پ
پ

    هەرچەن مەواچان فارسی شەكەرەن         كوردی جەلای من بەس شيرين تەرەن

مەعلوومەن جه دەور دنيای بەدئەندێش      دڵشادەن هەر كەس وه زوان وێش  

«خانای قوبادی»

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

“زمان”، وەکوو گرنگترین دەستکەوتی هاوبەشی مرۆڤایەتی، سەرمایەیەکی بەنرخ­ و یەکێ لە خەزێنە پڕ بایەخەکانە و دەرگای چوونە ژوورەوەی مرۆڤە بۆ جیهانی ناسین ­و پێناسەگەلێ وەک فەرهەنگ، مێژوو، ئایین، ئەدەب، داب­ونەریت و …

“زمانی دایکی”ش، وەکوو گەورەترین سەرمایەی فەرهەنگیی نەتەوەکان، کاریگەرییەکی زۆر بە‌هێزی لە سەر کەسایەتی ­و گەشەی دەروونی مرۆڤەکان هەیە. بۆیە ڕێکخراوی یونسکۆ (UNESCO)سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕاگەیاندنی ٢١ی فێبریە(سێی ڕەشەمە)، وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە سەر بنەمای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کولتوور و زمانە جیاوازەکان، لە هەمبەر پەراوێز خستن­ و کەمڕەنگ کردنەوەی بایەخی زمانی دایکی، هۆشداری دەدات­ و هەر هەنگاوێکی لەم جۆرە بە
مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی­ و سەقامگیری ­و ڕەوتی پێکەوەژیانی نەتەوەکان دەزانێ.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، وێڕای پیرۆزبایی­کردن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، جەخت دەکاتەوە کە بە فەوتاندنی زمانێک بەشێک لە مرۆڤایەتی ئەفەوتێت و لە وەها کاتێکدا نەک تەنیا نەتەوەیەک بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتی زیانمەند ئەبێت، هەر بۆیە سەرنجی هاونیشتمانیان­ و ناوەندەکانی دەسەڵات بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە رادەکێشێت:

١ – زۆر بەداخەوە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگەی کەرەستەگەلی وەک پەروەردە و فێرکردن، یاسا، سیستمی ئیداری، میدیا و … هەوڵێکی زۆر بۆ داسەپاندنی سیاسەتی یەک­زمانی دراوە و بە ڕەتکردنەوەی جیاوازیی زمانی، هەموو بنەما و ڕێگەچارەیەکی مرۆڤانە و دادپەروەرانە بۆ دابین کردنی مافە زمانی ­و کولتوورییەکان پشت­گوێ خراوە.

٢ – پێداگری لە سەر داسەپاندنی زمانی فارسی(زمانی فەرمیی دەسەڵات) وەک تەنیا پێناسەی ئێرانی بوون، سیاسەتی ناوەندگەرایی و خستنە پەراوێزی زمان ­و فەرهەنگی نەتەوەکانی­تر، زیانگەلێکی قەرەبوو نەکراوەی گەیاندە ناسنامە و زمان ­و فەرهەنگی نەتەوەکانی تری ئێران.

٣ – بە هۆی ئەو سیاسەتە هەڵە و نامرۆڤانەیە، ناسنامە و زمانی کوردیش لە ژێر زەخت ­و گوشاری بەردەوامدا بووە و ڕەوتی پەروەردە و فێرکاری بە زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی ناوچە کوردنشینەکان ڕێگەی پێ ­نەدراوە.

٤ – بە بڕوای ئێمە، سەردەمی داسەپاندنی سیاسەتی یەک­زمانی کۆتایی پێ هاتووە و چێ­کردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری چەندزمانە، سەرەڕای ئەوەی هیچ زیانێ بە زمانی فارسی ناگەیەنێت، ئەبێتە هۆی گەشە و پەرەسەندنی هەموو زمانە زیندووەکانی ئێران ­و یەکسانی­ و دادپەروەریی زمانیش، جێی پشتگوێ خستنی زمانی­ و فەرهەنگی دەگرێتەوە.

٥ – دەیان ساڵ بێبەشی لە مافی خوێندن­ و نووسین بە زمانی دایکی، خەساری زۆری بە زمان ­و فەرهەنگ­ و ناسنامەمان گەیاندووە، هەر بۆیە لە کۆتاییدا لە هەموو بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان داواکارین؛ چیتر زمانی دایکیمان پشتگوێ نەخرێت­ و مافی خوێندن­ و نووسین بە زمانی کوردی، وەک مافێکی یاسایی­ و فەرمی بۆ کوردزمانان دابین بکرێت. ئەمە داخوازیی یاسایی­ و مێژوویی ئێمەیە، کاتی قەرەبوو کردنەوەی هەڵە مێژووییەکانە.

شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان – ڕەشەمەی 2716

ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان

ئەنجومەنی سەوزی چیا

ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی ڕۆجیار

ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین

ناوەندی فەرهەنگی- زانستیی ڕۆنان

ئەنجومەنی خەڵکیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان – ژیانەوە

 

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.