موحەمەد دانش

هەر لە مناڵییەوە کەسایەتیی ئەو بەلامەوە سەیر بوو، ژنێکی جیاواز بوو، خەیاڵی بەهێز بوو، پیاوانە جوێنی ئەدا، پیاوانە هەڕەشەی ئەکرد، شای بە کالیار ئەزانی. حەزی لە شتی جیاواز ئەکرد و زۆر شتی تر ببوە هۆی ئەوەی حەزکەم لێی نزیک ببمەوە و بڕێک بیدوێنم.
ئەو هەلەم بۆ نەڕەخسا تاکوو ئەو سەردەمەی بوومە خاوەنی سووپرمارکێت، ساڵانێک لەمەوپێش لە نزیک مەیانی بێسارانی مەریوان سووپرمارکێتێکم بوو کە بەڕێکەوت ئەو ماوەیە ببوە ڕێی هاتوچۆی “حەیات”. هەموو نیوەڕۆیەک ئەهات بۆ ئەو دەورە و دوای چەقڵەجەنگێی لەگەل مناڵە مەدرەسەیی، لە سێبەرێکا لێی دائەنیشت؛ منیش ئەچوومە لای و جاروبار ئاوێکی چیا‌و یان خواردنێکی ترم بۆ ئەبرد؛ ئەمانە بووە سەرەتای پێوەندییەک کە وای لێ هات ئیتر ئەهاتە دووکان و لە پشتی دەغڵ و شوێنی دانیشتنی خۆم بەسەعات دائەنیشت. ئەم دانیشتنەی ئەبووە هۆی ئەوەی بڕێ مناڵ یان گەورەیش سڵیان کردایە لەوەی کە بێنە لام و شت بسێنن؛ کە ئەڵبەت بۆ من فەیزی ئەو زاڵتر بوو لەو چوار قرانە.
باسی شتی جۆراوجۆری بۆ ئەکردم، زۆر وەخت ئەمویست بینووسم یان فیلمی لێ گرم یان لانی کەم دەنگەکانی تۆمار کەم، کەچی نەیەهێشت و پێی ناخۆش بوو، حەزی ئەکرد بە هەموو گیانم تەنیا گوێی بۆ بگرم؛ بۆ هەموو نەهامەتییەکانی، بۆ هەموو ئەو شتانەی کەس گوێی بۆ نەگرتووە یا باوەڕی نەکردووە یا پێیان ڕابواردووە؛ زۆر وەخت قسەی تکراری ئەگێڕاوە، بۆ نموونە چیرۆکی سەعای برای و براژنی دە جار ئەگێڕاوە، بڕێ وەخت ئەگریا، بڕە وەختێ پێ ئەکەنی، ئەگەر منیش پێکەنیمایە تووڕە ئەبوو و هەڵئەساوە بۆم.
جارێکیان بابەتێکم لەسەر نووسی، لە ژێر ناوی “ئەو کاتەی شێتێ تەنیا ئەکەوێت”، خۆیشم چەن وێنەیێکم لێگرت، لە دانەیەکیانا لە لای دووکانەکەما دانیشتبوو وتم بێسە با عەکسێکت لێ گرم، وتی بێسە خۆم عەکسێکم هەیە بزا بە دڵتە؟ ئەو عەکسەی لە گیرفانی سوخمەکەی دەرهانی و منیش وێنەیەکم گرت لە خۆی و وێنەکەی. دواتر بابەتەکە و وێنەکانم لە وێبلاگێکی خۆم دانا؛ گۆڤاری “وارڤین” لە باشوور، ئەو بابەتەی لە وێبلاگەکە هەڵگرتبوو و لە چاپی دابوو. گۆڤارەکەیان بۆ ناردبووم، ڕۆژێ حەیات هات و پێم نیشان دا، وتم ئەها وێنەی تۆیان لە چاپ داوە، سەیری کرد و فرەیەک پێکەنی، لەو پێکەنینانە کە ئەکەوت بە پشتا، ئەچووە دەرۆ و تاوێ دوای ئەوە ئەهاتۆ و تماشایە تری ئەکرد و ئەونەی تر پێ ئەکەنی.
