کەماڵ کۆنەپۆشی
هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ / سینەپان و موچەکورت و شانەبەرز و گوێ دریژ
مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم / سم خڕ و کلک ئێسترو مەنزڵ بڕ و عارەق نەڕێژ
عاقڵێ بوو ناوی کەر بوو، قاتیعی رێگەی سەفەر / خۆش سلووکتربوو له سەد وێڵداشی هەرزه و گێژو وێژ
چەنده پێم خۆش بوو، زوبانی حاڵی دەیوت “نالیا” / هەر دوو حەیوانین ، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمنیش گوێ درێژ
نالی لەم شیعرەدا که له یازدە بەیت پێکهاتووە بە جۆرێک وەسفی کەرەکەی دەکات لە زۆرێک لەو شێعرانەی کە بۆ حەبیبەی خۆشەویستی وتووە جوانترە، ئەمە بەرهەمی پەیوەندی قوولی ڕۆحی و مەعنەوی نالی لەگەل دەورو بەرو سروشت دەرئەخات. ئەو کەرەکەی و باقی بەشە جیاوازەکانی ژینگە، بە بەشێک لە ژیانی خۆی دەزانێت. کەرەکەی وەکوو کەرەستەیەک وێنا ناکات و جیاوازییان لە کورتی و درێژی گوێچکەیانا دەبینێ.
قانع، سواره، گۆران، هێمن، بەختیار عەلی و دەیان شاعیر و کەسایەتی تر باسی سروشت، ژینگه و پەیوەندی مرۆڤ و ئاژەڵیان کردووە. بەراستی ئێمه تا چ ڕادەیەک توانیومانە لە سەرمایەی مەعنەوی ئەدەبیاتی ڕابردوومان بۆ ژیانی ئەمڕۆمان کەڵک وەرگرین بە تایبەت لە بواری پەروەردەدا.
لەم ڕۆژانەدا دوو جۆر هەواڵی دژبەیەک سەبارەت بە پەیوەندیمان لە گەڵ ئاژەڵە کێوییەکان بڵاودەبێتەوە، لە لایەکەوە فیداکاری و لێبوردەیی کەسانێ وەک ئەرسەلان پیرۆتی کە گیانی بەخشی بۆ رزگار کردنی حاجی لەقلەقێ، حەمەی باختەر لاقی بەخشی بۆ نەجاتی سەگێ یا پیادەرەوی شەریفی باجوەر لە مەریوان تا سەلاس و باوەجانی بە برسییەتی بو دژایەتی لە گەڵ کوشتنی سەگێ وە هەروەها سەدان کەسی تر کە لە ڕۆژانی سەرما و بەفردا خواردن بۆ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکان دابین دەکەن، یان دیمەنی ڕاوچییە پەشیمانەکان کە تاپڕەکانیان دەشکێنن و بە قەفەسی باڵندە ئازادکراوەکان ئاگری نەورۆز هەڵدەگیرسێنن.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەت لە دوای شەپۆلی “چەکی سەوز” تا دێت ژمارەی ژینگەپارێزان زیاتر دەبێت. بەڵام بەداخەوە هاوکات لە لایەکی ترەوە دیاردەی توندوتیژی، ڕاو و بێڕەحمی لەگەڵ ئاژەڵان، لە لایەن هەندێ کەس و تەنانەت شارەدارییەکانیش هەر بەردەوامە و بە بڵاوبوونەوەی وێنەکانیان هەستی کۆمەڵگە بریندار دەکەن.
