پ
پ

ئەنوەر ڕەوشەن

فیلمی سینەماییی “بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش” لە سینەمای شاری مەریوان ئێکران کرا، بەڵام بەداخەوە وەکوو هەموو فیلمەکانی تری ئەو سینەمایە تماشاچییەکی زۆری نەبوو. لێرەدا  مەبستم لە نووسینی ئەم چەن دێڕە ئەوە نییە کە باسی هۆکاری نەبوونی تماشاچی بۆ ئەم فیلمە و فیلمەکانی تری سینەما بکەم بەڵکوو دەمهەوێ بە کورتی ئاوڕێک لەم فیلمە بدەمەوە کە لە دەرهێنانی شەهرام عەلیدی، هونەرمەندی خاوەن بەهرەی کوردە.

نەتەوەیەک کە لە مردندا ژیاوە و مەرگی بەزاندووە

ئەو فیلمە لە باری کوالیتی وێنە، دەنگ، لۆکەیشێن و مۆسیقای فیلمەوە لە ئاستێکی بەرزدایە و دەرهێنەر لەم فیلمەدا سەرکەوتووانە لێهاتوویی خۆی نیشان داوە و ئاشکرای دەکات کە کارەکەی سەردەمیانەیە و لە باری هونەری و تێکنیکییەوە لە ئاستی فیلمە جیهانییەکاندایە. ئەم هونەرمەندە لەم فیلمەدا بە تێکنیکی پێشکەوتووی فیلمسازی، بە شێوازێکی هونەریی پەیامی خۆی بە بینەر دەگەیەنێ و بەکەڵک وەرگرتن لە هێما و ڕەمز کێشە و ڕنجی نەتەوەکەی لە بەشێک لە نیشتمانەکەیدا پیشان دەدات. ئەو پیشانی داوە نەتەوەکەی بە درێژاییی مێژوو ژیانێکی پارادۆکسێکاڵی بووە و بوونەکەی پڕ بووە لە مانێکی نەماناوی و قەقنەس ئاسا لە مردندا ژیاوە و لە نەفیی و سڕینەوە و لاداندا سەری هەڵداوەتەوە و بوونی خۆی سەلماندووە و مەرگ بۆی نەبووە بە مۆتەکەیەک کە لێی بترسێت، بەڵکوو لەگەڵیدا ژیاوە و زۆر جار بەزاندوویشیە.

چیرۆکی ژیانی پڕ مەترسی خەڵکێک، کە بۆ سەلماندنی بوونی خەبات دەکات

چیرۆکی فیلمی “بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش”  باسی چەن کچ و کوڕێکی گەنج دەکات کە تەرمی هاوڕێیەکی خەباتکاری شەهیدیان کە بە گوللەی ژاندارمە کوژراوە، شاردووەتەوە. ئەم گەنجانە پیلانێکی ژیرانە دادەڕێژن و تەرمی ئەو شەهیدە لە چنگی دوژمن دەردێنن و لە شاری ئامێدەوە دەیگوێزنەوە بۆ لای دایکی.

چیرۆکی ئەم فیلمە و ڕووداوەکانی بە ڕوواڵەت ژیانی ڕۆژانەی پڕ لە مەترسی خەڵکێک نیشان دەدات کە بۆ مانەوەی خۆی و سەلماندنی بوونی خەبات دەکات، بەڵام ئەم فیلمە لایەنێکی تری پڕ لە هێما و سەمبولی هەیە کە بە باوەڕی من فیلمەکە دەباتە ڕیزی فیلمە هونەریی و مودێڕنەکانەوە.

شۆڕشگێڕە شەهیدەکە کچێکی گەنجە و “ئاسکەی” ناوە دەفتەرێکی لێ بەجێ دەمێنێت کە چەپکێک خواستی تێدایە و دەبێت بە وەسیەتنامەیەک و هاوڕێکانی بە بینینی ئەم دەفتەرە هەوڵ دەدەن وەسیەتنامەکەی بۆ جێبەجێ بکەن. ئەو شەهیدە لەو دەفتەرەدا چەند داوایەکی هەیە کە هێما و ڕەمزاوی و سەمبولیکن و دەڵێت بەر لە ئەسپەردەکردنی خواستەکانی بۆ جێبەجێ بکەن.