چەن ساڵێ دوای ئەوە حەیات لە شار نەما، شار شتێکی کەم بوو، مەریوان بێ حەیات لارەو سەنگ بوو، هاوسەنگییەکەی تێک چووبوو؛ لەم ڕۆژانا هەواڵی کۆچی دواییی بڵاو کرایەوە، بەڵام حەیات لەو وەختەی لێرە نەماوە مردووە؛ مەریوان بێ حەیاتی پێوە دیارە و دیار ئەمێنێ.
**************
ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو بابەتەیە کە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی نووسیبووم:
له‌م ڕۆژگارە خه‌یاڵ قڕانه‌دا هه‌موومان مه‌حکوومین به ژیانی جدی.
“حەیات سەعا مردووە”
کام مه‌ریوانی هه‌یه ته‌نیا بۆ جارێکیش بووبێت ئه‌و ڕسته‌یه نه‌بیستبێت؟ یان له‌وانه‌یشه خۆی وتبێتی!
حه‌یات پیره‌کچێکی هه‌ورامییه که ساڵانێکی دوور و درێژه له مەریواندا ئه‌ژی. ئه‌و له دنیایەکی خەیاڵیدا، که خۆی دروستی کردووه بۆ خۆی ئە‌ژیی. له دنیاکه‌ی خۆیدا که‌سێک به ناوی سەعا برایه‌تی و به‌و پێیه‌ش براژن و برازایشی هه‌یه. له دنیای ڕاستیشدا سه‌عا هه‌یه، به‌ڵام هیچ پێوەندیه‌کی به حه‌یاته‌وه نییه. بەڵام ئه‌و هه‌ر سووره له‌سه‌ر ئەوه‌ی که سه‌عا برایه‌تی. چەند ساڵ لەمەوپێش که‌ریمیش برای بوو، واته هه‌ر به‌و شێوه‌ی که سه‌عای کردبووه برای خۆی، که‌ریم ناوێکیشی به‌برا دانابوو.
ئه‌یگێڕنه‌وه که گوایه حه‌یات کاتی خۆی جارێکیان شووی کردووه، به‌ڵام شه‌وی زەماوەنده‌که‌ی کاتێ زاوا ویستوویه‌تی له‌گه‌ڵی بخه‌وێت هاواری کردووه که خه‌ڵکه‌کە ئه‌م کابرایه ده‌یه‌وێ ئیشی خراپم له‌گه‌ڵ بکات و دواتریش له ده‌ستی هەڵهاتووه و ئیتر بۆ له‌وه‌ودوا حه‌یات قه‌د شووی نەکردووه.
پێستێکی ئه‌ستوور و سه‌وزه‌ی هه‌یه؛ کاتێ له که‌سێک ده‌ڕوانێ چاوی مژمۆڵ ده‌کاته‌وه، ئەڵێی له‌گه‌ڵ تۆ ئەدوێت و ناشدوێت یان به‌پێچه‌وانه‌وه. هەمیشه گله‌یی هه‌یه که گوایه سه‌عای برای لێی ده‌دا، ئه‌ڵێ ئه‌ها قاچم که‌وه بووه‌ته‌وه، سه‌یرکه باڵم چی لێ هاتووه… ئه‌ڵێ هەموو ئێواره‌یەک سه‌عا لێم دەدا؛
-ئه‌زانم هی چییه! براژنم فیتنه‌ییم ئه‌کات، ئا هی ئه‌وه‌یه ئه‌گینا کاکه سه‌عام ئەوەنه خراپ نییه.
تا ئاستی مردن براکه‌ی خۆش ده‌وێ؛ هه‌رچیش لێی بدات و ئەزیه‌تی بکات، هه‌ر خۆشی ئەوێت.
