سامان غه‌زالی
له ناو وه‌رزه‌كاندا به‌هار جێگه‌وپێگەیەكی تایبه‌تی هه‌یه و له ناو به‌هاریشدا نه‌ورۆز ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێ. نه‌ورۆز جێژنی له‌مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی نیشته‌جێی زاگرۆسه و به‌شێكه له فه‌رهه‌نگی پڕ پیتی زاگرۆس. مێژووی نه‌ورۆز ده‌گه‌ڕێته‌وه چه‌ند هه‌زار سال پێش و سه‌رده‌می میترا و زه‌رده‌شت. نه‌ورۆز ده‌ستپێكی ژیانه‌وه و ڕزگاریی سروشت له به‌ند و یه‌خسیری زستان و تێپه‌ڕبوونی كۆسپ و چه‌ڵه‌مه‌ی سه‌رما و به‌فر و ئازادبوون و سه‌روه‌ده‌رنانی گیا و زه‌مه‌ند و شینبوون له سه‌ر پنجی خۆیه‌تی.
گه‌ر به ڕه‌هه‌ندێكی دیالێكتی چاو به سه‌ر سروشتدا بخشێنین، نه‌ورۆز سه‌نتێزی خولقاوی ته‌بیعه‌ته. بوونی زوڵموزۆر و سه‌ختیی زستان پێویستێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره بۆ خولقاندنی ئه‌و ڕه‌هه‌نده دیالێكتییه و ئافراندنی سه‌نتێز و ژیانێكی نوێ. به‌هار(سه‌نتێز) كه ته‌واوی جوانییەكان له خۆیدا ده‌خولقێنێ، هێدی هێدی له ڕه‌وڕه‌وه‌ی جووڵانه‌وه‌ی دیالێكتیدا ده‌بێته تێز و وه‌رزه‌كانی تر، واتە هاوین و پاییز و زستان(ئانتی‌تێز)، به‌ربه‌ره‌كانێی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و سه‌رله‌نوێ به‌هار و نه‌ورۆز ده‌خولقێنه‌وه. ئه‌و به‌ربه‌ره‌كانێیه به مانای لەناوچوونی به‌هار له وه‌رزه‌كانی تردا نییە، هه‌ر به‌و شێوه‌یەی كه هاتنی به‌هار به مانای له‌ناوچوونی وه‌رزه‌كانی دی نییە، ته‌واوی وه‌رزه‌كان لێك كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و پێكهاته‌كانی وه‌رزێک له ناو وه‌رزی دواتر، به‌رده‌وامن له ژیان كردن، ته‌نیا ڕه‌نگ ده‌گۆڕن و دیمه‌نی نوێ و تازه ده‌خولقێنن و بوونه‌وه‌ره‌كان سه‌رسام ده‌كه‌ن.
له‌و ڕه‌هه‌نده دیالێكتییه‌دا ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی دێته به‌رچاو، گۆڕانكاری و ئافراندن و خولقاندنه، كه مانای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان له خۆ ده‌گرێت؛ به واتایەكی تر خولقاندن و گۆڕانكاری بوونی نه‌بێت، ژیانیش هه‌بوونی خۆی له ده‌ست ده‌دات؛ ده‌توانین بڵێین سروشت له جەبرێكی گۆڕان و خولقاندایه بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ژیان. ئه‌م جەبره ڕێك به سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئینسانی و سروشتی‌دا زاڵه؛ هه‌ر بوونه‌وه‌رێك یان كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگایەك خۆی سازگار له‌گه‌ڵ یاسای دیالێكتی سروشت نه‌كا مه‌حكووم به له‌ناوچوونه؛ مێژوو پڕه له‌و نموونانه.
ڕۆژهه‌لاتی ناڤین ناوه‌ندی بیرۆكه جیاوازه‌كانە له سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌كانی میژوودا؛ لانكه‌ی ئایینه‌كان و ڕه‌وته فكری و فه‌لسه‌فییەكان، قووڵایی زاگرۆس و ده‌شته‌كانی میزۆپوتامیا و كه‌نار ئاوه‌كانی دیجله و فوڕاته. میترا، زه‌رده‌شت، یه‌هوود، مه‌سیح، ئیسلام، مانی و مه‌زده‌ك و… له‌و بازنه جوگرافییه‌دا هه‌ڵكه‌وتوون و سه‌ریان هه‌ڵداوه. فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی ئه‌م ئایینانه پێكه‌وه ژیانێكی ئه‌خلاقی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌تدا بۆ پارادایمی سروشت دایكه و ده‌بێ پارێزگاری لێبكرێ، به‌شێكی دانه‌بڕاوی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م ئایینانه‌یه. خوداكان و ئوستووره‌كان ئیلهامگرتوو له ته‌بیعه‌تن؛ میترا، ئاناهیتا، ئه‌هوورا مه‌زدا و… به واتای خودای خۆر، ئاو، ئاور، زانست و… دێن؛ مانی به نیگاركێش ناسراوه. نیگاركێشی، خۆی هه‌ڵقوڵاوی سروشته؛ بۆیه مانیی پێغه‌مبه‌ر ڕوو ده‌كاته نیگاركێشی تا پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و سروشت به‌رده‌وام كا، كه له سه‌رده‌می ساسانییەكاندا خه‌ریكی دابڕان بوو.
فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م ئایینانه پارێزگاری له سروشتە بۆ به كارا كردنه‌وه و به‌رده‌وام كردنی ویژدانی جه‌معی و ئه‌خلاقی كۆمه‌لایه‌تی. ئه‌خلاق وه‌ها پێناسه‌یەكی ده‌كرد بۆ كۆمه‌ڵگا: “بۆ به‌رده‌وامیی ژیانی مرۆڤ، پیویسته ته‌بیعه‌ت بپارێزرێ؛ مرۆڤ به‌شێكه له ته‌بیعه‌ت، نه‌ك خاوه‌نی ته‌بیعه‌ت؛ مرۆڤ به‌رهه‌می سروشته و ته‌واوی پێداویستییەكانی ژیانی له سروشته‌وه وه‌رده‌گرێ”. ڕێزگرتن له سروشت، بوونه‌وه‌ره‌كان و ئاوه‌دانكردن و كشتوكاڵ به‌شێكی سه‌ره‌كی له ئایینه كۆنه‌كانی ڕوژهه‌لاتی ناڤین له خۆ ده‌گرێ؛ زه‌رده‌شت نه‌هی ده‌كا لەوەی قوربانی ده‌كا و خوێنی ئاژه‌ڵێك ده‌خاته سه‌ر زه‌وی.
ده‌توانین ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا، به سه‌رده‌می كه‌وتنه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سروشت و ژینگه پێناسه‌ی بۆ بكەین. هۆكاره‌كه‌ی كه‌وتنه نێو زەلكاوی بیرۆكه‌ی پووڵ_هێز به هه‌ر چه‌شنێك كه ده‌ست كه‌وێیه؛ به واتایەكی تر له هیچ هه‌نگاوێك سڵ ناكه‌ین و له هیچ كارێك ناپرینگێینه‌وه، له پێناو گەییشتن به ژیانێكی باشتری ئابووری؛ چون ته‌واوی پێناسه‌ی ژیان له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا له بێژنگی پووڵ_سه‌رمایه ده‌درێ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێ. ئه‌و بیرۆكه هه‌ڵقوڵاوی چینی ده‌سه‌ڵاتداره و مه‌به‌ستیانه به كه‌ره‌سه جۆراوجۆه‌كان، ئه‌و شێوازه فیكرییه تێكه‌ڵاوی خوێن و پێست و ئێسقانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن.
ئابووری، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له كۆمه‌ڵگا. به‌ڵام نرخاندنی كۆمه‌ڵگا ته‌نیا له ده‌لاقه‌ی ئابوورییەوه، هه‌ڵه‌یه‌كە له ئاستی خه‌ساره‌كانی ژینگه‌یی ئه‌مڕۆی لێده‌كه‌وێته‌وه. له لایه‌كی تر دابڕانی كۆمه‌ڵگا له مێژوو، هاوكات ده‌بێ له گه‌ڵ ڕه‌وڕه‌وه‌ی مه‌رگی كۆمه‌ڵگاكه. هه‌ر كه‌س، كۆمه‌ڵ یان كۆمه‌ڵگا له مێژووی خۆی دابڕێ ئه‌وا زووتر ده‌سته‌مۆ ده‌بێ و ئاسانتر دێته ژێر هەژمۆنیی سه‌رەوه؛ نمونه‌یه‌ك ده‌توانێت شته‌كان روون كاته‌وه؛ پێشینییان ده‌ڵێن گیا له سه‌ر پنجی خۆی ده‌ڕوێ یان شین ده‌بێ، ئه‌مه دوو واتا ده‌گەیەنێت؛ یه‌ك: گیا گەر له سه‌ر پنجی خۆی نەڕوێ، بژار، زیادی یان باشتر بڵێین ناخه‌له‌ف و بیژوو و ناڕاسته و دژی ڕه‌وه‌ندی سروشته؛ دووهه‌م: گیا گه‌ر له سه‌ر پنجی خۆی نه‌ڕوێ ته‌مه‌نی كورته. ئه‌مه به‌ئاسانی ده‌توانین له گۆمه‌ڵگادا ببینین؛ كه‌سێك كه له مێژووی داده‌بڕێ كه‌سێكی سه‌رلێشێواوە و دژی ته‌واوی نرخه كۆمه‌ڵایه‌تییەكان ده‌وه‌ستێته‌وه؛ كۆمه‌ڵگای دابڕاو له مێژووش ته‌مه‌نی كورته و تووشی داڕمان ده‌بێ.
ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌سه‌ڵاتخوازان به هاتنه ئارای زانست_تەكنۆلۆژی_دونیای مه‌جازی و به‌هره‌گرتن له ده‌ستاوه‌رده‌كانی توانیی كۆمه‌ڵگا له كاتشوێن داببڕێنێ و مێژوو كورت كاته‌وه و كات و شوێن له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا قه‌تیس بكا؛ مه‌به‌ست له‌و كاره سڕینه‌وه‌ی مێژوو و غه‌نای فه‌رهه‌نگی له مێشكی میلله‌تان بوو. مێژوویه‌ك كه پڕاوپڕه له جوانی، ئه‌خلاق، خۆڕاگری و هه‌روه‌ها پڕاوپڕه له بیرۆكه جیاوازه‌كان و ڕێزگرتن له سروشت و هاوده‌می و پێكه‌وه‌ژیان. سروشتێك كه پێكهێنه‌ری غه‌نای فه‌رهه‌نگی و ئه‌خلاقه، خه‌ریكین له ناوی ده‌به‌ین، گه‌ر ڕامانێكی وردی بۆ بكه‌ین ده‌بینین له ناوچوونی جوانی و دیمه‌ن و دیالێكتی ته‌بیعه‌ت به واتای له ناوچوونی ئه‌خلاق و فه‌رهه‌نگ و دواتر مرۆڤه؛ به مانایه‌كی دی كه‌وتووینه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆمان.
پێداویستیی ڕووحی مرۆڤ، جوانی و ئاواز و سروشته؛ جوانی و ئاواز خۆی سه‌رچاوه گرتوو له ته‌بیعه‌تن؛ هه‌ر بۆیه‌ش مرۆڤێك ناناسین كه بڵێ من وه‌رزه‌كان هیچ كام لە وەرزەکانم پێ خۆش نییە؛ مرۆڤێك ناناسین كه به ده‌نگی بولبول و خوڕه‌ی ئاو و قاسپه‌ی كه‌و له داوێنی چیا ئۆقره نه‌گرێ و ئارام نه‌بێ. ته‌نانه‌ت مرۆڤی قه‌تیسبووی ناو شاره‌كان له هه‌لێك ده‌گه‌ڕێن بچنه ناو سروشت و دوور بنه‌وه له ژیانی میكانیكی.
سه‌رده‌مه‌كه وا هه‌ڵده‌گرێ، هه‌ر مرۆڤێك پێویسته ژینگه‌پارێز بێت؛ واتای ژینگه‌پارێزی ده‌ستپێكی ئینسان بوون و كه‌رامه‌تی ئینسانییه. كه‌سێك كه ڕێز له سروشت نه‌گرێ هیچ كات ناتوانێ ڕێز له ئینسان بگرێ. مرۆڤی دژی ژینگه، بوونه‌وه‌رێكی فێڵبازه كه پڕاوپڕه له ناحه‌زی؛ هه‌رده‌م له هه‌لێك ده‌گه‌ڕێ پێی له پێی هاوڕێكه‌ی بدا تا بكه‌وێته سه‌ر زه‌وی و خۆی له پێشه‌وه بڕوا، یان بیانكاته پەیژەیەک بۆ سه‌ركه‌وتن. بۆیه ژینگه‌پارێزی به‌رانبه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی دروستی ژیان.
له به‌ره‌به‌ری به‌هار و ده‌ستپێكی ژیانه‌وه‌یه‌كی نوێداین؛ با به ڕۆحێكی سروشتییەوه خۆمان له نوێ كه‌ینه‌وه و ئاڵوگۆڕ له خۆماندا پێكبێنین و بابه‌تگه‌لی نوێ بخولقێنین؛ پێویسته ڕێز له شوناس و ئه‌خلاق كه ده‌بنه سروشت بگیردرێ و پارێزگاری له‌و ئه‌مانه‌ته بكه‌ین كه باوك و دایكانمان به ئه‌مانه‌ت بۆیان جێ هێشتووین.
با وامان لێ نه‌یەت کە وه‌ك ”گوڵسورخی” ده‌ڵێت: گه‌ر مردم له سه‌ر گڵكۆم هیچ مێژوویه‌ك مه‌نووسن، با داهاتووەكان نه‌زانن هى چ سه‌رده‌مێكم.
ئەم وتارە لە ژمارەی 18ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.









ثبت دیدگاه