کۆڵبەرنامە
27 فوریه 2017 - 11:00
شناسه : 119919
بازدید 124
پ
پ

ئارام فەتحی

ئێرە نیشتیمانی ڕەنجە، ئەوەی ڕەنج لەم گۆی زەوییەدا هەیە لێرە ئەبینرێ و نیشتیمان بە دڵفراوانییەوە لە خۆیدا گلی داوەتەوە، مرۆڤەکانی ئەم نیشتیمانە بە ڕەنج گۆش ئەکرێن، ڕەنج هاوڕێیەکی گیانی­گیانییە هەتا مردن، هاتنییان ڕەنجە، ژیانییان ڕەنجە و مردنیشییان هەر ڕەنجە.

”کۆڵبەری” یەک لەو چیرۆکە تاڵانەیە کە تا سەر ئێسقان مرۆڤی ئازار داوە، لە درێژەی کاری کۆڵبەریدا چرکە بە چرکەی چەنەها تراژدی نووستووە، ئەو تراژدییانەی زۆر بە کەمی باس کراوە و کەمتر لەویشە هاتووەتە سەر کاغەز.

بەشێک لە ژیانی مرۆڤی ئەم گۆی زەوییە کە ڕەنگە کۆمەڵێ لە خەڵک ئاگاداری وردەکارییەکانی نەبن، ئەو ئازارانەی وشەی بۆ دانەتاشرابێ، ئەو ڕەنجانەی ئەدەبیاتێکی تایبەت ئەخوازێ، گۆشەیەک لەو دەردانە بوون و هەن و ئێستاش هێشتا ئینسانان پێوەی ئەتلێنەوە.

بە هۆی نادادپەروەری سیستمی ئابووری و سیاسی، نەبوونی بەرنامەی کارامە و بەکارهاتووی دابین کردنی پیشە و ئابووریی شارۆمەندان، نابەرابەری لە دابەشکردنی بودجە، هەلی کار، گەشەی سەنعەت، گەشتیاری و باقی ڕێگەکانی تری گەشانەوەی ئابووری، لە کوردستان و هەندێ ناوچەی تر، لە ناچاری و بێدەرەتانیدا خەڵکانێک ڕوو ئەکەنە گواستنەوەی کەلوپەلی جۆراوجۆر لە سنوورەکاندا. پیشەیەک کە ئەگەر بە پێی یاساکانی کاری جیهانی هەڵی سەنگێنی، بە هیچ شێوەیەک ناتوانی پێی بڵێیت کار، باسی بیمە، بەردەوامیی کار، ئاسایش، پشوو، خانەنشینی و … باسێکی پێکەنیناوییە لە کۆلبەریدا؛ ئەوەی بگۆڕی ئەو کارەیە، تەنیا مان و نەمانی تاکی کۆڵبەرە؛ ئەو هەتا بەخشینی گیانی لەسەر کارەکەی بەردەوامە.

لە مانگنامەی چیادا، ئەمانەوێ بە پێی دەرفەت تیشکێک بخەینە سەر وردەکاریەکانی ژیانی کۆڵبەری.

کۆڵبەر کێیە؟ ژیانی چۆناوچۆنە؟ چەندە ئازار دەچێژێت؟ چەندە سووکایەتی پێ کراوە؟ بۆچی مرۆڤێک دەبێتە کۆڵبەر؟ هەموو ئەوانە و هەر شتێکی تر کە کۆڵبەری بێ مینبەر، ڕەنگە حەز بکات باسی بکات.

لە قۆناغی یەکەمدا ئەمانەوێ ئاوڕ لە بەشێکی ڕەنج­بەکۆڵتر لە کۆڵبەران دەس پێ بکەین، بەشێک کە لە خودی خۆیدا بە ڕەنجێکی چەن بەرابەرەوە ژیاوە، ئەویش کۆلبەری ژنە، ئەو ژنەی چەرخی چەپگەردی دنیا بەو هۆی زۆر هۆکارەوە، تەنگی پێ هەڵچنیوە و ناچار بووە ڕوو بکاتە کۆڵبەری، ئەوانەی خۆیان کۆڵبەری هەتایی کۆمەڵێ ئازار و خەفەتن، کۆلبەری ژن، ئەوانەی دوو جار و سەدجار و هەزار جار نادادوەرییان پێ ڕەوا بینراوە.

لە سنووری مەریوان، تیمێکی ١٢ نەفەرەی کۆڵبەری ژن لە ڕێگای ناندا رەنجیان کێشاوە، ئەو ژنانەی هەر کامەو خاوەن تراژدی خۆیانن، دادە فریشتە وەکوو یەکەمین کەس لەو ژنانە هەڵبژێردرا، بەڕێزییان دوای ئەوەی شووەکەی لە ژیاندا نامێنێت و ٧ مناڵی بەلاوە جێ ئەمێنێت، بڕیار ئەدات بە هەر زەحمەت و بەدبەختییەک، مناڵەکانی بەخێو کات، دادە فریشتە ئاوا وەڵامی پرسیارەکانی ئێمە ئەداتەوە.

