کۆڵبەرنامە…
03 آوریل 2017 - 18:41
شناسه : 120044
بازدید 1428
پ
پ

چیرۆکی ژێر هەرەس
پێشکەشە بە ڕۆحی هەموو کۆڵبەرانی گیانبەختکردووی ڕێگای نان و ژیان
ئەمجەد حەیدەری


قەتارێک تارمایی، بەڕیز لە دڵی شەوەزەنگدا ملی ڕێگایان گرتووە و هەر جمەیان دێ. خرمەی بەستەڵەک و بەفری ژێر پێیان خەویان لە چاوی چیا زڕاندووە و کۆکە و هەناسەبڕکێ تێکەڵی لوورەی جارجارەی سەرلووتکەی چیا دەبێت و ترس هەتا مۆخی ئێسقان دەزریکێنێ…
“ڕێبوار” جامانەکەی لە سەرو ملی پێچاوە و هەردوو دەستی لە شریتی کۆڵەکەی توند کردووە. پەیتا پەیتا سەر هەڵ ئەبڕێ و ئارەقی نێوچاوانی بە قۆڵی پاڵتاوەکەی ئەسڕێ و دەڕوانێتە ناوقەدی شاخ و ئەمجارەیان ئەژنۆکانی زۆر بێهێز دەنوێنن.
ڕەشەبایەکی قایم هەڵدەپێچێتە ناو بناری کوێستان و دەیکا بە بۆران و لە ناو دەوەنەکاندا وەک جەردە پەلاماری قەتاری کۆڵبەرەکان ئەدا.
پرووشکەی بەفر و ئارەقی ناوچاوانی وەک قامچی، سەر تەوێڵ و ڕوومەتی دەخاتە ژان و هەڵمی هەناسەی ئەوەندەی تر دەیهێنێتە سۆ. خەیاڵ هەڵی دەگرێ. هەر دوو لاقی لە کۆنتڕۆڵی دەرچوون و دوای هەموو خلیسکانێک تەزوو لە تەوقی سەریەوە بە هەموو لەشیدا دەگەڕێ. جارێکی تر خەیاڵ دەیباتەوە: کازیوە گیان ئادەی وەرە بزانە بابە چی بۆ هێناویتەوە؛ دەی چاوەکانت بنووقێنە جا ئەتدەمێ! کازیوە بووکەڵەکە توند بەسنگەوە دەنووسێنێ و هەر دوو چاوەگەشەکانی بریسکەی شادی دێت و کوڵمە ئاڵەکانی سوور هەڵدەگەڕێ؛ باوەش بە ملی باوکیا ئەکا و ڕێبواریش تێر ماچی ئەکا.
کڕێوە و بۆران ڕوو لە زیاد بوونە و چاو چاو نابینێ. لە دوێنێوە ئەژنۆیەک بەفر باریوە؛ کۆڵبەرەکان ڕێگایان لێ هەڵە بووە و شەکەت و ماندوو بەکوێستانا هەڵئەگەڕێن.
دوکتۆر گیان تۆخوا فریامانکەوە، بەشکەم عیلاجێ شەفایەک لای جەنابتان بێ! بەو غەوسەی لەنگەری بەغای گرتووە هەرچی هەس و نییەسم ئەیفرۆشم، بەشکەم خێزانم چاک بێتەوە.
قەتاری کۆڵبەرەکان تەنک کەوتوون. چەن کەسێکیان بەجێماون و هیچ دیارنین. قورعانە گەورەکەی نگڵ بەسەلامەت بگەڕێینەوە ناو ماڵ و خێزانمان.
ئای ئەختەر، چەنێ بڵێم ئەونە خەفەت مەخۆ. ئەی دوکتۆر نەیوت خەفەت وەک سەم وایە بۆت؟! ئەم دەرمان و دەرزییانە، تازە لە دەرمانخانە وەرم گرتووە؛ بەیانی بە تویتاکەی کا ڕۆسەم ئەڕۆین بۆ مەریوان ئەیوەشێنین. مەولووییم نەزر کردووە ئیشەڵا چاک ئەبیتەوە و کراسێکت بۆ ئەسێنم بەدڵ خۆت. ئێژن ئەم دوکتۆرە تازە لە خارج هەتووەتۆ؛ مەکتەبەکەی زۆر قەرەباڵغە.
