مێرمنداڵیمان لە بنەدەوەنەکانی هەژارییدا بە جێ ما!
محەمەد دانش
تێوەی ژەنیم کە هەڵسە ماشینێ هاتووە، نەڕەیەکی ناخۆشی لێ دەرەهات و خڕەیەکی زەقتر لە ناو هاڕەهاڕەکەیا ئەهات کە ساڵانێکی دوای ئەوە زانیم ئەوە دەنگی پەروانەکەی بووە. چراکەی خستبووە نێو چاوانمان و وەک بڵێی داحبایەکی سەیرو سەمەرەی دیبێ، نە دائەبەزی و نە ئەیشڕۆی! بەشەوارە کەوتبووین؛ دوای مۆڵەقێ وێسان ئاخری زەلامێک زۆر بە هەستییارییەوە و بە ترس و گومانەوە دابەزی و نزیکمان بوویەوە! کاتێ دوو مناڵی داماوی بێدەسەڵات کە لە حەیبەت سەرمایا کزۆڵەیان کردووە و هێشتا بە باشی لە خەو هەڵنەساون، دیسان ئەونەی تر عەجاوات بوو بە لایەوە. چراکەی کوژاندەوە و کاتێ زەبوونیمانی باوەڕ کرد قیڕاندی بەسەر مانا: توخمە سەگانە چکارەن لێرا؟
پێیان ئەوت “سێڕاکەی جەژنیاوا”، بەو مەبەستەوە لە باشماخەوە هاتبوون کە گوایە لەویا ماشینمان دەس ئەکەوێ. کاتێ لە ناوشارەوە ڕێکەوتبووین هەموو زانیاری و ئەزموون و لێزانینمان لە کۆڵبەری، جووتێ قەیاسەبوو کە هەر ئەو ڕۆژە ناو گوزەرەکیا سەندبوومان و کابرا بە لاچاوێک تێیی گەیاندبووین کە ئەمە کاری ئێوە نییە! بەڵام ئێمە هەر ئینکار و سەرەڕۆ و لە سەرووی هەموویەوە بێدەرەتانی، تێمانگەیاندبووتر کە کاری ئێمەیە و ئەولاتریش. کلاس حەوت پیاوێ بوو ئیتر! عەیبە نەزانێ و نەتوانێ کۆڵبەرییەکی حیز بکات. کە قەیاسەکەمان ڕاخستبوو کابرای خاوەن مەخزەنی باشماخی پێمان پێکەنیبوو کە گوایە ئەبوا لە لێژگاییە ڕامان خستایە، نەک ئەو تەختاییە، کە دواتر عەدڵە برنجەکەت بۆ بەرز بکرێتەوە! کورد ئەڵێ یا زانا بە یام پرسا؛ ئێمە نە بزان بووین و پڕمان ئەکێشا پرسین لە یەکێ!
ڕەهەندەکە نەوی لە خۆمان و لە فەردە برنج، خستینیە ناو پەناملە سوورەکە، ئیتر بۆ دوای ئەوە هیچ ماشینێ بەقەی ئەوە گەرم و نەرم و خۆش نەبوو و نابێ! خەڵکی کوێن و کوڕی کێن و چکارەن و سەرتان لێ شێواوە ئالەم قسەیەلە کە بەم ٤ی بەیانییە چیەکەن لێرا؟ بۆ ئەبێ کەونە ئایسە و عەسڵەن بۆ تا ئەگرا بە کۆڵەوە هاتوون؟ قوربان لە ترسی پازگاکەی قەبری زاڵە هاتووینەتەوە ئێرە و ئیتر وتوومانە با نەمانگرن! کورە بنە گووانە خۆ شەوێ سەو کۆڵ یەتۆ لەم ڕێگەوە، خۆ باوڕەکەی بارە تێخ و جگەرەتان پێ نییە وا خۆتان کردووە بە خولە پیزێ! لەل ئەو عالەما لەم دیو پایەگاکەوە سوار ماشینەکان بوونایە و تەواو! هەر باش بووە سەگتان تێوە ڕانەهاتووە! یام گورگ نەیاخواردوون! بە حوکمی ئەوەی کە ئەو هەوارامی بوو و من لای مەرزی، بە حوکمی ئەوەی کە من چەندین کەسی نزیکم لەو مەرزەیا قاچ و دەستیان پەڕیبوو و کوژرابوون، بە پێی ئەوەی کە من زۆرێک لە خزم و کەسەکانم وڵاغار و ئەوانە بوون و مەرزیان ئەکرد، ئیتر من بە حساب تەواوی ئەو مەنتەقە وەک لەپی دەسم بەڵەو بووم و ئەو فەقیرەش عەقڵی خۆی دابووە دەس من. منیش وەک چەگوارا چیلکەیەکم هەڵگرتبوو و بەسەر لمی ئەو قەراخ چەما نەخشە ڕێگای دوورترین و سەختترین ڕێگای مومکینم وەک ئەمنترین ڕێگا کێشابوو! بەدەمارەوە بە هاوڕێکەمم وتبوو دوام کەوە، دوام کەوت و هەڵیجرنگاند کە جرنگاندی! بەیانییەکەی لە خوار چوارڕای بایەوە لە شوێنێک کە پێیان ئەوت برنج فرۆشییەکان، داماننا و تا نیوەڕۆ فرۆشتمان و خێرەکەیمان نا تەنگەی گیرفانمان و وەک پیاوی پیاوانە بە باخەڵی پڕەوە ڕوومان لە ماڵەوە کرد.