چاوپێکەوتنەوەی “ماندانا”ی ئەسپی کە لە منداڵییەوە لەگەڵیدا ژیاوە، کانییەکی سارد و ڕوونی بن درەختێکی زەیتوون کە قاچەکانی تێ بخەن، چەپکێک گوڵە گەنم کە بیدەن بە دەستییەوە و خوێندنەوەی بەشی کۆتایی بەیتی کۆنی کوردی دەروێش عەبدی بەسەر تەرمەکەیا خواستی ئەو شەهیدە بوو.  ئەمانە و چەن هێمایەکی ترن لەم فیلمەدا زەق کراونەتەوە و ئەو چەن گەنجە بە تەرمی شەهیدێکەوە تا کۆتایی فیلمەکە دەستی بینەر دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ ناخی چیرۆکی ژیانی بندەستانەی نەتەوەیەک و هەست و ئاوەزی دەورووژێنن.

ئەو هێمایانە کە لە وەسیەتنامەی شەهیدێکدا رەنگ دەداتەوە

ئەو گەنجانە تەرمی شەهیدەکەیان لە چاوانەیەکی ناوەندی شاردا شاردبووەوە کە ئاوێکی سارد و ڕوونی تێدا بوو. هەروەها یەکێک لە خواستەکانی ئەو شەهیدەش ئەوە بوو کە پێش لە بە خاک سپاردنی، تەرمەکەی ببەنە ژێر سێبەری درەختێکی زەیتوون کە کانی و ئاوێکی ڕوون و ساردی لە بندایە و قاچەکانی بخەنە ناو ئەو ئاوەوە. لەم فیلمەدا چەندین جاریش تەرمی شەهیدەکە بە چاوی کراوەوە لە ژێر ئاوێکدا نیشان دەدرێت کە زۆر زوڵاڵ و ڕوونە.  هەروەک دەزانین کانی و ئاو هێمایەکن بۆ پاکی و زوڵاڵی و بێخەوشی و ئەمە سەمبولی کەسایەتیی بەرز و ڕەوشتی پاکی ڕیبازی ئەو شەهیدەیە.

درەختی زەیتوون کە شەهیدەکە دەبەنە بنی، هێمای ئاشتییە و پیشاندەری ئامانجی ئاشتیخوازانەی نەتەوەیەکە کە ئەو ڕۆڵەیەی پێگەیاندووە و خەباتی بۆ دەکات و گیانیشی لە پێناودا بەخت دەکات. چەندین جاریش لە ناوەرۆکی فیلمەکەدا دروشمی بژی ئاشتی بە دەنگی پۆلێک منداڵ کە بێخەوشترین توێژی کۆمەڵگان دەبیسترێ، کە خواستی هەمیشەییی نەتەوەی ئێمە بووە بەڵام بە شەڕ وڵامی دراوەتەوە.

ئەو شەهیدە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتاییی فیلمەکە چاوی لێک نانێت، ئەمە پیشانی دەدات کە بە تێگەییشتوویی و چاوێکی کراوەوە ئەو ئامانج و ڕێبازەی هەڵبژاردووە و تا کاتی شەهید بوونی خەباتی بۆ کردووە.

ئەسپ؛ هێمای هوشیاری، ژیری، نەترسی، شەرافەت، ژیان و هەم مردنە

مایینێک کە هینی شەهیدە و لە منداڵییەوە لەگەڵیدا گەورە بووە هەر لەسەرەتاوە تا کۆتاییی فیلمەکە دەوری سەرەکی دەگێڕێت و بینەر لە ڕوانین و هەڵسوکەوتیدا هەست و سۆز و خۆشەویستی دەبینێت. ئەم مایینە شڵەژاو و نائارامە لە دوای جێبەجێ کردنی وەسیەتەکانی شەهید، جوانوویەکی دەبێت و هێور دەبێتەوە کە هێمای ئارامی و هیوا و بەردەوامیی ژیانە لەم هەرێمەدا.

