ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوە،”کومیتەی ئاوایی گوندەکان” ی (کمیتە روستایی) ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات،لە درێژەی کار و چالاکی فەرهەنگی و مەیدانی خۆی سەردانی گوندی خوڕخوڕەی کرد و لە گەڵ خەڵکی ئەو ئاوایییە کێشە وقەیرانە ژینگەیییەکانی ئەو ناوچەیەی بە گشتی و ئەو گوندەی بە تایبەتی، تاوتوێ کرد.
لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو سەردانانەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات ـ ی بۆکان، لە گوندەکان و ئاوایییەکانی سەر بەشاری بۆکان،یەکەم دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ مشۆرخوران و ژینگەدۆستانە و پاشان هاوکاری و کاری هاوبەشی ژینگەیییه بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە ژینگەیییەکان و هەروەها تێکۆشان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری و هوشیاری ژینگەیی جەماوەری ئەو ناوچانە.
ئەو ئەنجومەنە هاوکات چەندین نەمامیشی وەک دیاری نەورۆزانە پێشکەشی سروشتی ئەو ئاوایییە کرد و لە حەوشەی مەدرەسەی ئاوایی خوڕخوڕە،بە هاوکاری لاوانی تێکۆشەر و مشوورخۆر، دەستیدایە چاندنی ئەو نەمامانە.
شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییە ژینگەیییە،ئەنجومەنی وڵات،بە شداری لە مەراسمی کۆتایی خولی فێرکاری زمانی کوردی و دانی بڕوانامە بە خوێنکارانی گوندەکانی خوڕخوڕە،زیڕاندۆڵ،سڵامەت،ساردەکۆێستان و زاواکێو کە لە ئەستۆی فێرگەی زمانی کوردی ئەدەب ـ ی بۆکان بوو،کرد.
دوای کۆتایی ئەو مەراسمە،بە خۆشحاڵییەوە بە تێکۆشانی لاوان و مشوورخۆرانی زمان و ئەدەبی کوردی و فێرگەی زمانی کوردی ئەدەب و مامۆستای زمانی کوردی،خاتوو سووسەن حەسەنزادە،کتێبخانەیەکی خنجیلانەش بە دەستی ئەدیبان و شاعیرانی ئەنجومەن ئەدەبی بۆکان و بەشداری خەڵکی ئاوایی و ئەنجومەنی وڵات، دەستی بە کار کرد.
ئەنجومەنی وڵات لەگەڵ سەردانی ئاوایی خوڕخوڕە، لە شوێنی کۆبونەەی ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی فێرکاری زمانی کوردی کە لە مزگەوتی ئاوایی بەڕێوە چوو،وێڕای پێشکەش کردنی وتار لە لایەن ئەندامی لێژنەی بەڕێوبەری وڵات،بەڕێز سمکۆ مەعڕووفی،تڕاکت و بڕووشوری بە سەر دانیشتووانی ئەو گوندەدا بڵاو کردەوە.











ثبت دیدگاه