زۆر له‌مێژه مناڵانی شار به هەواڵی درۆیینی مردنی براکه‌ی یان براکانی تووڕه‌ی ئەکه‌ن؛
حه‌یات، سه‌عا مردووه! حه‌یات، که‌ریم مردووه!
حه‌یات کاتێ ئه‌مه ئه‌بیستێ به به‌رد ئه‌نێت به‌شوێنیانه‌وه، هه‌ر مناڵێکی به‌ر په‌ل بکەوێت لێی ئەدا و ده‌یکاته گریان. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌نها بۆ مناڵان نییه، به‌ڵکوو گەوره‌کانیش هه‌ر به‌وه تووڕەی ئه‌که‌ن، کاتی وا هه‌یه که زۆر تووڕه ئه‌بێ، شیشەی ماڵ و دووکان یان هی ماشین ئەشکێنێت.
به هاوین و زستان دوو کۆتی له‌به‌ردایه، یه‌کیان سوورێکی گەشه و ئه‌وی تریان نەختێ کاڵتر، هەریه‌که‌و دوو سێ گیرفانی گه‌وره‌گه‌وره‌ی هه‌یه که هەمیشه پڕیه له خواردەمەنی، ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک بۆ خۆی، ئه‌و ئه‌ڵێ بۆ مناڵه‌کانی سه‌عای ئه‌به‌مه‌وه. کراسه کوردییه‌که‌ی به‌ری، هەندێ جار ئاڵه و هه‌ندێ جار که‌وه‌یه‌کی کاڵ. هه‌میشه کەوشی پیاوانه له پێ ئه‌کات، قاچه‌کانی زل زل و قڵیش قڵیش وه‌ک قاچی پیاوی فه‌لا؛ ده‌سته‌کانی زبر وه‌ک دەستی کرێکار.
وه‌ک ڕاستییه‌ک، گه‌وره و چکۆله و ژن و پیاو و کچ و کوڕی ئەم شاره له هه‌ر چینێکه‌وه بگره له حەیات ئەترسن. تەنانه‌ت هەموو شێتەکانی تری شار، هه‌ر له‌بەر ئه‌وەیە دایک و باوکان بۆ ترساندنی منداڵه‌کانیان له حه‌یات که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرن.
– مه‌ڕۆ ده‌رۆ حه‌یات لێت ده‌دا.
– فڵانه‌کار مه‌که ئه‌گەرنا حه‌یاتت بۆ بانگ ئەکەم.
– فڵان شت نه‌خۆی یان فڵان شت بخۆی، ئه‌ڵێم حه‌یات بێت بۆت.
جا سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌و مناڵانه‌ی که وا دایک و باوکیان به حەیات ئه‌یانترساندن ئێستا خۆیشیان مناڵه‌کانیان به حه‌یات ئەترسێنن. حه‌یات بۆ مناڵانی مه‌ریوانی ڕۆڵی گورگانه‌شه‌وێی ئه‌وسا دەگێڕێ. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌ڵێم حەیات ده‌وری ڕاستەوخۆی هەبووه له پەروەرده‌ی منداڵانی مه‌ریوانیدا.
له ناو گه‌وره‌کانیشدا حه‌یات هه‌ندێ جار ده‌بێته سه‌رگه‌رمی و ڕابواردنی خه‌ڵکانی بازاڕی. ئەوان کاتێ بێکارن حه‌یات ئه‌دوێنن و تووڕه‌ی ئه‌که‌ن یان تەله‌فوونی پێ ئه‌ده‌ن و ئەڵێن سه‌عا لەوبەری هێڵه‌وه‌یه فه‌رموو قسه‌بکه، ئه‌ویش هەرکەس له‌وبه‌ری ته‌له‌فوونه‌وه بێت به سەعای ئه‌زانێ، بۆیه ده‌ست ئه‌کا به قسه‌کردن و گله‌یی و بناشت و زۆر وته‌ی تر، کاتی وا هه‌یه دوو کاتژمێر قسه‌ی هه‌یه بۆ سه‌عای برای.