کوولاک و کڕێوە سەری لە ئاسمانیش تێک داوە. لەپڕێکا سەری گێژ دەخوات و کڵێڵە بەفری ژێر قاچی ئەتەپێ و وەک گوڵۆڵەبەن تلێر ئەبێتەوە. ”حەزرەت غەوس… پیران تەرێقەت ئاگات لێم بێ”.
کۆڵەکە لە پشتی دائەکەوێ و وەک تەزبێحی چڕاو هەریەکەو بەلایەکا ئەپژێ:
ئای باوکەڕۆ چۆن ڕەنج بەخەسار بووم؛ باشە چی جواب بدەمەوە؟
مام ڕەحمان… هیوا… سمای… ئەرێ لە کوێن بۆ دەنگتان نییە؟!
هەڵئەسێتەوە سەرپێ. دەستێ دێنێ بە سەروڕیشیا بەفرەکە بسڕێتەوە، هەست بە هیچ ناکا؛ پەنجەکانی ژانی تێزاوە و بیشیبڕن بەخۆی نازانێ. شریفێک لە کۆڵەکەی، دوو سێ گوریس ئەولاترەوە کەوتووە.
-بابە، بابە گیان ئەها نمرەکانم سەیرکە، من و هەڵاڵە زیرەکترین قوتابیی پۆلەکەی خۆمانین.
باشە باوانەکەم با ئەمجارەیان بێمەوە یەک دەستە قەڵەم ڕەنگی جوانت بۆ ئەسێنم.
مام ڕەحمان ئەمە تۆی؟… ئۆخەی. ئای چیمان بەسەرهات! ئەگەر لە ترسی ئەوسەگبابانە نەبوایە، بۆ خۆمان ئەخستە ناو ئەم بەڵایە و خۆمان ئەدا لەم کوێستانە بەرز و پڕ مەترسییە. ماشەڵا ئەمساڵ بەفر قەرەبووی ساڵانی ڕابردووی کردۆتەوە و عەرز و ئاسمانی گرتووە. دەخیلتم مام ڕەحمان تۆ کۆنە ڕاوچی و شارەزای ئەم شاخەی بەشکم دەرباز بین.
باوکی ئەختەر دووکەڵی تووتنەکەی لە کونەلووتیەوە وەک ڕەشمار دەر ئەکا و پیرۆزبایی ئەڵێ بە کاک زۆراب. ڕێبواریش خێرا پەلاماری دەستی خەزووری ئەدا و ماچی ئەکا… دەنگی چەپڵە و گۆرانی لە دەور ئاواییشەوە دێتە گوێ و ڕێبوار لە شەرمان سوور هەڵگەڕاوە.
بەخوا مام ڕەحمان ئەم ئێوارە دایکم زۆر تکای کرد نەیەم بۆ کۆڵ؛ ئەیوت ڕۆڵە من ئەم قژەم لە ئاشا سپی نەکردووە، لە کوێستان بەفر زۆر ئەبارێ و دڵم ها لە مشتما، حەز ناکەم ئەم سەفەرە بڕۆی بۆ کۆڵ؛ ئەختەر و کازیوە بێنە بۆ ئێرە؛ کولێرە و مەژگە ئەکەین و ئەمشەو پێکەوە ئەبین. ئەرێ مام ڕەحمان ئەم ڕێگە زۆر غەریب دێته بەرچاوم؛ دنیاش زۆر بێدەنگە. ئەمە چوار ساڵە خەریکی کۆڵبەری و ڕۆژڕەشیم، نازانم بۆ دنیام لێ بووە بە چەرمە چۆلەکەوە.