ئەمە سەرەتای ڕێگایەک بوو کە ئێمەی مناڵ ئەزموونمان کرد و دواتر مێرمنداڵیمان لە بنەدەوەنەکانی هەژارییدا بە جێ هێشت. لە سەرەتاوە تەنیا لەشت مانوو ئەبوو، بەڵام دواتر ڕۆحت جەمام ئەکەوت؛ لە سەرەتاوە پووڵی گیرفانت خوتووکەی ئەدای، بەڵام دواتر قۆناخە تفەنگی چەکدارێکی سەر کاناڵەکە کەرامەتتی ئەقوپاند! خاوەن بارێ کە کەسابەتەکەی زەرەری کردبوو جوێنەکەی بە تۆ ئەیا! ڕەهەندەیەک کە مەئموورێ ماشینەکەی خەواندبوو، تووڕەییەکەی بەسەر تۆیا ئەڕشت. سەربازێکی سەر چەمەکە کە فەرماندەکەیان بێبەشی کردبوو لە مورەخەسییەک کە بچێتەوە دەزگیرانەکەی ماچێ بکا، شەقەزلەیەک کە ئەبوا لەوی بدایە لە تۆی ئەیا! زلەیەک کە تا ساڵەها سوورییەکەی نەک لە ڕوومەتت بەڵکوو لە ڕۆحتدا ئەمایەوە.
هێسرە شێتەیەک کە نەیەوێسا کۆپانی کەن و بە کوتەک و گوریس لێیان ئەدا، پێناسەی بەزەییتی ئەم دیواودیو ئەکرد! کاتێ لە کاناڵەکە دائەبەزایت و لە سەرکەوتنا هەناسەت سوار و پشتت لاواز بوو، فەلسەفەی بوونی خۆتت لەم دنیایەدا ئەخستە ژێر پرسیارەوە! بە جۆرێک کە 21 ساڵ دوای ئەوە کاتێ لە هۆڵێکدا ڕێوڕەسمێک لەسەر توندوتیژیی کۆمەڵایەتی دائەنرێ و کابرایەکی کۆمەڵناس یام دەروونناس لەسەر ڕیشەکانی توندتیژی قسە ئەکا، بێ ئەملاولا ئەتباتەوە بۆ ئەو ئێوارەیەی کابرایەکی نیزامی شەقێکی وەهای تێهەڵدابووی خۆت و کۆڵەکەتی لە عەرز بڕیبوو! ڕەنگە ئەو کاتە بیرت کەوتبێتەوە کەی و چۆن ڕۆژێ لە ڕۆژان عزەت نەفست دراوەتە بەر شەق و بوێریت لە بازیدییەکەی ئەملای ساوەوە، سەعدی ناوێک سیخی لێ داوە و بە جوێنێک وەک شەقەکەی کابرا لە سەگە بەرەڵای هیدایەتدا، مهرەبانی پێ نواندوویت.
درۆیە چیرۆکی کۆڵبەری نانووسرێتەوە، ئەم وشانە هەمووی تازەن، وشەی بەر لەپتاپ و تلگرامن، وشەی سکتێری و بەر کوولێرن. ئەبێ بێدەسەڵات بیت و موحتاج، ئەبێ جوێنێ وەها بدا لە جەرگت دڵت پڕ بێت و سەر لە ناو ئەژنۆت تێر بگریەیت و هەوڵیش بدەی کەس پێت نەزانێ! ئەبێ عارەقی پشتت کۆڵەکەت بخووسێنێت و دواتر بسێنەر ناڕەزا بوو لە کڕینی ژیانی ئەمڕۆت، بڵێی کاکە ناو بارا وای لێ هاتووە. ئەشێ حەز لە کەوشی شبرەو کەیت و خەوی پێوە ببینی، ئەبێ حەز لە پەنێری تەنەکە کەیت و تااااسەی کەی. نە قەد بە شەرواڵەکەوە دانیشتن لە پاڵ قۆرییە چایی، بەو هیوایەی کە بەیانی بخەوی تا نیوەڕۆ، بەسەرهاتەکانی ئەو مردنانە کە مردیت و لە بزنەڕێیەکانی “باشماخ” و “بایەوە” و “بناوەسووتە”یا ناشتنت، نایەتەوە و نایەتەوە
ئەم وتارە لە ژمارەی 18ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.









ثبت دیدگاه