بونیادنانی کەسایەتیی منداڵ
22 آوریل 2017 - 9:58
شناسه : 120104
بازدید 237
پ
پ

 

خەلیل خاوەریان

پێکهاتەی کەسایەتیی مرۆڤ هەر وەک بناغە و کۆڵەکەی باڵاخانەیەک وایە کە بیناکەی ڕاگرتووە و  رەفتارەکانی مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا بەڕێوە دەبات. کەسایەتیی منداڵ لە ژێر تیشــکی هەڵسوکەوتی دایک و باوک و هەموو ئەو پرسیارانەی بە مێشکی منداڵا دێت و هەموو ئەو ئاکارانە گەشە  دەکات کە لە دەوروبەریدا دەیبنێت و پێوەندی بەوەوە هەیە و له هەمان حەوت ساڵی سەرەتایی ژیانیدا کەسایەتیی مرۆڤ چوارچێوە دەگرێت و تایبەتمەندی، وەکوو بوێری، لێبوردن، کۆمەڵایەتی بوون و باوەڕ بە ژیان کردن لە کەسایەتیی منداڵدا بناغەی خۆی بە هێز دەکات.

ئەگەر  بمانەوێت پێکهاتەی کەسایەتیی مرۆڤ هەر لە تەمەنی منداڵیدا کە دەس  پێ دەکات و بەبێ زەخت و گوشار بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پتەو و لە سەر بنەمای هەڵسوکەوتی باش فورم بگرێت، هەر لە تەمەنی پێنج، شەش ساڵییاندا دەبێ لە قاڵبی شێعر و چیرۆک و یاری و… تایبەتی منداڵان، ئێمە یارمەتی دەر بین؛ و هزری منداڵ بگونجێن بەو ئاکارە باشانەی کە پێویستن بۆ پەروەردەی منداڵ.

یەکێک لە باشترین ڕێگاچارەکان کە کاریگەری هەیە لە سەر بەهێز کردن و دەوام کردنی هەمیشەیی پێوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ، پەروەرە کردنی  ڕێکوپێکی منداڵە لە سەر ئیش و ئەرکەکانی و لە ژێر تیشکی ئەم  ڕێکوپێک بوونەوەیە کە مرۆڤ فێر دەبێ سنوور و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی بدۆزێتەوە و باش بتوانێ  ڕێز بۆ ژیان و دەوروبەری خۆی دابنێ و توانایی و بوێری خوی لە سەرکەوتن و قسەکردن و هەڵسوکەوت و خواردنیدا گەشە پێ بدات.

هەر لێرەوەش  فێر دەبێ کە چۆن بەباشی لەو شتانە کەڵکی دروست  وەربگرێ کە بۆی دابین کراوە. هەر منداڵێک بتوانێ  زۆر ڕەفتاری باش وەک دەست پێوەگرتنی ئاو، پاکوخاوێن هێشتنەوەی جلوبەرگ و  ژینگەی خۆی و کوژانەوەی لامپ و سەرجەم ئەو کەرەستانەی کە بە کارەبا کار دەکەن و بەزیادە کەڵکی ناپێویستیان لێ دەگرین، وەک فەرهەنگێک لە ناو ڕەفتارەکانیدا بگونجێنێت، گەورەیش بوو بۆ زۆر بەرپرسیاریەتیی دیکە، ئامادەیی هەمیشەیی دەبێت و زۆر بەدەگمەن  کەموکورتی لە کەسایەتیدا بەدی دەکرێت.

منداڵان بە هۆی ئەوەی کە یاری کردن زۆرترین بەشی ژیانی ئەوان لە خۆ دەگرێت و پێویستییەکی بنەڕەتیی ژیانیانە، باشترین رێگایشە بۆ بونیادنانی کەسایەتیی درووستی ئەوان؛ زۆربەی بیرۆکەکانی پەروەردەیی منداڵان ئەتوانین لە کاتی یاری و کایەکردن پێیان نیشان بدەین و باشترین رێگایە کە منداڵ بە شێوەیەکی ئەرێنی ئەو پەروەردانە وەربگرێ. لە ڕێگای  یاری کردنەوە ئەتوانین  هەست و سۆزی دروونی و ئاستی هۆشیاریی ئەوان بناسین؛ بۆیە هەم مامۆستا و هەم دایک و باوک دەبێت بایەخی زۆر بە یاریی تایبەت بە منداڵان  بدەن و پێویستە ئەوە بزانین کە بەشداری کردن لە یاریی منداڵانمان ئەتوانێ ببێتە هۆی متمانە لە پێوەندی نێوانمان و لە هەمان کاتدا دەرفەتی ئەوە دەرخسێنێ کە ئێمە بتوانین پێویستییە پەروەردەییەکانمان بەوان نیشان بدەین.

باشترین رێگا بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی باش لە منداڵاندا نیشان بدەین ئەوەیە بەر له هەموو کەسێکی دیکە خۆمان ببین بە نموونە و سەرچەشن بۆیان و لە خۆمانەوە هەوڵ بدەین بۆ ئەنجام دانی هەر کارێکی باش.

منداڵانی ژێر تەمەن شەش ساڵ زۆر چاوەڕوانییان لە دایک و باوکیان هەیە کە بایەخیان پێ بدەن و زۆرێک لەو ڕەفتارانەی منداڵان لەو تەمەنەدا، نیشاندانی بێڕەوشتیی ئەوان نییە؛ بەڵکوو هۆکاری سەرەتایی چوارچێوە گرتنی کەسایەتیی ئەوانە. زۆربەی منداڵان بۆ ئەوەی سەرنجی دایک و باوکیان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن بەردەوام یاسا تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان لە بەرچاو دەگرن.

کەشوهەوای یەکسانی نێوان خێزانەکە ڕۆڵی زۆر گرنگی هەیە لە چوارچێوە گرتنی کەسایەتیی منداڵدا. لە بەرچاو گرتنی یەکسانی و بە هەند وەرگرتنی ئاسایش و کەشێکی ئارام بۆ هەموو ئەندامانی خێزان، باشترین چوارچێوەی بونیادنانی کەسایەتیی منداڵە، هەم بۆ ژیانی تاکەکەسی و هەم بۆ ژیانی جڤاکیی منداڵ. پێویستە منداڵان لەگەڵ دایک و باوک بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان بن و هەر لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ ئەو چالاکییانە ئاشنا بن، تا لە گەورەییشدا هەستی بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە کۆمەڵگا و ژینگە، وەک ئەرکێک لە کەسایەتییاندا بەهێز بێت.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۸ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.