڕۆژی ڕەزبەرە‌وە دەست پێ دەکات. لەم ماوەیەدا کە ئەرکێک بە ناوی فێرکاری و بارھێنان دەچێتە پێشەوە، منداڵان هەر ڕۆژەو ٥ تا ٦ کاتژمێر لە کاتی خۆیان لە قوتابخانە بەسەر دەبەن و کاتێکیش بۆ پرۆچە و موتالاکردن لە ماڵ تەرخان ئەکەن؛ بێگومان کاتێکی کەم نییە بۆ ئەوەی کە هەوڵ بدرێت ئاسۆی بیری منداڵ گەشە بکات. بیری، بێ لەبەرچاو گرتنەوەی تەمەنی زیاتر، بەرەو باس و بابەتەکانی ڕۆژ ھەتەر بکات.

بێگومان تەنیا بە مامۆستا ئەم ئیشە قورسە ڕاناپەڕێت و لێرەدا باسی کتێب و ئەو کەرەستە فێرکارییانە دێتە پێشەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی فێرکاری و بارھێنان ئەبێت بیخەنە ناو پرۆسەی خوێندنەوە. کە ئەتوانرێ بەم شێوەیە بێت کە من لە خوارەوە بە چەن خاڵێک ئاماژەیان پێ ئەکەم:

لە کتێبی سەرەتاییدا نابێ باسی شەڕ و کوشتن بکرێت

نووسینی کتێبگەلێک کە دژ بە باری ڕۆحی و ئەخلاقیاتی منداڵان نەبێت. بۆ وێنە پێویست ناکات لە کتێبی سەرەتاییدا باسی شەڕ و کوشتن بکرێت؛ لەبەر ئەوەی منداڵ بە شەڕ نامۆیە و جیهان لە ڕوانگەی خاوێنانەی خۆیەوە ئەبینێت و زۆر شتی ‌تر کە ئەبێت ڕەچاو بکرێت و لەبەرچاو بگیردرێت.

پێکھێنانی ئەو کەرەستە و ئامرازە فێرکارییانەی کە لە ڕەوتی فێربوونی منداڵدا کاریگەرییان ھەیە؛ کە بەداخەوە زۆربەیەک لە قوتابخانەکانی ئاواییەکان و تەنانەت شارەکان دەستیان بەم کەرەستانە ناگات و لێی دوورن.

تەرخانەکردنی بڕە پارەیەک بۆ قوتابخانەکان و سەربەخۆبوونی ئەوان لە باری ئابوورییەوە؛ ھەرچەند کە ئەم چەند ساڵە تەواوی قوتابخانەکان بەناچاری پارە لە بنەماڵەی منداڵان وەردەگرن و ئەمیشە گلەیی و گازندەی زۆری لێ دەکەوێتەوە لە لایەن دایک و باوکەکان و بە تێکڕایی کۆمەڵگاش.

ئێستا بەم پێشەکییە و بەم پێیە کە بچینە سەر باسی مامۆستایانی قوتابخانە، کەسانێک کە ماوەی نۆ مانگ لەگەڵیان هەڵسوکەوتمان دەبێ و شتیان لێوە فێر دەبین و بلیمەتیان زۆر تیایە؛ ھەیانە بۆ ڕزگارکردنی قوتابییەکەی لە خنکان لە چەمی ئاوایی، دەست ئەخاتە ناو گەرووی لافاو و گیانی خۆیی پێشکەش دەکات.

کتێبی ژینگەپارێزی نەخراوەتە بەر پرۆسەی خوێندن

ھەیانە باوەش ئەکەن بە ئاگردار و ئەسووتێن، ھەیانە سەریان ئەتاشن بۆ دڵداری دانەوەی قوتابییەکەی خۆیان و زۆر لەخۆبردوویی ‌دیکە…

ھەرچەن کە بڕێک جار گەورەکانمان دیوارێک نزمتر لە دیواری مامۆستایانی قوتابخانە شک نابەن و بەپڕی بەرھەڵستیان ئەوەستن. بێگومان قوتابخانە کاریگەرییەکی ئامۆژگارانەی بەرچاو  و بەھێزی لەسەر منداڵان و یا باشترە بڵێم کۆمەڵگا ھەیە. ھەرچەن کە تا ئێستا ھیچ کتێبێک لەسەر ژینگەپارێزی بۆ خوێندنگاکان چاپ نەکراوە و ئەگەریش چاپ کرابێت نەخراوەتە بەر پرۆسەی خوێندن.

