پ
پ

مامۆستا ئەحمەد موسەنەفی

 

بە سەرنجدان بەوەی مرۆڤ گەورەی هەموو بوونەوەرانە و ئاقڵترین و ڕێزدارترینە. هەر ئەو مرۆڤە بە زەبری ئەقڵ برێک جاران مامەڵەی وا دەکات لەگەڵ خۆی و باقی گیانداران کە زۆر جێگەی سەرسووڕمان و تێڕامانە. جا هەم لە بواری بەزەیی و میهرەبانی و هەم لە بواری توند و تیژی، چ لەگەڵ خۆی چ لەگەڵ بوونەوەر و هاونەوعەکانی خۆی یانی باقی مرۆڤەکانی تر نواندووە؛ لە کوشتن، ئازار و لێدان و… کە هیچ گیاندارێکی دڕندەی دیکە وایان بە خۆیان و هاوشێوەی خۆیان و مرۆڤەکان نەکردووە. کە مرۆڤەکانی بە چەکی ئە‌قڵ و ژیری وەهایان بەیەکتر کردووە.

مرۆڤ لە سەردەمانی پێشوو، بە کوتەک و بە شمشێر و هەتا دەگاتە بۆمبی هەستەیی و شیمیایی و باقی کەرەستەکانی دیکەی شەڕ، بۆ یەکتر کوشتن، بۆ مانەوەی بڕێکیان لەسەر دەسەڵات، یان تەماح یان شتێ، کە ئەکرا بە یەکتر لەناوبردن نەبوایە. کاتێ دەبینین مرۆڤ ئاوا مامەڵە لەگەڵ هاونەوعی خۆی دەکات، ئەبێ چی بەسەر باقی بوونەوەر لە گیاندار و بێگیان بێنێ؟

بەڵام بە پێچەوانەیشەوە هەر ئەم مرۆڤە جاری وایش هەیە وا مامەڵە لەگەڵ هاونەوعی خۆی و غەیری خۆی دەکات کە جێگەی سەرسووڕمانە و ڕێزە و پێزانینە. هێندە جوان مامەڵە دەکات کە ڕووی هەموو مرۆڤایەتی سپی دەکاتەوە؛ نموونەکانی زۆرن. جا ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش گرنگیی تایبەتی داوە بەم باسە؛ چ بواری بەزەیی و خۆش مامەڵە کردن، چ بواری توندوتیژی.

لە ساڵی ١٨٢٢ز یاسای پشتگیری لە ئاژەڵان لە پەرلەمانی بریتانیا دەنگی پێ درا و لە ١٩١١ز بە ئەنجام گەیشت. کە ئەمانە لەو بەندانەن: سووکایەتی نەکردن بە حەیوانەکان، بەشەڕنەدانیان لەگەڵ یەکتر، نەبڕینی کلکیان و… جا دوایی وڵاتەکانی دیکە و لایەنگرانی ئەو یاسایە لە سەراسەری ئەورووپا زۆر بوون و پەرەیان سەند.

لەم نێوانەدا ئەگەر بە وردی لەم بوارە سەرنجی پڕۆگرامی ئیسلام بدرێت زیاتر لەوە مافی ئاژەڵان و ڕێزگرتن لێیان دەبینرێت، تا ئەو یاسایە کە باسمان کرد.  گیانداران یا بە واتایەکی دیکە ئاژەڵان لەسەر مرۆڤەکان مافیان هەیە و پاراستنی ئەو مافانە دەبێ ڕەچاو بکرێت. بە سەرنجدان بەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە شێوەیەکی گونجاو و لەبار باسی حەیوانات و مافیان و حەقیان لەسەر مرۆڤەکان کردووە. لە ئیسلامدا مافی هەموو گیانداران ئەبێ بپارێزرێ، تا دەگات بە مێلوورەیەک.

نموونەمان زۆرن. پیاوانی ئایینی کە لە بەشی خۆیان داوە بە سەگ، بێ قیز و بێر لە پاڵیانا نانیان خواردووە. کە یەکێکی دیکە لەو نموونانە سەحابەیەکی پێغەمبەر(د.خ) هێندە لەگەڵ پشیلەیەک بەینی خۆش بوو، کە بە باوکی پشیلە تا ئیسێیش مەشهوورە. و یا مامۆستا مەولەوی شاعیری بەناوبانگی کورد، جارێک کە دێتەوە بۆ ئاوایی “چۆڕ”، لە خەرمانێک بڕێ گەنمی ئەدەنێ. کە دەگاتە “دەربەنی دزڵی” سەیر ئەکات ناو گەنمەکە مێلوورەی تیایە؛ هەر لەویا ئەگەڕێتەوە و گەنمەکە ئەباتەوە بۆ سەر خەرمانەکە، دووبارە باری ئەکاتەوە، مەگەر سەید محەمەد باختەر کاری وای کردبێ. ئەم نموونە هێنانەوانە بۆ ئەوەیە کە حەز ئەکەم مامەڵە جوانەکانی مرۆڤ لەگەڵ حەیوانات، وەبیر بێنمەوە.

با سەیرێکی قورئانی پیرۆزیش بکەین بزانین چۆن باسی گیانداران بۆ بڕواداران دەکات. ناوی ئاژەڵان بەم شێوەیە لە قورئاندا هەیە: ئەلف) ئاژەڵی خۆمانە: گا، بزن، مەڕ و ئەسپ. ب) ئاژەڵی هەردی: گورگ، شێر، فیل، ئاهوو ج) باڵندە: قاڵاو، پەپووسڵێمانە، تەیر. د) دەعباوردیلە: هەنگ، مێلوورە، کولە، مۆریانە. لە گیانداران و ئاژەڵان لە ٥٢ سوورەی قورئان وە ١٥٤ ئایەدا باس کراوە؛ کە پیشاندەری ڕێزە لەو گیاندارانە. جیاوازتر لەمە، قورئان لە ئاستێکدا ڕێز بۆ ئاژەڵان دادەنێت کە ناوی گەورەترین سوورەتی قورئانی بە ناو ((گا)) ناو ناوە. چەندین سوورەتی دیکەیش وەک: ”انعام”، چوارپێیان، ”نحل”، هەنگ، ”نمل”، مێلوورە، ”عادیات”، ئەسپی سەرکێش، ”عنکبوت”، جۆڵاییکەرە و فیل.

هەر وەها، پێگەی ئاژەڵان لە ئاستێکدایە پێغەمبەری خوا جارێک کەرێکی چاو پێکەوت، ناوچاوانی داخ کرابوو، فەرمووی نەعلەتی خوا لەو کەسە بێ ئاوای بەو بێزوانە کردووە، وە هەروەها نەفرەتی لەو کەسانە کردووە ئازاری حەیوانات دەدەن.  لە هەموو ئەمانە گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە خوا سوێند بە ئەسپ دەخوات. سەرباقیی ئەمانە خوا داوامان لێ دەکات بۆ [تفکر،تعقل،تدبر] .

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۸ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.