بێهزاد قادری
لە شەوێکی بێکۆتاییدا، سەرگەردان و وەیلانم. سارد و بێئاواز، مەودای هەنووکە و سبەی، تێدەپەڕێنم. لە دەمارەکانمدا، نە جوڵەیەک هەیە و نە هەڵقوڵینێک. دەنگیشم، بێدەنگی هەڵبژاردووە. هیچ نیگایەک گەرمم ناکاتەوە. سێبەرێک دراوەتە کۆڵمدا و هیچ هێزێک ناتوانێت لێمبکاتەوە.
دڵم لە ترپە کەوتووە و ئیدی خۆی ناکوتێتە دیوارەی سینگمدا؛ باڵی هەزاران پەڕەسیلکەیش نایهێنێتە فڕین؛ پێی هەزاران “هەزارپێ”یش نایجوڵێنێت؛ کارەبایش توانای ڕاچەڵەکینی ئەوی نییە.
لە ئازاریدام؛ ڕۆحم ماندوو، دەستەکانم بێئارام، چاوانی پڕ ئەسرینیشم هاتووەتە جڕ. هەموو ئەستەمییەک لە هەناسەکانم بوونەتە وشە. پێنجهەزار قڵیش، پێستم شیتاڵ دەکەنەوە و ئەلفبێی سروودم وەها ڕەویاوەتەوە، کە خۆی بە هیچ ئاڵایەکەوە ناگرێت!
چاوانی پڕ لە مۆسیقا و گۆرانی، خنکاون. هەزاران دەنگ بە گوێی کەڕدا دەڕۆن. کاروانی پەپوولەکان، بە هەزاران ڕەنگەوە، ڕێگەی کەشکەڵانیان گرتووەتەپێش. ئیدی نە لەگەڵ باراندا دەگریەن و نە لەگەڵ هەوردا دەتریشکێنن؛ لەگەڵ تیشکیش ئیدی پەلکەزێڕینە ناکەنە پردی ئاسمان. مانیان گرتووە! لە چی جوانییە پارێز دەکەن.
هەزاران جلە شڕە کە لە توێتوێیاندا هەزاران چیرۆک نێژراوە، وەک شەمەندەفەرێکی هەرەدرێـــــــژ لە بەرچاوم تێدەپەڕن؛ پەلکەکانیش مارئاسا لە نێو خاکدا…
نە چاوەکان لەجێی خۆیاندا ماونەتەوە و نە زمان. ددانەکان کەوتوونەتە دەرەوە و پانتۆڵەکان هەڵکراون؛ پشتوێنەکان جێماون و جامانەکانی شوانیش، شاخەکانی ڕۆژهەڵات دەتەزێنن. نە قەپێک لە سێو و نە بۆنی پرتەقاڵ دەمحەسێنێتەوە و نە خوێندنەوەی ئەنفالیان.
دوای خنکانی هەڵەبجە، سێو مانی گرت لە سێوبوونی خۆی، پرتەقاڵ بڕیاری دا بۆنی خۆی بکوژێنێتەوە… وشەیشم ڕایگەیاند که سکاڵا نانووسێت، بەڵکوو تۆڵەنامەیەک پڕ دەکاتەوە و پیت بە پیتی دادەتاشێت و حیزه نیگاکان کوێر دەکات.
مانگنامەی کوردەواری/ ڕەشەمەی ۲۷۱٦









ثبت دیدگاه