پ
پ

 

سەلام سماییل سورخ

هەرچەن پێگەی گرینگی شاخەوانەکان بۆ شۆناس و هەستی داهێنانەیان لە زەین و ئەندێشەدا، کێو بەدی هێناوە و تۆماری کردووە؛ بەڵام بنەمای پێکهێنانی  کەسایەتیی دەوڵەمەند وەک سامانێکی مرۆڤی، کۆمەڵگا پێکی هێناوە و لە گەڕان و پشکنین و فێرکاری و نزیکی لەگەڵ خاک و ئاو، جووڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ شاخ و پێدەشتەکان، هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆمەڵگا و دیتنی دنیای شاراوە کە زۆر کەس نایبینن و نایبیسن، بنەمایەکی بەهێز بۆ خولقاندنی کاراکتێر و کەسایەتیی لێوەشاوەی شاخەوانەکان پێک هێناوە.

بە ئاوڕدانەوە لەو میراتە گەورەیەی شاخەوانەکان، کە زۆرتر بۆ خۆیان خولقێنەر بوون، چیرۆکی ئەوەندە مەزن تۆمار دەکرێ، جاری وایە تێکەڵاوی ئەفسانە و ئوستوورە دەبێت. دەسکەوتەکەنی شاخەوانی جیا لەوەی کە هۆشیارییەکی گەورە و لەڕادەبەدەر بە مرۆڤ دەبەخشێ، خولقێنەر و بەدیهێنەر دەبێت. چاو کراوە وەک تاکێکی کۆمەڵگا خۆ دەردەخا، بەڵام لە ئاکامی هەڵسوکەوت وەک ئەرکێکی پیرۆز لە کۆمەڵگادا قاڵ دەبێ. هەستی بەر پرسیاریەتی، شێوازی کەڵک وەرگرتن لە هەر جووڵەیەکی مرۆڤ، بۆ مرۆڤانەتر کردنی ژیان، دەبێتە ئامانجی سەرەکیی شاخەوانەکان و پێناسەیەکی تایبەت نە تەنیا بۆ وەرزشی شاخەوانی دەبێت، بەڵکوو لە ئەدەبیات و هونەر و جوانتر کردنی کۆمەڵگا لە دنیای واقع و نووسیندا دەبێتە دەنگۆی ئەو ئاکارانەی کە لە دنیای شاخەوانیدا ڕوو دەدن. بە بێ هۆ نییە کە ”ئالبێر کامۆ” فەیلەسووف و نووسەری فەڕانسی دەڵێ: “شاخەوانی، وەرزشی مرۆڤە گەورەکانه.”

شاخەوانی هەمیشە نیگای نوێ دەخولقێنێ، بیر و ئەندیشە دەخاتە گەڕ، مرۆڤ دەخاتە کار و تێبینی و بەرژەوەندییە نەبینراوەکانی دنیای خۆی دەبینێت. بەرژەوەندیی نوێ، بیری تازە و ڕێکەوتن و بارهێنان و ڕاهێنان وەک مەعریفەیەکی تازە دەخاتە بەردەم بەردەنگەکانی و ڕێکەوتن و جموجۆڵ وەک پێداویستییەکی زەمانی خۆی و فێربوون و فێرکردن دەکاتە سەرەکیترین بواری هونەری شاخەوانی. ژینگە و پاراستنی، وەک ئەرکێکی مەزن دەبێتە بەردی بنا‌غەی هەڵسوکەوتی شاخەوانان. بە پێداچوونەوە لە ڕابردووە پڕ لە ڕەمزوڕازەکانی شاخەوانی پەل دەهاوێ و  ڕه گاژۆ دەکا و ئێمە  بۆ ناسینی دنیای شاراوە و جوانتر کردنی کۆمەڵگا و فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و سەقامگیر دەبات. لەو وەرزشە هەموو دەتوانن قارەمان بن. ئولگوو وەرگرتن و بەرهەم­هێنان و بەدیهێنان وەک کانیاوێکی پڕئاو کە هەرکەس بە پێی توانا دەتوانێ بینی پێوە نێ و توونیایەتیی بشکێنێ.

ڕوو دەکەینەوە کوردستان، لەگەڵ ڕێبوارێکی حاڵزان، شاخەوانێکی بەئەزموون، قاڵ­کراوی ڕەنج و کار و دوکتورێکی بەویژدان، کە نەتەنیا تۆز و خۆڵی شاخ و پێدەشتەکانی شاخەوانی پێوە دیارە، بەڵکوو بۆ زانیاری و خوێندەواری، سنوورەکانی ڕاپەڕاندووە و لە گەورەترین کالیجی ئەمریکا بڕوانامەی پزشکیی وەرگرتووە. ”دوکتور خوسرەو خوسرەوی کوردستانی” لە ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی گەورەماڵ و خێرخواز لە شاری سنه لە دایک بووە. هەر لە منداڵییەوە چاوی به کێوەکانی کوردستان پشکووتووە. خوێندنی دواناوەندی (دبیرستان) لە زانستی سروشتی (علوم طبیعی) وەک دیپلۆم، لە شاری سنە وەردەگرێ. لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی دوکتورای پزشکی لە زانکۆی تاران بە سەرکەوتوویی تەواو دەکات؛ هەر لەو کاتە وەک خوێندکاری پزشکی لە تاران دەرسی خوێندووە؛ بە هۆی هۆگری بە شاخەوانی، لەگەڵ باشگای شاخەوانی (باشگاه ابرمرد) وەک شاخەوانێکی چالاک پێوەندی دەگرێ و بڕوانامەی شاخەوانی و سەختەوانی (سنگ نوردی) لە تاران وەر دەگرێ. دوای تەواو بوونی خوێندنی پزشکی لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی بۆ درێژەپێدانی خوێندنی پزشکیی باڵا، ڕوو دەکاتە ئەمریکا و درێژە بە خوێندنی پزشکی ئەدات.