– چۆن بوو ڕووت لە کۆڵبەری کرد؟

بۆ ئەوەی مناڵم نانی منەت نەخۆن،کەس منەت نەکاتە سەریانا؛ مناڵم ناتەواوی نەکێشێ، ناچار بووم ڕوو لە کۆڵەبەری بکەم و هەموو زەحمەت و مەترسییەکانی قەبووڵ بکەم تا بتوانم مناڵەکانم بەخێو کەم.

– لە چ ساڵێکەوە دەستت دایە کۆڵبەری و بۆ ماوەی چەن ساڵ پێوەی خەریک بوویت؟

ساڵی ١٣٧٤بەملاوە، لەو ساڵانەوە کە ژنەکان کەوتنە ڕێگەی ئەو سنوورە منیش کەوتمە تەکیان، زیاتر لە ٥ ساڵ کۆڵبەریم کردووە. نزیک ١٢ ژن بووین، کە هەموویان مناڵ­بەبەر بوون و ناچار بوون خۆیان و مناڵەکانیان بەخێو کەن. دوو بەشمان، مناڵیشمان لە گەلدا بوو. لە بەر ئەوەی لە گەلخۆمان مناڵمان ئەبرد، بەشکم بەزەییان بێتۆ پیامانا، نەمانگرن. وەخت وا بوو بەزەییان ئەهاتەو وەخت وا بوو نەئەهاتەو.

– زیاتر لە چ وەختێکا بەرەو سنوور ئەچوون؟ بە چەن سەعات ئەهاتنەوە؟ باسی ناو ڕێگامان بۆ بکە.

کاتی مەلابانگدان رێ ئەکەوتین، شەو، سەعات دوانزە ئەهاتینۆ، یەک ئەهاتینەو. بە ڕۆژا ئەچووین، وەخت وا بوو نوێژ بەیانیمان ئەکرد ئەڕۆیشتین، ڕێگە ئەگیریا، لەوبەرۆ ئەماینۆ، یا لەمبەرۆ ئەماینۆ، ئەشیا خۆمان شاردایەتەو. ڕۆیشتنمان لە دەست خۆمانا بوو هاتنەوەمان بە دەس خوا.

– چ کەلوپەلێکتان ئەهانی؟ کرێ بارەکان چەن بوو؟ بژێوی ژیانی هەڵئەسووڕاندن؟

کەل وپەلەکان؛ چایی، تێخ، سابوون و … بەڵام زیاتر لە هەمووی چایی بوو. کۆڵ وابوو ١٠، ١٢ هەزار تمەن ئەماوە، وەخت بوو ١٠، ١٢هەزاری تیابوو، تێخ خێری باشتری ئەکرد، بەڵام مایە گران بوو، ئەگەر بگیرایە پارەیەکی زۆر ئەهاتە پێمان.

لەو کاتا، لە ڕێی سنووردا کەسێک بوو بە ناوی پاڵەوانی، زۆر عەزێەتی ئەکرد. جارێک لە گەل برایە ئەم کوڕما چکۆلە بوو ئەو تەکما بوو، بردمیە ئەو پاسگای بایەوە؛ ئەیوت؛ ئەشێ تۆ بە هیچ جۆرێ کۆڵبەری نەکەی. منیش وتم دەی باشە بێرە خەرجی مناڵەکانم بە، با کۆڵبەری نەکەم. پاڵەوانی ئەیوت:بۆ ژن عەیبە و بۆ ژن ئەمسە و ئەوەسە. زۆر داخوڕ و باخوڕی کرد لەتەکما. بەڵام ئاخری هەرجۆرێ بوو بەری دام. منیش گەڕامەوە و دیسان چوومە ئەوبەرۆ، کۆڵێکم هاورد و هاتمەوە. تەنانەت سوێندیشی دام دا کە نەچم بۆ کۆڵبەری. بەڵام ناچار بووم.

– هەڵسوکەتی خاوەنبارەکان چۆن بوو لەگەڵتان؟

خاوەنبار، چە هی ئێرەیشە و چە هی سنوورەکەیش رێزی زۆریان لێمان ئەگرت. ئەم دووکاندارانە لێرە ئیستەش هەر رێزمان لێ ئەگرن.

– لە سەر سنوور تەقەیان لێ ئەکردن؟

بەڵی، تەقە ئەکرا؛ زۆر جار گوللە بە بەرپامانا داکەوتووە.