درێغ لە خوێندن بە زمانی دایکی

ئەتوانرێت ھەر لە قوتابخانەوە ئەم چەمکە گرنگە بخرێتە بەر باس و لە ڕەوتی فێرکاریی منداڵدا کاریگەری ھەبێت. زۆرێک لە لاپەڕەی کتێبەکان بۆ شتانێک تەرخان کراوە کە بوون و نەبوونی ھیچ کاریگەرییەکی لە سەر فێرکاریی منداڵ نەبووە و نابێت. بەڵام تەنانەت درێغ لە کتێبێک سەبارەت بە ژینگەپارێزی، درێغ لە خوێندن بە زمانی دایکی و ھەزار درێغ و داخ و خوزگەی ‌تر کە نازانم هەتاکوو کوێ بەردەوام ئەبێت.

ئێستە سەرەڕای ئەو ھەموو تەنگەژە و کۆسپانەی سەر ڕێگە و گوێنەدانە، تەنیا کەسێک کە ئەتوانێت مەشخەڵی ئەو ڕێگە پیرۆزە کە ڕێگەی فێرکاریی ژینگەپارێز‌ییە ڕۆشن کاتەوە، مامۆستایانی قوتابخانەکانن، کە ھەرچەن بەو شێوەیەی کە من بۆم دەرکەوتووە دڵسۆزانێک بەردەوام شانیان خاڵی نەکردووە و ئەم ئەرکەیان ڕاپەڕاندووە.

بڕێک لە مامۆستایان، تەنیا کات بە سەر ئەبەن و نەبوونیان باشترە لە بوونیان

ھەرچەن کە بەداخەوە و لەگەڵ ڕێزیشدا مامۆستایانێکیش ھەن کە ھەست ئەکەم نەبوونیان باشترە تا بوونیان. بێ ھیچ خوێندنەوەیەک، بێ ھیچ گوێدانێک بە بابەتی ڕۆژی کۆمەڵگا و  بە نەھانینە بەرباس و لێکۆڵینەوەی ئەو بابەتانە لە پۆلەکاندا، تەنها بە وتنەوەی هەندێک وانەی وشکی قوتابخانە، کات ئەبەنە سەر و وادەزانن تەنها نمرەگرتن لە تاقیکاراییەکاندا گرنگە و ھیچی ‌تر. پرۆسەی فێرکاری تەنیا بە لایەنێک ناچێتە پێش؛ ئەم پڕۆسەیە بە ھاوکاری و ھاویاریی ھەمەلاینە لە لایەن دایکان و باوکان، مامۆستایان، منداڵان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروردە و بارھێنان دەچێتەسەر.

منداڵان ئەبێ لە پۆلەکاندا ڕێگە و یاسای ژیان فێر ببن و بتوانن لە داھاتوودا ئەو یاسا و شێوە ژیانە بەڕێوە ببەن. بردنەسەرەوەی ئەم ئامانجە ئەبێتە ھۆی گەشە و پێشکەوتنی ھەمەلایەنەی کۆمەڵگا و دوور بوونی لە ھەر چەشنە شەڕ و ئاڵۆزی و تووندوتیژییەک.

بێگومان ھەستیار بوونەوەی بابەتەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت پرسی ژینگەپارێزی، ئەوە دێنێتە بەرباس کە ئەبێت لە داھاتوویەکی نزیکدا کتێبگەلێک تایبەت بە ژینگەپارێزی ئامادە بکرێت و بخرێتە بەر پرۆسەی خوێندن؛ تا ئەو ئامانجە ژێنگەپارێزییە کە ئەبێت بێتە دی بە ئەنجام بگات. تا منداڵانی دوێنێمان کە گەورەکانی ئەمڕۆن، کارەساتێکی دڵتەزێنی دیکە وەک کارەساتەکەی “شەختان” دووپات نەکەنەوە.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.