بەختەوەرانە زۆرینەی خەڵک بێزاریی خۆیان لە دیتنی وێنەی توندوتیژی لەگەڵ ئاژەڵان دەردەبڕن و ڕاوچییەکانیش چیتر ناتوانن وەک پاڵەوان خۆیان بنوێنن و بەدزییەوە دەچن بۆ ڕاو و ئەم کارە لە چاوی خەڵکییەوە وەک شتێکی نەرینی و عەیبە سەیر دەکرێت. لە ڕاستیدا کاریگەریی خەڵک و دەوڵەت، هەرکامەیان بەنسبەتی ئەم بارودۆخەوە لە چ ئاستێکدایە؟ ئەوە پێکهاتەی دەسەڵاتە تاکی نابەرپرسیار بەرهەم دەهێنێت؟ یان کۆی تاکەکانە کە پێکهاتەیەکی تایبەت لە دەسەڵات بەرهەم دەهێنن؟ ڕەنگە ئەمە حەکایەتی هێلکە و مریشک بێت! ڕاستە هەموومان بەرپرسیارین؛ بەڵام دەسەڵات بەهۆی بوونی پارە، پێداویستی، میدیا و تریبوونی جۆراوجۆر بۆ فێرکاری و جێخستنی کولتووری ئاژەڵدۆستی بەرپرسیارترە. بەڵام مەخابن دەسەڵات لەم بوارەدا نەک ئەرکی خۆی بەجێ نەهێناوە بەڵکوو لەمپەریشە لەبەردەم پەرەسەندنی کولتووری ئاژەڵدۆستی لە ئێراندا؛ لە کاتێکدا کە ڕاوچییەکان چەکەکانیان دەشکێنن، دەوڵەت لە باتیی پاڵپشتیی پەرەپێدانی ئەم ڕەوتە، ساڵانە بە هەزاران فیشەک دەفرۆشنە ڕاوچییەکان و جەوازی زۆرێک تاپڕی ڕەمەکی دەردەکەن. ئەمە بە واتای گاڵتەکردنە بە هەست و شوعوری لایەنگرانی ژینگە و نەوەکانی داهاتوو. لەم پێوەندییەدا پێویستە ئاماژە بە چەن خاڵێک بدەم:
١- هەندێ کەس لەو باوەڕەدان لە کاتێکدا کە مرۆڤەکان دەبنە قوربانی، ژن و منداڵ بێبەزەییانە دەکوژرێن، باس کردن لە مافی ئاژەڵ و کیسەڵ و درەخت و گیا بێواتایە! ئەم جۆرە کەسانە دەبێ بزانن کە پێوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سروشت هەر جۆرێک بێت، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر پێوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر. هەروەها چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئاژەڵان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، یەکێک لە فاکتەکانی نیشاندەری ئاستی پێشکەوتنی کولتووریی ئەو کۆمەڵگایەیە.
٢- یەک لە کێشە سەرەکییەکان لەم بوارەدا ئەوەیە کە پەروەردە کردنی منداڵ لە وڵاتی ئێمە سەقەتە؛ لە بنەماڵەکان، مەدرەسە و میدیاکان بە جۆرێک کە تاکڕەهەندانە وێنای مرۆڤ دەکرێت؛ گرنگی بە پێداویستییە مادی و جەستەییەکان دەدرێت، بەڵام ئەوەی لە بیر کراوە ڕەهەندە ڕۆحی، مەعنەوی و دەروونییەکانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژینگەپارێزی پاکترین خۆراکە بۆ ڕۆحی مرۆڤ.
٣- مرۆڤ بوون بە بەرپرسیاریەتی دەسەلمێت، نەک بە قسە و ڕواڵەت. هەرکەس وتی ((بە من چی!)) وەک ئەوەیە بڵێ: من مرۆڤ نیم. مرۆڤ بە بێ بەرپرسیاریەتی هیچ واتایەکی نامێنێت و لەگەڵ ئاژەڵ هیچ جیاوازییەکی نییە. مەبەستم لە بەرپرسیاریەتی، بەرپرسیاریەتییە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵ؛ ئەگەرنا ئاژەڵان هەموویان لە بەرژەوەندیی خۆیان و بنەماڵەکانیان کار دەکەن و تەنانەت بڕێک ئاژەڵ وەک مێلوورە، هەنگ و… ڕچاوی بەرژەوەندیی گشتی دەکەن.
٤- دەوڵەت دەبێت بەرپرسیار بێت لە ئاستی پرسی ژینگە و دەبێت بزانێت ئاسایشی داهاتووی وڵات، گرێدراوی ئاستی کولتووری ژینگەپارێزانەیە لە کۆمەڵگەوە هەروەها دەسەڵات هاوکات لەگەڵ دابین کردنی هەلی فێرکاری بۆ NGOکان لە هەموو توانای خۆی کەڵک وەربگرێت بۆ فەرهەنگسازی لەم بوارەدا. هەروەها، بوونی یاسای کاریگەر و سزادانی ئەوانەی ملکەچی فێرکارییەکان نابن.
٥- خەڵک پێویستە بزانن گەشەکردنی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگە بێت؛ هیچ پلانێک بە بێ ویستی خەڵک سەرناکەوێت و لە کۆتاییدا ئەوانن بڕیاردەرن.
ئێمە جگە لە فێرکاری، فەرهەنگسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریمان، ڕێگایەکی دیکەمان نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ژینگەییە دەسکردەکانی خۆمان؛ ئەو قەیرانانەی بەرهەمی تێنەگەیشتن یان تێگەیشتنی سەقەتی ئێمەیە لە ژینگە، ژیان و خۆمان وەک مرۆڤ.هەر بۆیە ئەتوانین بڵێین: “من ژینگە پارێزم، من مرۆڤم”.
ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۸ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.









ثبت دیدگاه