(بەشی یەکەم)
ئەحمەد موسەنەفی
پەندی پێشینییان بەشێکە لە کولتور و وێژەی هەر نەتەوەیەک؛ دیارە نەتەوەی کوردیش وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکە لەو شتە بێبەری نییە و بەشێک لە ژیانی کولتووریی ئێمە، لە ڕێگەی قسەی نەستەق و پەندەکانەوە، لە دەلاقەی زمان و سازکردنی ڕستەگەلی پڕمانا(چ بەخاس و چ بە خراپ) خۆ دەنوێنێ.
بەنیازم لە پێناو پاراستن و هەوڵدان بۆ نەفەوتانی ئەم بەشە لە کولتوور و وێژەی کوردی، لەڕێگای مانگنامەی ”چیا”وە هەر جارەو هەندێک لەو پەندانە، بخەمە بەردەستی خوێنەران.
ئەوەی کە ئەم کارە لە کۆکردنەوەکانی دیکەی پەندەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم پەندانە تەنها ئەو ڕستەگەلە لە خۆ دەگرن کە ناو یان ئاوەڵناوی ئاژەڵێکی تێدا بەکار هێنرابێت.
پیتی “ئەلف”
ئاخر لە گایە، چی بدەم بە گەدایە
ئاخری پیری تانجیم پێ دەگری
ئاژەڵ کە خورا، چ گورگ بێ و چ سوار
ئاغەژنی نەشمیلە، خت ناکا لە پشیلە
ئەسپ و پاڵەوان، بۆ ڕۆژی مەیدان
ئەسپ و هێستر شەڕ ئەکەن، گچکە لە لەوەڕ ئەکەن
ئەسپی بێلەغاو، زین فڕێ ئەدا
ئەسپی چاک، قامچی ناوێ
ئەسپی خەڵاتی، تماشای دیانی ناوێ
ئەمان بێئاگا، ئەو ئەسپی زین کردووە
ئەڵێی ئەسپی سەرکەشە
ئەسپ کە سەرکەش بێ، زین فڕێ دەدا
ئەسپ کە هی غار بێ، بۆ بار نابێ
ئەسپیان ناڵ ئەکرد، کەرەشەل سمی هەڵ ئەبڕی
ئەسپت سەند سواری بە، مەترسە غاری بە
ئەگەر هەڵوا دابنی، مێش دەوری ئەدەن
ئەگەر سەگ نەبێ، گورگ ئەتخوات
ئەگەر بۆزەنیی سەگ بە گورگەوە بوایە، مردووی لە قەبرا دەر ئەهێنا
ئەو سەگە ئەو زنجیرە ناژی لە ملیا
ئەو کێچە لە گوێتا دەربێنە
ئەوا هات و گا گووی نەکرد
ئەو دزە و ئەمیش بزن
ئەوەی لار سواری وشتر بێ ئاخری دائەکەوێ
ئەسپی بۆ زین کردووە
ئەڵێی ئەسپێی ناو کەوا کۆنەیە
ئەسپێ لە باخەڵیا سەوزەڵێ خانم ئەڵێ
ئەڵێی چاوە قرژانگە
ئەڵێی پشیلەی ناو چێشتخانەیە
ئەڵێی پشیلەیە و دووگی بینیوە
ئەڵێی پێ بە سەر مێلوورە دائەنێ
ئەڵێی سەگی دەرزی خواردووە
ئەڵێی کتکە نەوتینەیە
ئەڵێی کوێری ئەسپێ لە مشتە
ئەڵێی کۆلارەی باڵشکاوە
ئەڵێی کەوی بنێشتخۆرە
ئەڵێی گای بنەیە
ئەڵێی گایە و بۆ چەقۆ ئەڕوانێ
ئەڵێی گمیزی گایە
ئەڵێێ گیسکی قەرزاران نەگرتووە
