ئەمڕۆ، ۲۱ فێڤرییە، بەرابەر لەگەڵ ۳ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە زانکۆی پەیامنووری مەریوان بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا، چەندین گوتاری زانستی لە بواری گرینگیی زمانی دایکی، لە لایەن خوێندکارانەوە پێشکەش کرا و لە هەموویاندا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە خوێندکاری کورد دەبێ وەکوو چینی ڕووناکبیری کۆمەڵگا، داوای مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی بکات؛ تاکوو کۆمەڵگای کوردەواری پێشکەوێت و بیرەکان بگەشێنەوە.
هەروەها بێهزاد قادری، وەکوو یەکێک لە وانەبێژانی زمانی کوردی لە زانکۆی ناوبراودا، لە قسەکانیدا چەندین کێشە و کۆسپی بەردەم زمانی کوردیی خستە بەر باس و ڕێگەچارەگەلێکی ئەوتۆی پێشکەشکرد و هەروەها ئاماژەی بە ڕێکخستنی بنکەی زمان و ئەدەبیی کوردی کرد لەو زانکۆیەدا. هەروەها ڕەخنەی توندی ئاراستەی فەرمانگە دەوڵەتییەکان کرد کە نەک هەر هەنگاوێک بۆ گەشبوونەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی نانێن، بەڵکوو خۆیشیان بوونەتە کۆسپێک. هەروەها داخوازیی ئەوەی کرد کە فەرمانگە دەوڵەتییەکان لەبەر دەم زمانی کوردی بەرپرسیارن و دەبێ زمانی کوردی لە پاڵ زمانی فارسی، ببێتە زمانی فەرمانگەکان و لە نامەکانیان و ڕاگەیەندراوەکان و… لە زمانی کوردی چێژ وەربگرن.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بڕوانامەی پۆلەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، لە لایەن مامۆستایانی ئێستا و ڕابردووی زمانی کوردیی زانکۆی پەیامنووری مەریوانەوە، بەخشرایە ئەو خوێندکارانەی کە پاییزی ئەمساڵ، سەرکەوتووانە پۆلە کوردییەکانیان تێپەڕاندبوو.











ثبت دیدگاه