بەشێک لەم فیلمە هەر لە سەرتاوە تا کۆتایی لە چاوی مایینەکەوە ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەرهێنەر بە فلاشبەک بیرەوەرییەکانی مایینەکە دێنێتەوە پێش چاوی، بۆیە ناوی فیلمەکەی ناوە ” بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش”. هەروەک دەزانین ئەسپ لە کۆنەوە هێمای هوشیاری، نەترسی و نەجیب بوونە. هەروەها هەم هێمای ژیان و هەمیش هێمای مردنە. ئەسپ هێمایەکیشە بۆ ئەندێشمەندی و ژیری و ئاوەز. لە لای پێشینیانمان ئەسپ گیانلەبەرێکی شەرافەتدارە. ئەم ئەسپە لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ تەرمی شەهیدەکەدا هەروەک زیارەتی شوێنێکی پیرۆز بکات بە دەورەی تەرمەکەیا دەگەڕێت و لە نووکی پێیەوە تا تەوقی سەری بۆنی پێوە دەکات، وەک بێچووەی خۆی بلێسێتەوە تێر ڕوومەتی بۆن دەکات و دەیلێسێتەوە.

تەرمی شەهید لە قاڵبێکی سەهۆڵدا، لە سەر لوتکەیەکی بەرز و بەرانبەر بە هەتاو

سەهۆڵ و یەخ لەم فیلمەدا هێمایەکە کە زۆر دەکەوێتە بەرچاو. تەرمی شەهیدی پێ دەپارێزن و لە کۆتاییشدا تەرمی شەهید لە قاڵبێکی سەهۆڵدا دەڕچێنن و دەرهێنەر بە کردنی بە قاڵبێکی یەخ بە جۆرێک مانەوە و هەتاهەتایی بوونی شەهید پیشان دەدات کە تەنانەت تینی هەتاویش کاری لێ ناکات. بەڵام سەهۆڵ و یەخ هێمایەکە بۆ دڵمردوویی و بێهەستی. واتە وەها پیشان دەدرێت کە مرۆڤی خەباتکار بێجگە لە ئامانجەکەی خۆی هەست و سۆزی بەرانبەر بە کەس نییە و هۆگر و گراوی هیچکەس نابێت، هەروەک لە کۆتاییی فیلمەکەشدا کە دەیهێننەوە بۆ لای دایکی، دایکی شەوێک تا بەیانی دەس لە ملی قاڵبێک یەخی سارد و سڕ دەکات و ڕازونیازی لەگەڵدا دەکات بە بێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەک ببینین.

لە کۆتاییی فیلمەکەدا ئەم قاڵبە یەخە دەبەنە سەر کێو و لووتکەیەکی بەرز و بەرانبەر بە هەتاو دایدەنێن؛ بەڵام ئەو بەستەڵەکە هەر ناتوێتەوە. هەروەک دەزانین کێو هێمای سەربڵندی و خۆڕاگرییە و هەتاویش هێمای ئازادییە. بردنی تەرمی شەهید بۆ سەر ئەو بەرزاییە و بەرانبەر بە هەتاو ڕاوەستاندنی دێڕەکانی کۆتایی بەیتی دەروێش عەبدی دێنێتەوە پێش چاو کە دەروێش داوا دەکات جەستەی برینداری کەمێک ڕێکوپێک بکەن و لە سەر بەرزاییی کێفی ئەدشان بەرانبەر بە دەشتی وێرانشار پاڵ بدەن بە بەردێکەوە تاکوو ئەگەر خۆشەویستەکە هات بتوانێ لە دوورەوە بیبینێت.