ئەڵێی گیسکی ناو دێیە
ئەڵێی لۆتیی مەیموون مردووە
ئەڵێی مانگای مالوانە
ئەڵێی مریشکی کلک هەڵکشاوە
ئەڵێی مشکی سەر خەرێنەیە
ئەڵێی مشکی سەر تەختە
ئەڵێی مشکی ناو جەواڵە
ئەڵێی مێش مازووە
ئەڵێێ ورچی دەسشکاوە
ئەڵێی ڕۆن قازی خواردووە
ئەڵێی ڕۆن قازی لێ ئەدەن
ئەڵێی…کەمتیاری پێیە
ئەچێ بە قوڕگی شێرا
ئێسقان بێ و کەوتبێتە دەمی سەگ
ئێسقان شیاوی سەگە
پیتی “ب”
با سەگ هەر لە مانگەشەو بوەڕێ
باجی گای شێت لە گاگەل ئەسێنن
باری کەر دایم قورسە
بارێ تفەنگ بنێ لە کەر، گورگ ئەیخوا
بایەقوش ئەخوێنێ، چۆڵی ئەنوێنێ
بارێ کە وشتر هەڵدەگرێ مەچۆرە بەری
ببڕێ لە گەل، ئەیخۆن سەگەل
بچی بە لای سەگەلا هەر لێت ئەوەڕن
بزمار بە گایە
بزن بای کرد، خۆی بۆ ناگیرێ
بزن بخە ژێر دەساڕ، ناکەوێ لە قاڕەقاڕ
بزن بۆ بێرە، گاجووت بۆ گێرە
بزن لە حەیبەتی گیان و قەساب لە حەیبەتی پیو
بزن هەیشە عەیبی ها بەدەرۆ، مەڕ جارێ دەرکەوت هێ هێی لێ کرد
بزن بۆ یەک شەو جێگەی خۆی خۆش ئەکا
بزن نەگبەتی هات، نانی شوان ئەخوات
بزنی گەڕۆڵ، هەر ژمارە تەواو ئەکات
بزنی گەڕ، ڕانێک گەڕ ئەکات
بزن خاوەنی لەگەڵ نەبێ گورگ ئەیخوا
بزنێکت ببێ خەمێک هەیە
بزنێک ئەکا بە سەیەقەی ئەو بزنەکەی تر
بزنەگەڕ لە دۆی ماڵانیشی کردین
بزنەگەڕ مەقاڕێنە، چۆڕێ شیرمان بۆ بێنە
بمخوا گورگی نیشتمان، ناچمە لای ڕێویی دەران
بولبول لە ترسی داڵ، چووەتە ژێر دڕکوداڵ
ببی بە ڕفیقی بایەقوش، ئەتبا بۆ کەلاوە
بووەتە پشیلەکوێرەی ناوماڵ
بووە بە کەری سواڵ، مەل دائەژەنێ
بووە بە مانگای شیرا
بولبول، زوانی ئەیکاتە قەفەس
بولبول بێدەنگە و کەر ئەسەڕێنێ
بولبولی هەرزان، ناخوێنێ
بووەتە چۆلەکەی سەرچڵ
بوو بە کەری نیوەسەڕ
بووەتە کەڵەشێری ناو پۆلە مریشک
بووە بە گیسکەکەی هەیاس
بووە بە وشترمر، نە بار ئەبا نە ئەفڕێ
بووە بە کیسەڵی ناو بێسان
بووە بە ماسیی لەئاوبڕاو
بڕوانە بۆ سکی تێری، بۆ ئەسپی ژێری
بۆ چۆلەکەیەک مێگەلی دا بە گورگان خواردن
بۆ سەگی دڕ، ڕاوەستە وەک کوڕ
بۆ فرۆ، بزنی کەس مەدۆشە
بۆ قرانێک، سەگ ڕاو ئەنێ
بۆ کەڵەشێر هەڵپەڕین، سەربڕینە و دادڕین
ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۶ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.








ثبت دیدگاه