سەرمایە و ئاسوودەیی وڵاتی ئەمریکا، بۆ ساتێکیش ئەوی ختووکە نەداوە، بۆیە دوای تەواو بوونی لە ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی گەڕاوەتەوە کوردستان. وەک دوکتورێکی بەمشوور و بەپرەنسیپ لە کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت دێهاتەکانی ناوچەی “کەڵاتەرزان”، وەک ئاواییی نگڵ و ناوچەی ژاوەرۆی هەورامان، لە خزمەت خەڵکی فەقیر و بێدەرەتاندا بوو. لە بیرەوەریی دێهاتەکانی ناوچەی سنه، نێوی دوکتور خوسرەوی بە گەورەیی یاد دەکرێتەوە.هەستی مرۆڤایەتی، خاکی و خۆڵینە و شاخەوان­بوون، وەک مرۆڤێکی لێبوردە و ڕۆح سووک، دوکتورێکی خۆشەویستی لێ بەدی هێناوە کە لە دونیای تواناکانی خۆی زۆر هەڵسووڕێنەرە. هەموو هەڵسوکەوتی بۆ ئەوە بووە کە مناڵان و لاوانی نەتەوەکەی لە ئامێزی ئارمانی گەورەباوێ، ڕێ کەون و بۆ بەرژەوەندیی خاکوئاو، خۆ نەخەنە باوەشی ناحەزان.

دوکتور خوسرەوی کوردستانی لە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی، بۆ شاسواری شاخەکان، ئەلبورزی هەرەبەرز، کێوی “دەماوەند” هەڵگەڕاوە و چووەتە لووتکەی دەماوەند؛ چاوی بە دیتنی هێلانەی سیمورغ، زاڵ و فەرەیدوون گەشاوەتەوە. بوونی لە ئەمریکا، ئەزموون و بیری پڕ لە هەڵسوکەوتی زۆرتر دەخاتە گەڕ، بەڵام قەت چرای پڕ لە شەوقی شەقامە ڕێکانی سانفرانسیسکۆ چاوی بە شەوارە ناخا و گڕی کزی فانۆس و لەنتەری ئاواییەکانی کوردستان لە دڵیدا کز ناکا و بۆ ساتێکیش لە بیریان ناکا.

بۆ هەوەڵ جار لە کێوی “ئەلوەند”ی هەمەدان لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە کۆڕی شاخەوانانی کوردستان کە لە لایەن جەماوەری ناوەندی شاخەوانانی کوردستان، بۆ ڕێزنان لە ٥٠ ساڵ ئەزموون و شاخەوانی و خزمەت بە گەل و نیشتمان، دوکتور خوسرەو خوسرەوی کوردستانی پێک هاتبوو و بە بەشداری ٥٠٠ شاخەوان لە شاخی ئەلوەند بەڕێوە چوو، چاوم پێ کەوت. بەو تەمەنەوە لەگەڵ ئێمە شاخەوانیی ئەکرد؛ لە هەموو بارێکەوە قەوارە جوان و لەبەردڵان بوو. دیمەنی دڵاوای شاخی ئەلوەند (پێگەی باپیرانمان) و قەڵافەتی نەسرەوتووی بەساڵاچووی پڕ لە ئەزموونی دوکتور خوسرەوی لە نێو شاخەوانەکان، گڕ و تینێکی پێ بەخشیم کە لە کوتن نایه. دەستە پیاوێکی گەنم­ڕەنگ، نێو چاوان کراوە، بە ئەزموونی ٥٠ ساڵ شاخەوانی و خێرخوازی و خزمەت بە گەل و نیشتمان.