حه‌یات، سه‌رسه‌ختانه باوه‌ڕی هه‌یه به دنیاکه‌ی خۆی؛ له‌درێژەی ئه‌م دوو ده‌یه‌یەدا یه‌ک زه‌ڕه گومان ڕەخنه‌ی نه‌کردووه‌ته باوەڕەکانی، بگره دنیاکه‌شی به‌رفراوانتر کردووه؛ به‌بڕوای ئەو ئێستا سه‌عا، هه‌رزەکار و گه‌وره‌کچی هه‌یه.
به‌ڵام ئێستا حه‌یات پیر بووه، قه‌یره‌کچێکی ماندوو که له خه‌م و خه‌فه‌تدا خه‌ریکه بخنکێ. ئاخر ئه‌ڵێن شێت خه‌فه‌تی نییه! باوه‌ڕتان بێ حه‌یات به‌قه‌ده‌ر هه‌موو دونیا خەفه‌تی هه‌یه، خۆ جارانیش هه‌ر بووی به‌ڵام لانیکه‌م خه‌ڵک تاقه‌تیان بوو گوێ گرن له وته‌ی دڵی؛ لانیکه‌م هاودهوره‌کانی خۆی هەبوون و دونیایه‌کی خۆشیان بۆ خۆیان دروست ئه‌کرد.
حه‌یات به‌مردنی “هه‌په” زۆر لێی قه‌وما، هه‌ستی به دڵته‌نگییەکی زۆر کرد و خۆی له دنیایه‌کی بێهاوڕێدا بینیی. پەشیمانه، پەشیمانه له‌وه‌ی که ڕاوی دەنا له‌م چوارڕێیان بۆ ئه‌و چوارڕێیان، پەشیمانه له‌وه‌ی ئه‌یبه‌سته‌وه به تاڵه دەزوویه‌ک له به‌یانییه‌وه تا ئێواره.
تا زه‌مانێ زه‌مانی بوو ژن و مناڵ و پیاوی گه‌ڕه‌کێکی ئه‌کرده کون؛ جا بۆ که‌س ئه‌یوێرا له پەنجەرەشەوه فزه بکات! که‌ی حەیات ئه‌وه‌بوو دوو سێ مناڵه سوسول گەمه‌ی پێ بکه‌ن، ئه‌و له‌گەڵ دینارفرۆشه‌کانی مه‌یدانی ئیستادیۆم زۆرانی ئه‌گرت، زیاتر له‌٤٠٠ تا ٥٠٠دینارفرۆش له‌وێ بوون، کاتێ مەیلی لێ بوایه‌ت هەر هه‌موویانی به‌جارێ ڕاو دەنا و مه‌یدانی پێ چۆڵ ئەکردن و به‌تەنیا ئەمایه‌وه.
ئاخر حه‌یات ئه‌م مناڵه‌ورتکانه‌ی ئێستا هاتوون(شێتانی تازه) به‌هاوشانی خۆی نازانێت؛ له‌ڕاستیدا حەیات سەر به‌مەکته‌بێک بوو که ئێستا تاق بۆ خۆی ماوه‌ته‌وه؛ هه‌موویان یان مردوون یان تەسلیمی دنیای واقع بوون، یان پیر و پەککه‌وته له ماڵەوه کەوتوون، ته‌نیا و ته‌نیا خه‌ریکه ئیدۆلۆژی بیرێک له‌گه‌ڵ خۆی ڕاده‌کێشت، قاچەکانی کفت، لێوەکانی وشک و شانی قورس و هه‌ناسه‌ی بڕاو و … بێهێز، بێهێز خەریکه ئه‌ڕوات.
به‌ڵام ئه‌مجاره حه‌یات قه‌د که‌یفی به‌چۆڵ کردنی مه‌یدانه‌که نەهاتووه، ڕۆژانه ملی ڕێی زرێبار ئەگرێت و ورتەورت و لەژێرلچەوه به هه‌ورامی به باڵای سه‌عای برایدا گۆرانی ئەڵێت.
ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶‌ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.








ثبت دیدگاه