پ
پ

ئومید ڕەشیدی

نەورۆز بە واتای هاوسەنگیە، ئەو کاتەی شەو و ڕۆژ یەکسان دەبن. بە واتایەکی تر هەموو شتێک لە سروشتدا هاوسەنگە و بە تەنیا ئەو کاتەی شتێک کەم یان زیاد ئەبێ کە مرۆڤ بە شێوەیەکی نائاوەزییانە و بۆ مەبەستێکی تەماحکارانە کەڵکی نەشیاو لە سروشت وەرئەگرێت. کەوابوو دەبێ لە نەورۆزەوە فێری هاوسەنگی ببین؛ هاوسەنگیی نێوان بەرژەوەندی تاکەکەسی و گشتی، ژیانی بەردەوامی خۆجێیی و جیهانی و بەرهەم و سەرچاوەی بەرهەم، بەتایبەت لە سەرەتای وەرزی بەهاردا و بە مەبەستی کەڵک گرتن لە ڕووەکی خۆراکی و دەرمانی و چەشنگەلی تری کەڵک گرتن لە بەرهەمەکانی دارستان و هتد.

دەبێ بە ئەندازە لە سەرچاوە سروشتییەکان کەڵک بگرین، نابێ بە تەنیا بیر لە ئێستا بکەینەوە، بەڵکوو دەبێ بە هەمان ئەندازەش لە بیری دواڕۆژدا بین.

نەورۆز یانی ژیانەوە، نوێ بوونەوە، ڕابوون و لەدایکبوونێکی سەرلەنوێ، ئەو کاتەی ژیان و سروشت لە خەو هەڵدەستن و دەبنە سەرەتایەکی نوێ بۆ سووڕی ژیان. دەبێ ئێمەی مرۆڤ لە نەورۆزەوە فێری ئەوە ببین کە بۆ دوورکەوتنەوە لە دەمارگرژی، بیرۆکەی خۆمان سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە و لە ڕێگای بیرکردنەوە لە ئاسۆ نوێیەکان و بە بیرۆکەیەکی ڕەخنەگرانەوە، باشتر و قووڵتر لە جیاوازییە سروشتی و مرۆڤییەکانی سەرگۆی زەوی بگەین. لە ڕێگای پێداچوونەوە بە کارنامەی ژیانی ساڵی ڕابردوومان، مەبەستگەلێکی سازەندە دیاری بکەین و هەوڵ بدەین بە ناسینی ماف و ئەرکەکانمان ببینە تاکێکی بەرپرسیار بۆ کۆمەڵگا و ژینگەی خۆمان.

ئەگەر نەورۆز ڕێوڕەسمێکی گشتییە، دەبێ هەموان دەورێکی شیاوی تێدا بگێڕین؛ کەس بۆی نییە بە شێوازێک نەورۆز بکات کە ببێتە هۆی بێزاریی خەڵکی تر. هەر بۆیە پێویستە بە چەشنێکی ژینگەپارێزانە بەدوور لە هەر جۆرە پیس کردنێکی دەوروبەر(پیس کردنی هەوا، دەنگ و کاول کردنی شەقام و ئەسفاڵت و سامانی گشتی و سروشتی) ، نەورۆز بکەین. بە واتایەکی تر لە سوووتاندنی لاستیکی ماشین و شتگەلی دیکە کە دەبنە هۆی پیس بوونی هەوا و دەوروبەر، وە هەروەها یاری کردن بە ئاگر و تەقەمەنیی مەترسیدار، کە هەندێ جار دەبنە هۆی بریندار بوون و مردن، بەتایبەت لە نێو منداڵاندا خۆ بپارێزین.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی سەوزی چیا هەوڵی داوە هاوکات لەگەڵ چەمکگەلی ئازادیخوازی و بەرابەریدا ڕەنگوبۆی ژینگەپارێزانە بداتە نەورۆز و ئەم هەلەش وەک بوارێک بۆ زاڵکردنی گوتاری ژینگەپارێزی بگوازێتەوە؛ هەر لەم بوارەدا لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە خاوێن کردنەوەی هاوکاتی پتر لە ١٠٠ ئاوایی و دەوروبەریان لە ژێر ناوی بزووتنەوەی ”خاوێن کردنەوەی ئاواییەکان”، ڕێوڕەسمی نەمام­ناشتن و رێکخستنی بزووتنەوەی ”چەکی سەوز” لە ئاکامی فێرکارییەکانی کومیتەی فێرکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە پتر لە ١٨٠ ئاواییدا بەروەپیریی نەورۆز ڕۆیشتووە.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین ئەگەر خوازیاری بەردەوام بوونی ژیان لەسەر گۆی زەوینین، ناچارین بیر و شێوەی ژیانی خۆمان لە ڕوانگەیەکی هێڵی و تاکڕەهەند و یەک جار کار پێ کراو(یکبارمصرف) لە ئاستی سەرچاوەکان بۆ ڕوانگەیەکی سیستمی، بازنەیی و فرەڕەهەند کە تێیدا هەموو شتێک بەرهەم دێتەوە، بگۆڕین.

 

ئەم وتارە لە مانگنامەی چیا ژمارەی 17 چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.