خەلیل خاوەریان

زمان، هەبوونی مرۆڤە. بێ زمان نە ژیان دەکرێ نە مرۆڤیش پێش دەکەوێت. زمان دەسمایەی کولتوری و چاندی مرۆڤایەتییە. کاتێک باسی پاراستن، پەرەپێدان و بەهێزکردنی دابونەریتی کۆمەڵگایەک دەکرێ، ئەوە زمانە کە ڕابردوو و ئێستای ئەو کۆمەڵگایەی پێکەوە گرێ داوە. زمانی دایکیش یەکەمین ڕاهێنانی زانستییە کە دوای فێر بوون لە باو و باپیران و دایک و دایەپیرەکانمانەوە، وەک میراتێک بۆ منداڵان و نەوەکانمانی دەگوێزینەوە.
بە پێی یاسا سروشتییەکانی زانستەوە، هەر تەوەرێک لە سەر ڕەواڵی بەرفرەبوون و پێشکەوتنی خۆی لەگەڵ زۆر کەندوکۆسپ دەرگیر دەبێت. زانستی فێر بوون و ڕاهێنانی زمانی دایکیش وایە؛ لەم زەمەنە ناسکەدا کە زانست و تەکنۆلۆژیا وەک هەژموونێک باڵی بە سەر هەموو ژیان و سروشت و ژینگەی مرۆڤەکاندا کێشاوە، زمانی دایکیش گەر ئاخافتن و نووسین و خوێندنەوە و بەکارهێنانی پێ نەکرێ ئەوا مەترسیی لە ناو چوونی زۆرتر دەبێ و وردەوردە وشەکانی لە ناو دەچێت و زمانی زانست و نامۆی تەکنۆلۆژیا خۆی جێگیر دەکات.
کاریگەرییەک کە زمانی دایکی لە سەر مرۆڤ هەیەتی بۆ گەشە کردن، تا کۆتایی ژیانی مرۆڤ ئاسەواری دەمێنێتەوە و ئەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە بەدەست خستنی سەرکەوتن و گەشە کردنی مرۆڤ.
زمانی دایکی زمانێکە کە لە دایک و باوک و کەسوکارەوە فێر بوویین و بە وتەی شارەزایانی ئەو بوارە، منداڵ لە سکی دایکیدا بە ئامرازەکانی ئەو زمانە ئاشنا دەبێت و لە دوای لەدایک بوونیدا ئەگەر گریا، بە زمانی دایکی قسەی بۆ بکرێت ئەهون دەبێتەوە و گوێت لێدەگرێت.
منداڵ بە زمانی دایکی، خۆی دەناسێت و هەوڵ دەدات کە دەوروبەریشی هەر بەو زمانە بناسێت؛ هەر بەو زمانەشە کە تێڕوانین و ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە دەوروبەری دەخاتەڕوو. هەروەها زمانی دایکی یەکەمین زمانە کە منداڵ هەست و خۆشەویستیی دەوروبەری پێ دەگات و لە ڕوانین و ڕوانگەی هەست و خۆشەویستیی ئەوان سەبارەت بە خۆی تێ دەگات و پەیامەکانیان وەردەگرێت. لە کاتی قسە کردن بە زمانی دایکی، زمان و ددان و هزر و مێشک و هەست هەر هەموویان پێکەوە دەبنە یەک و پێکەوە لە پێوەندییەکی نزیکدا دەبن بۆ ئەوەی کە مرۆڤ باشترین ڕستە و جوانترین هەست بە دەوروبەر بگەیەنێت و خەڵک لە هەست و بۆچوونەکانی باش تێبگەن. قسەکردن و ئاخاوتن بە زمانی دایکی دەبێتە هۆی زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی هزر و ئەندیشەی مرۆڤ.
زمانی کوردییش یەکێک لەو زمانە زیندووانەی جیهانە کە تا ئێستا توانراوە بپارێزرێ و نەتوانرێ گۆڕانێکی وەهای بەسەردا بێت. بەڵام مەخابن لە بەر نەخوێندن و نەنووسین لە قوتابخانەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسی سڕینەوە زۆرتری لە سەرە؛ یەکەمین بەرپرسیاریەتی کە لێرەدا ئەکەوێتە سەر شانی دایک و باوک و کەسوکاری منداڵان، کە خۆیان لە ماڵەوە بتوانن منداڵەکانیان فێری خوێندنەوە و نووسین بە بکەن؛ منداڵێک کە بتوانێ زمانی دایکیی خۆی باش بە کار بهێنێت باشتر ئەتوانێ زمانی دووهەم و سێهەمیش فێر ببێت.
زۆر بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایدا لە زۆربەی ناوچەکانی کوردەواریدا دایکان و باوکان بە زمانی دیکە لەگەڵ منداڵەکانیان دەدوێن. لە بەر ئەوەی وا هەست ئەکەن منداڵەکانیان بۆ چوونە قوتابخانە هیچ کێشەیان نابێت و بەبێ ئەوەی لەهجەیان ببێت ئەتوانن قسە لەگەڵ کەسێکی فارس و بیانی بکەن. گەر بە زمانێکی دیکە منداڵانمان فێری ژیان کردن بکەین، هەر ئەوەندەی منداڵ توانیی لە چوارچێوەی ماڵ بچێتە دەرەوە، ئەوا بۆ پێوەندی گرتن بە دەوروبەریەوە تووشی کێشە دەبێ و ناتوانی لە زمانی راستەقینەی کۆمەڵگاکەی تێ بگات و ناتوانێ وەک پێویست هەستی خۆی نیشان بدات. ئەوەی کە بە زمانێکی دیکە لەگەڵ منداڵانمان قسە بکەین نیشانەی ڕۆشنبیر بوون نییە، بەڵکوو دەرکردنی منداڵانمانە لە ڕاستینەی خۆیان. لێرەدا ئەوە ئاشکرایە کە زمانی دایکی زۆرتر بە دایکانەوە گەشە دەکات؛ با دایکان خۆ بە بەرپرس بزانن و بۆ خۆنواندن، منداڵانیان فێر نەکەن بە زمانێکی دیکە بانگیان لێ بکەن؛ با دایکان بە زمانی خۆیان، لای لایە و قسە و شیعر و چیرۆک بۆ منداڵانیان بڵێنەوە. ئەگەر پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵ بە زمانی دایکیی خۆی نەبێت، بۆشاییەک دەکەوێتە ژیانی منداڵەوە کە شوێنەواری نەرێنی لە سەر داهاتووی ئەو دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوە کە کەسەیاتییەکی لاواز ڕەوانەی کۆمەڵگا بکرێ. پێداگری لە سەر قسە کردن بە زمانی دایکی، دوژمنایەتی لەگەڵ زمان و نەتەوەکانی دیکە نییە. بەڵکوو مرۆڤ تا زمانەکانی دیکە زۆرتر بزانێت باشترە. مرۆڤێک نەتوانێت زمانی خۆی فێری منداڵەکەی بکات چۆن ئەتوانێت چاوەڕوانی لە منداڵەکەی ببێت زمانێکی دیکە باشتر فێر ببێت.
مرۆڤ بە زمانی دایکیی خۆیەوە ئەتوانێت هەم بە شێوەی تاکەکەسی و هەم بە شێوەی گشتی، هەبوون و چێ بوونی خۆی بە دونیا بناسێنێت. بێبەش کردنی منداڵان لە زمانی دایکی و دابونەریتی خۆیان، مەترسی هەڵوەشانەوە و لێکترازانی بۆنە مرۆیی و سروشتییانەی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگای بەدواوەیە.
ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.








ثبت دیدگاه