– مەترسیی تەقینەوەی مین هەبوو؟

بەڵێ، مەترسی بوو، لە چەمۆ ئەچووین، تەنانەت جارێک دوو مناڵی خۆم لە گەلما بوو، کەنیشکەکەم لە ڕێ لایدا و چووە ناو مەیانی مینەکان، کوڕەکەم قیژاندی و نەوی لە پەلی و هاوردیۆ سەر ڕێگاکە! توولە ڕێگەیەک بوو لەو کاتەدا لە چەمۆ ئەچووین، ئەمانکردە ئەوبەرۆ مینی تێدا بوو.

– ڕوانینی خەڵک بۆ ئێوە وەک ژنێک کە خەریک کۆڵبەری بوون چۆن بوو؟

وەڵا هەرکەسێ تێگەیشتوو بووبێ فرە باش بوو. وەلێ خەڵکی نائاگا هەبوو، ئەیانوت؛ خۆشکە بۆچی ئێوە کۆڵبەری ئەکەن؟ ئیتر ڕۆژ نەبوو نەیانوتایەت؛ دەی بۆ شووەکەت نایە، دەی بۆ خۆت تیت؟ یەکێک حاڵی کەی… دوان حاڵی کەی شووم نییە!

کاتی وا هەبوو مەسەلەن ئەموت؛ شووەکەم نەخۆشە. جا لە بڕێک شوێنا، بێژی شووم نییە بە چاوێ تر سەیرت ئەکەن. بیری خراپت لە بارەوە ئەکەن. ناتوانی تۆ هەموو ڕۆژێ بێژی شووم نییە و بێوەژنم. ئەڵبەتە دووکاندارەکانی ئەودیوی سنوور ئەیانزانی. لە ناو دووکاندارەکانی ئەو دیو سنوور کەسێک هەبوو بە ناو دوکتور بانگیام لێ ئەکرد. ئەوە فرە باش بوو. دوکتور نەبوو، بەڵام دەرزی(ئامپول) ئەوەشاند، پێیان ئەوت دوکتور؛ دوو بەشی ئێمە لای ئەو کۆڵمان ئەهاورد.

– ئایا لە لایەن هاوڕیکانتانەوە یا پیاوێکی کۆڵبەر سووکایەتیتان پێ کراوە؟

نەوەڵا ئێمە لەگەل دەستەیەک ئەڕۆیشتین کە پیاوەکانیش تەکامانا بوایەتن. دوو بەشی ڕیش چەرمووەکان بوون، ئاشنا بوو. لە برا و لە باوک و لە هەموو کەسێ بۆ ئێمە باشتر بوون. مەسەلەن شەو لەو شوێنێکا ئەماینۆ ئەو پیاوانە فرە باش بوون بۆمان. پیاو ڕیشچەرموو و ئاشنای زۆری تیا بوو.

 

– تکایە ئەگەر ئەکرێ یەک لەو شتە ناخۆشانەی بۆتان هاتوتە پێش، بۆمان بگێڕنەوە

من تەنانەت سەرباز شەقی داهاوردوەتۆ شەقم تێ هەڵبا، لەسەر کاناڵی سەرسنوور، لە دەشتی بایەوە، لە بەر پاسگاکە. بەسەرهاتی ناخۆشم زۆر بووە. بڕێک وەخت باجیشیان لێمان ئەسەند. لەو کاتەدا ٥٠ تمەنیان ئەسەند، ١٠٠ تمەنیان ئەسەند، ٢٠٠ تمەنیان ئەسەند. لەمەودوا  بوو بە ١٠٠٠ تمەن.

شتی ناخۆش بۆ من ئەوە بوو، ڕۆژی وا بوو، پاسگا و بازرەسیەکان نەیان ئەهێشت، لە رێی زەلکاوەکانی زرێبارۆ ئەهاتین، بۆ من زۆر سەخت بوو. نەک تەنیا بۆ من، بۆ گشت ژنەکان. کۆڵبەری شارەکانی تر لە گەلمان بوون، خەڵکی تریش بوون. بڕێکیان سەیرمانیان ئەکرد. بڕێکیش ئافەرینیان ئەکردین. بەڵام بۆ من زۆر ناخۆش بوو، تا بارەکەم ئەخستە ناو ماشین لە خەجاڵەتییا خەریک بوو دائەڕزیام. ناچار بووم بە حەگاڵەکەم سەروچاوم داپۆشم تەنیا چاوم بەدەرەوە بێت.

(ئەم خاتوونە ئێستا ٦٤ ساڵ تەمەنیەتی، بە بۆنەی زەختی ساڵانی کۆڵبەری تووشی دیسک کەمەر بووە، ڕۆژانی سەختی و چەرمەسەری خۆی، بە دڵی پڕەوە ئەگێڕێتەوە، گەرچی وەک خۆی ئەڵێ؛ قەد پەشیمان نییە، چونکە وا هەست ئەکا بە شەرافەتەوە ژیاوە و مناڵەکانی بە ڕەنجی کۆڵی هانیوەتە بەرهەم.)

 

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.