کورە بەتوون… بەس ئەمجارە نەجاتمان بێ و بێوەی بگەڕێینەوە، تەڵاقی لێ ئەخۆم کۆڵبەری ناکەم و کۆڵ بۆ باوکیشم هەڵ ناگرم. ئەڕۆم بۆ تاران… کورە چوزانم بۆ ئەوشارانە بۆ کرێکاری، خۆ سەری دنیا بە پووش نەگیراوە.
یەک پشتوێن بەفر باریوە؛ برسیەتی و سەرما هێزی بۆ نەهێشتووەتەوە. هەر دوو دەستی دەکا بە ناو دەمیا و هەتا هێزی تیایە هاڵاوی ناو دەمی پیا ئەکا.
تف لەو چارەنووسە؛ چۆن ئەم شەوگار و بەفرە نابڕێتەوە.
مام ڕەحمان بە گۆچان ڕێگا ئەپشکنێ و تا کامەی گۆچانەکەی نوقمی بەفر ئەبێت.
کازیوە گیان، تاقانەکەی باوکی، ئاگات لە دایکت بێ دەرمانەکانی بخوات. ئادەی خێرا ئەو مەکینە و ئاوێنەم بۆ بێنە با ڕیشم بتاشم؛ جا بۆ نەورۆز و ساڵی تازە، یەک دەس جلی جوان و کەوشی بەرزت بۆ ئەسێنم.
هەناسەم زۆر توند بووە، گوێم،گوێم ، مام ڕەحمان گوێت لێیە؟…تۆ نایبیسی… ئەها ، ئەها… ئەڵێی بەفر، دەنگی گرمە و هاڕە هاڕەی بەفر. ئای براڕۆ… ئای…ئای کازیوە گیان… هەرەس… ڕنوو… هەرەس مام ڕەحمان، یا غەوس یا مەرقەدەکەی…
هەرەس.. لە ماوەی چاوترووکانێکا عەرز و ئاسمان بەیەک گەیشتن؛ بەفر و هەرەس باوەشیان بۆ ڕێبوار و مام ڕەحمان گرتەوە. ئەڵێی شاخ گیانی لەبەرە و لە ئێوارەوە سەیری قەتاری کۆڵبەرەکان ئەکات و هەر جمەیان دێ. ئیتر شاخ تاقەتی دیتنی ئەم هەمووە هەوڵ و کوێرەوەرییەی نەبوو و تەزووی پێدا هات، تەزوویەکی تا سەر ئێسقان تاڵ و کتوپڕ وەک برووسکە؛ کڵێڵە بەفری سەرشاخیش کەوتنە سەما و بەرەو دڵە مێهرەبانەکەی ڕێبوار کەوتنە ڕێ… ئاخر دڵی ڕێبوار زۆۆۆۆر گەورە بوو، پان و بەرین بەقەد هەموو ئەم دونیایە.
((هۆکاکی ڕێبوار خۆ منیش ڕێبوارم
خۆ منیش وێنەی تۆ خاڵە دڵ بریندارم))
ئێستا ئیتر ئەختەر لە دەلاقەی چاوەڕوانییەوە دەڕوانێتە شاخ و فرمێسکی حەسرەت هەڵدەڕێژێ و کازیوە لە سەر بانیجە ڕاوەستاوە و شنەی شەماڵی مانگی گوڵان ئەدا لە پرچ و ئەگریجەکەی و چاوە گەشەکانی بەسراوەتەوە بە ڕێگەی لاماڵان و چاوەڕێی هاتنەوەی باوکی دەکا. ئێستا بەجارێ دەنگی سروودی ”خوایە وەتەن ئاواکەی”ی مناڵانی قوتابخانە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ و کازیوە لە سەر تەختە ڕەشی پۆل بە دەستە بچکۆلەکانی دەنووسێ:
بابا نان داد، بابا جان داد.
مناڵ هەموو بە یەکدەنگ هاوار دەکەن:
بابا نان داد، بابا جان داد.
ئیتر لەو ڕۆژەوە هەموو شەوێ تا بەربەیان، قەتارێک ئەستێرەی گەش لە سەر ئاسمانی شاخ ئەدرەوشێنەوە و جمەیان دێ…
هەر جمەیان دێ…

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.