کۆی هونەر و بایەخی دوکتور خوسرەوی کوردستانی، زۆرتر هەستی مرۆڤایەتی و خاک و خۆڵینە بوونە، باڵای وەک دەماوەند بەرز؛ جوان و دڵڕفێن وەک گوڵە شلێر و بەخوڕ وەک سیروان. بەو هەموو هەست و هەناسەوە خۆی لە دنیای چاو و ڕاو و سنگ لەپێش­خستن و خۆجاڕدان و خۆهەڵکێشان و خۆویستی دزیوە و حەول­ودەولی هاوارە  دژی ناپاکی و مرۆڤانەتر کردنی ژیان. لە دنیای پڕجەنجاڵی سەرمایەداری، کە بەشێک بۆ قرانێک مل لە چەقۆ دەنێن، زۆرتری سامان و سەروەتی خۆی بۆ چێ­کردن و سەرپەرشتیی دەرمانگای خۆڕایی لە ئاوایی “کەرەونان” (کروندان) لە ناوچەی دێولان (دهگلان) و چێ­کردنی هونەرستانی کشتوکاڵ تەرخان کردووە؛ کە کۆی ئەوانە بە شاهیدیی خەڵکی سنە و ناوچە، خۆی لە ١٠ میلیارد تمەن داوە. بە هیچ پێوەرێک ئەو دڵاواییه مانا ناکرێت؛ ئەگەر تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی خاک و نەتەوە نەبێت. بە عەشق و خۆشەویستی، هەست و هەناسەی گۆڕاوە.

یەکێک لە دۆستانم دەیوت کە لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی: “ئەوکات تەنیا دوکتوری ناوچە لە ئاواییی نگڵ، دوکتور خوسرەوی بوو؛ کە بە فیداکاریی خۆی، زۆربەی ئەو منداڵانەی سوورێژەیان گرتبوو کۆی کردنەوە و بردنیه نگڵ و بە کۆی گشتی هەتا چاک بوونەوەیان قەرەنتینە کران و دەرمانی کردن کە خۆم ڕزگار بووی دەستی دوکتور خوسرەویم لە سوورێژە، ئەو کاتە میرمنداڵ بووم و دوکتور خوسرەوی دوای چاکبوونەوەم لە ئاخری مانگی زستان وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ کێشاوم و نووسراوەیەکیشی لە پشت وێنەکە نووسیوە، کە هەستی دوکتور بەرامبەر مرۆڤ و کێو نیشان دەدات.”

بە باڵای تەمەن و دنیایەک ئەزموون و شاخەوانی، دوکتور خوسرەوی لە کۆمەڵگایەکدا دەژیی کە هێشتا برینە قووڵەکانی مێژووی پێوە دیارە؛ بەڵام وەک بیرمەندێک بە وزەیەکی لە ڕادەبەدەر، قەت لە کۆمەڵگای خۆی نەتۆراوە. لە نێو جەرگی جەماوەردا، ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی و ڕای پەڕاندووە و پێی وایە بۆ کۆمەڵگای خۆت هەنگاو بنه و ئەوە لە دەستت هات بیکە، ئەوە قارەمانیەتییە؛ بێ دەنگ و هاوار. هەڵسوکەوت لەگەڵ زەمان، وەک ئەرکێکی مێژوویی و وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی ئیشی کۆمەڵگا و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پشت کردن لە بیری نالەبار و پشت­بەستن به بیر و ئەندێشەی خۆت و خستنه گەڕی، بۆ ئەوەی گیانی دووبارە بچێتە نێو جەستەی کۆمەڵگا.

لە گەردەلوولی گێژاوی زەمان، نەتەنیا وەک شاخەوانێکی بەئەزموون و بەرپرسیار، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی نەتەوەیی، هەستیار بە خەم و ئازاری نەتەوەکەی بووە و بۆ ئەوەی دنیا جوانتر بنوێنێ قەت لێیان نەتۆراوە. ئەوڕۆکانە تۆزی گەردوخۆڵی دەورانی پێوە دیارە؛ هەرچەند گڕوتینی لاوەتی بۆ شاخەوانی نەماوە؛ بۆ ئەوەی ئەزموونەکانی شاخەوانی بۆ بەرەی داهاتوو و لاوەکان بهێڵێتەوە، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ئەرکی یەکێک لە دامەرزرێنەرانی لێژنەی شاخەوانیی کوردوستان(کانون کوهنوردان کردستان)ی وەئەستۆ گرتووە. بۆ ئەوەی لە نێوان بەرەی ڕابردوو و نەوەی داهاتوودا پردێک چێ بکا، لە ساڵەکانی ١٣٦٢ بەولاوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ بەرپرسی ڕادیۆی پزشکیی دەنگی کوردستان بووە. بۆ ئەوەی هیچ کات و دەرفەتێکی بۆ پێوەندی لەگەڵ خەڵک لەدەست نەدات، لەگەڵ خێرخوازانی “چێ کردنی قوتابخانە” زۆر لە حەولدایه و بەرپرسیی گۆڤاری وەرزانەی دیابێت بە ناوی “شەفای کوردستان” ئەرکێکی دیکەی دوکتورە.

پەراوێز:

تۆرەمە= ڕەگەز، نژاد، جسنات – لەنتەر= فانۆس – کەوێڵ= چارداغ، ماڵێک لە نێو باغ و مەزرا ساز دەکرێ – چێ کردن= دروست کردن – قاڵ کراو= توانەوە – ڕێگاژۆ= پەل هاویشتنی ڕیشەی دارێک لە ژێر زەوی بۆ جێیەکی دیکە – بیراز کردن= تیژ کردن – ئامێز= باوەش – بینی پێوە نێ= دەمی پێوە نێ، دەم بە کانیاو نان – جڵەو کردن= هەوسار کردن

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۸ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.