پەیفی چیا
18 مارس 2017 - 0:17
شناسه : 119988
بازدید 123
پ
پ

٢١ی فێڤرییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی
٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن
١٦ی مارس، ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی خەڵکی کورد لە هەڵەبجە
٢١ی مارس، نەورۆزی کوردەواری و نوێ بوونەوەی سروشت
ڕەشەمە مانگێک پڕ لە بۆنەکان، ئەو بۆنانەی تەنیا ناویان هاتووەتە ناوچەی ئێمە و فەلسەفەی بوونیان وەرنەگێڕدراوە. هەموو ساڵێک لە کاتێکدا ئەم بۆنانە بە شێوە جۆراوجۆرەکان یاد ئەکەینەوە، کە تا ئێستایش ئاسۆیەکی ڕوون بۆ وەدی هاتنی ئاواتەکان دیار نییە.
مافی زمانی دایکیی نەتەوەکانی ئێران تا کەی نادرێ؟
زمانی دایکی بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە لە خوێندن و پەروەردەوە بگرە هەتاکوو زمانی ئیداری و پێوەندییە فەرمییەکان، وەکوو یەک لە سەرەتاییترین مافی هەر نەتەوەیەک، تا ئێستاش لە زۆر شوێن وەکوو ئێران، هێشتا لە بندەستایە. تا ئێستاش نەتەوەکانی تری ئێران (جگە لە فارس) مافی خوێندن بە زمانی دایکییان نییە و دەسەڵات هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەکردەوەکردنی ئەو مافەی نییە. کوردەکان، بەلووچەکان، عەرەبەکان، تورکەکان و … هەموو خاوەن زمانەکانی تر، ناتوانن بە زمانی دایکییان کاروباری ئیدارییان ڕێکبخەن؛ مافی ئەوەیان نییە بە زمانی خۆیان موکاتباتی ئیداری بکەن؛ لە ناوەندە قەزاییەکاندا بە زمانی دایکی لەسەر مافەکانی خۆیان نادوێن و ئەمە ئاشکرا زەوت کردنی مافی ملیۆنان شارۆمەندی ئێرانییە.
کۆمەڵگەی پیاوساڵاری ئێمە، مافی ژن پێشێل دەکات
گەرچی زۆر هەوڵ دراوە کە ژن وەکوو جاران مافەکانی نەدرێتە بەر پەلامار و وەکوو مرۆڤێک ڕێزی لێ بگیریەت، بەڵام لە مەیدانی عەمەڵدا هەتا ئێستاش ژن لەم کۆمەڵگایەدا شارۆمەندی دەرەجە یەک نییە، هەتا ئێستاش ژن لە مافە سەرەتاییەکانی ژیانی تاکەکەسیی خۆی بێبەشە؛ هەتا ئێستاش لە گۆشە و کەناری ئەم وڵاتە، کوشتنی مافەکانی ژن بەردەوامە. بەداخەوە نەریتە باوەکان بەتایبەت لەسەر پرسگرێی ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ئێمەدا، هەتا ئێستاش دەوری خۆی ئەبینێت و دونیای مودێڕن نەیتوانیوە ئەو سنوورانە ببەزێنێت.
هێشتا ئیرادەی ژینۆساید بنەبڕ نەبووە
کۆمەڵکوژی بەشێکی قیزەونی حاشا هەڵنەگری مێژووی مرۆڤە، کردەوەیەک کە شانازیی زانستی سەردەمی مرۆڤە. لەوەتەی مرۆڤ دەستی گەییوەتە تەکنۆلۆژیی بەکۆمەڵ کوشتنی مرۆڤەکان، خۆی لە هیچ هەلێک بۆ ئەو جەنایەتە نەبواردووە. هەر لە کومەڵکوژیی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکاوە بگرە هەتا هیرۆشیما و ناکازاکی و … تا ئەگاتە عەمەلیاتی ئەنفال و هەڵەبجە؛ ئەمە ڕەوتێکی تێکەڵ بە مێژووی مرۆڤە؛ بکەرانی ئەو جەنایەتە قەد بەو شێوەیەی کە ئەبوا دادگایی نەکراون و نەبووەتە بەربەستێک بۆ ئەوەی تاقمێکی تر لەم گۆشەی زەوییە شتی وەها نەکەنەوە. مرۆڤایەتی شەرمەزاری ئەو کارەساتانە نەبووە ئەگەرنا شنگال و کۆبانێ نەدەقەوما؛ ئیرادەی ژینۆساید بنەبڕ نەبووە و خووی سڕینەوەی ئەویدی، بە نامرۆڤانەترین شێوە لە دەسەڵاتەکانی سەردەمی ئەمڕۆدا نەهادینەیە و ئەزموون دەری خستووە کە هەر کاتێک بە قازانجی دەسکەوتەکانی خۆیانی بزانن، بە کاری دێنن.
نەورۆز، هۆنینەوەی سروودی ژیان و ژیانەوە
٢١ی مارس ڕێکەوتە لەگەڵ نۆژەن بوونەوەی سروشت و گۆڕینی جلی سارد و سەرما بە ژیانەوە و زیندوو بوونەوە؛ ئەو دەمەی زەوی لە خەوی زستانە بەخەبەر دێتەوە و سەرلەنوێ دەست ئەداتە ڕسکان و سەوز بوون. سیکلێکی هەمیشەیی سروشت کە تا ئاستێک توانیویە خۆی لە دەستی تێکدەرانەی مرۆڤ دەرباز کات. نەورۆز خاڵێکی دەسپێکەرە کە ئەتوانێ پێناسەیەکی تازە بێت بۆ ژیان بە هەموو بگۆڕەکانیەوە؛ بە هۆی ئەوانەوەیە لە کولتووری ئێمەدا پیرۆزییەکی تایبەت دراوە بەو ڕۆژە، پیرۆزییەک کە تێکەڵی مێژوو و سەرهەڵدان و شۆڕشەکان بووە؛ وزەیەکی نهێنی کە خۆڕسک لە ناخی مرۆڤی ئەم ناوچەیەدا پەل دەهاوێژێتە ئەو مافانەی خەوێندرابوون و جەسارەت ئەکەنە پێشڕەوی ژیانیان.
ئەنجومەنی سەوزی چیا وێڕای یادکردنەوەی هەموو ئەو بۆنانە، هیوادارە چیدی هیچ نەتەوەیەک لەم گۆی زەوییە، بێبەش لە مافی زمانیی خۆی نەکرێت؛ هیچ ژنێک لە هیچ کوێیەک مافی زەوت نەکرێت؛ کۆمەڵکوژی بۆ هەمیشە ببێتە بیرەوەرییەکی تاڵ و شەڕ و ئاژاوە نەمێنێت و خۆر تیشکی ئازادی بهاوێژێتە مەزرای بەرینی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئاوەدانی خەرمانەی ژیانی مرۆڤایەتی بێت؛ یەکسانی و بەرابەری و یاسا سەروەر بێت و دانیشتووانی گۆی زەوی لەگەل هەتاو پەیمان نوێ کەنەوە

 

لە بڵاڤۆک چیا ژمارەی 17 بڵاو بووەتەوە

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.