بەیتی دەروێش عەودی؛ گێڕانەوەی گۆشەیەک لە مێژووی کورد

یەکێکی تر لە وەسیەتەکانی شەهید ئەوەیە کە بۆ ڕێزی نان چەپکێک گوڵەگەنم بدەن بە دەستیەوە. گەنم لە ڕوانگەی کارۆڵ یۆنگەوە خۆراکە و هۆکارێکە بۆ ژیان و ماکێکیشە کە گۆڕانکاری پێک دێنێت. دەنکی گەنم هێمای مرۆڤە کە دەوری تەناسوخ دووپات دەکاتەوە؛ واتە دەمرێت و دیسان زیندوو دەبێتەوە. هەروەها چاندن و دروێنەی گەنم نیشانەی تێپەڕاندنی ڕەوتێکە لە تاکەوە بۆ کۆ و پێمان دەڵێ چاندنی دەنکێک تۆوی ئەندێشە هۆشەیەکی لێ شین دەبیت. مەولانای ڕۆمیش سەبارەت بە گەنم دەڵێت:

همه صاحب دلان گندم، که با مغزند و با لذت

همه جسمانیان چون کَه که بی مغزند در مطجن

بیستنی بەشی کۆتایی بەیتی کۆنی دەروێش عەبدی (عەودی) یەکێکی تر لە خواستەکانی شەهیدە کە ئاوڕدانەوەیەکە لە مێژووی پڕ لە خۆڕاگری و قارەمانەتی و کارەساتاویی کورد. بەیتی دەروێش عەودی لاواندنەوەیەکە لە لایەن “ئەدولە” کچی پاشای مێلانی وێرانشارەوە بۆ دەروێشی ئەوینداری، کە بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان قارەمانانە خۆڕاگری دەکات و بە دەستی دوژمن دەکوژرێت.

ئەم ڕووداوە پڕ لە قارەمانی و دراماتیکە کە گێڕانەوەکەی سی و دوو بەشە و لە شێوازی “بەیت”ە کە تێکەڵاوێکە لە پەخشان و هەڵبەست و گۆرانی. ئێستاش پاش ٢٣٠ سال ئەم بەیتە بە ناوی”دەلال” لە ناو ئەو کوردانەی کە بە کرمانجیی باکوور دەئاخفن بە ناوبانگە و بەتاسەوە لە لایەن دەنگ بێژانەوە دەوترێتەوە. ئەم بەیتە وەک هەموو بەیتەکانی تر سەرەڕای ئەوەی گێڕانەوەی گۆشەیەک لە مێژووی کوردە، پارێزەر و هەڵگری ئاواز و شیعر و مێلۆدیی ڕەسەنی کوردانەیە و هێمایەکیشە بۆ کولتووری دەوڵەمەندی نەتەوەی کورد کە لەم فیلمەدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە.

پاراستنی زمانی دایک، گەرچی بە دژواری و، گرتن و لێدان و دەربەدەری بەدواوە بووە؛ بەڵام هەر پارێزراوە

بەشێکی تر لە پەیامی ئەم فیلمە گرنگی دانە بە زمانی دایک کە زۆر بە دژواری خزمەتی پێ کراوە و پاراستنی، گرتن و لێدان و دەربەدەری بەدواوە بووە؛ بەڵام هەر پارێزراوە و نیشانەی بوونی نەتەوەی کوردە. بەڵام لاپەڕەکانی کتێبە کوردییەکان کە بە ئاسماندا بڵاوە دەکەن و پیشاندانی بزووتنەوەی فەرهەنگین، کە بەسەر وڵاتدا پەخش دەکرێنەوە بۆ لایەک دەچن و پۆلی باڵندە کۆچەرییەکانیش کە لە ژوور لاپەڕەکانەوە لە ئاسماندا دەبینرێن بە پێچەوانەی ڕەوتی چوونی لاپەڕەکان دەفڕن و بەرەو لایەکی تر دەچن! ئایا ئەمە پیشاندەری دوو ڕەوتی جیاوازە؟

ئەم فیلمە بێجگە لەم پەیام و هێمایانە دەیان لایەنی جۆراوجۆری تری تێدایە وەک پیشاندانی هەندێک دیمەنی بۆردمان و کوشتن و بەدیل گرتن و کۆچی زۆرە ملی و خەسارلێکەوتووانی کۆبانێ و… کە لەم مەجالە کورتەدا دەرفەتی ئەوە نییە ئاماژەیان پێ بکەم و تەنیا دەتوانم بڵێم فیلمی ” بیرەوەریەکانی ئەسپە ڕەش” هێما و ڕەمزێکی پارادۆکسیکاڵە لە بوون و  ژیانی نەتەوەی کورد.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی 16ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.