ئەمجەد حەیدەری
سروشت گیانلەبەرێکە و بە درێژاییی مێژووی خۆی، سەدان و هەزاران ڕووداو و کارەساتی خۆش و ناخۆشی بەخۆوە دیوە؛ دیمەنێکی ڕەنگین و دڵڕفێنە و ئاوپرژێنی دڵ و دەروونە زامدارەکان ئەکا و زۆر جاریش تابلۆیەکی پاشماوەی دەستی جەنگە و شەڵاڵی خوێنە و پەیکەری نوقمی بێبەزەیی و دڕندەیی مرۆڤەکانە!
دڵی سروشت هەنبانەیەکی پڕ بەرهەمە و بەوپەڕی بەخشندەیی و دڵفراوانییەوە میوانداریی مرۆڤی پێ دەکات. سروشت و مرۆڤ، جووتە برایەکی دوانەی یەک دایکن و ساڵەهای ساڵە لەسەر ئەم گۆی زەوییە دەژین.
ئەگەر بە چاوێکی وردبینانە و دور لە دەمارگرژییەوە بڕوانینە فەرهەنگ و ئەدەبی هەموو جیهان، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە کاریگەریی پۆزەتیڤ و ئەرێنیی سروشت لەسەر ئەدیب و شاعیر و ڕووناکبیران بووەتە هۆی دەوڵەمەندیی ئەدەبیاتی وڵات و بەگشتی هەموو جیهانییان.
بەردەوام کەڵە ئەدیب و خاوەن قەڵەمەکانی هەستناسک بەجۆرێک، لە سروشت و شاخ و کەژ و کێوەکان ئیلهامیان وەرگرتووە و لە قاڵبی ئەشعاری خۆشەویستی و ئەوینداریدا، بەیت و شێعر و هۆنراوەیان چڕیوە و بە کوڵم و ڕوومەت و ئەگریجەی “یار”یان شوبهاندووە.
یاخود مەڵبەند و شاخ و کێوەکان هەستی بەرخۆدان و خۆڕاگرییان لە قەڵەمە شۆڕشگێڕەکاندا بزواندووە و هەر ئەمەش بووەتە مایەی داڕشتنی ئەشعار و هۆنراوەگەلی شۆڕشگێڕانە و لە ئەنجامدا مارش و سەمفۆنیای وڵاتانی پێ نووسراوەتەوە.
شێوەکارانی بلیمەت و خاوەنهەست بە دەست و پەنجەی ڕەنگین و هونەرمەندانەیان ئاسەواری دڵڕفێن و بەنرخیان هێناوەتە بەرهەم و گەلەری و هۆڵ و مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهان شاهیدی ئەم ڕاستییەن.
هونەرمەندانی بەزەوق و خاوەنبەهرە، چەکوش و قەڵەمیان گرتووەتە دەست و ڕۆحیان کردووە به جەستەی بەردی بێگیاندا و دەیان و سەدان پەیکەری ئەنتیک و بەنرخیان هێناوەتە بەرهەم و ئێستاش وەک ئاسەواری بەنرخی مێژوویی چاویان لێ دەکرێت و هەمووساڵێک ژمارەیەکی فراوان لە مێژووناسان و گەشتیارانی ناوخۆ و جیهانی، سەردانی ئەکەن.
لەڕاستیدا چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ “سروشت” و ژینگە، گرینگترین فاکتەر و هێمایە لە ئاستی شارستانییەت و سەقافەتی هاووڵاتییان و بەردی بناغەی داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند، لەبواری فەرهەنگی و ڕۆشنبیریدایە.
سیستەمی پەروەردەوبارهێنان، وەک پێشەنگی فێرکاری و هاندانی “تاک” لە کۆمەڵگە و بەتایبەت قۆناغی سەرەتایی، ئەرکی گەورە و بنەڕەتی لە ئەستۆیە و داڕشتنی وانە و سازدانی خولی فێرکاری لە ئاستێکی بەربڵاودا بۆ قوتابیان، دەبێتە هەوێنی پارێزگاری لە ژینگە و سروشت و هەر ئەمەش دەبێتە فەرهەنگ و کولتوور و لە کۆمەڵگەدا سەقامگیر دەبێت.
خۆشبەختانە جیهان لە هەزارەی سێهەمدا پێشکەوتنێکی گەورە و بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بە “گوندی جیهانی” ناوزەد دەکرێت. زانستی پزیشکی و بەتایبەت دەروونناسان لەسەر کاریگەریی ئەرێنی و پۆزەتیڤی سروشت و ژینگە جەخت ئەکەنەوە و تووشبووانی نەخۆشیی دەروونی و خەمۆکی و نەخۆشە درێژخایەنەکان و هتد، بۆ گەشتوگوزار و گەڕانەوە بۆ داوێنی سروشت هان ئەدەن و بەجۆرێک بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووەک و گوڵ و گژوگیا چارەسەریی زۆرێک لە نەخۆشییەکان ئەکەن.
ئەگەرچی پێشکەوتنی زانست و بوارە جۆراوجۆرەکانی تەکنۆلۆژی لە ئاستێکی بەرفراوان و جیهانیدا هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە و ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چوارگۆشەی جیهانی لێک بەستۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر بەو ڕادەیەش ئاسەواری شەڕ و کاولکاری و پەرەپێدانی فەرهەنگی توندوتیژی و داپڵۆسان، هەڕەشەیەکی پڕمەترسییە لەسەر ژینگە و داڕمانی هەست و دەروونی ئینسانی.
دەستی تاوانباری مرۆڤ سنوورەکان دەبەزێنێ و بەلێشاو زبڵ و پاشماوەی کارگە کیمیاوییەکان دەکا بە گەرووی دەریاکاندا و هەموو بوونەوەرە دەریاییەکان دەخاتە بەر مەترسی و ئەگەری لەناوچوون و بنبڕکردن.
ئاسمانی شین و بێگەرد کراوەتە ئامانجی دووکەڵی کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنانە زەبەلاحەکانی کیمیاوی؛ دەیان جۆری ژەهر و مادەی کوشندە دەکرێ بە گەرووی ژینگەدا و بەجارێ ژیانی مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەکان بەرەوڕووی مەترسیی گەورە بووەتەوە.
وەک ئاگادارین بە هۆی وشکەساڵی و نزمبوونی ئاستی بەنداو و ڕووبار و دەریاکان و لەناوچوونی دارستان و لەوەڕگاکان، دەشت و بیابانەکان لە پەرەسەندندان و ساڵانێکە شەپۆلی خۆڵبارین بەڕێژەیەکی سامناک ڕوو دەکاتە شارەکان و هەر ئەمەش تەندروستیی هاووڵاتییانی خستووەتە بەر مەترسییەکی جیدی و دەیان جۆری نەخۆشی لێ بووەتەوە.
لەم ڕووەوە کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی لایەنی پەیوەندیدار، ئەوەندەی دیکە بواری قەیرانی ژینگەیی خۆش کردووە و ڕێژەی مردن و توشبوون بە نەخۆشییە تایبەتەکان وەک شێرپەنجە، هەناو، MS و… لە تەمەنی ژێر ۲۰ ساڵدا ڕوو لە زیادبوونە.
پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و بوار خۆش کردن بۆ میوانداری لە گەشتیارەکان، کە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی ناوچە و دەوڵەمەند کردن و گۆڕینەوەی فەرهەنگی لەم نێوەدا، لە سەرەکیترین پلان و ئەرک و بەرنامەکانی دەوڵەتەکانە؛ تەنانەت لەم ڕێگەوە بەشێکی گەورەی داهاتی وڵات دابین دەکرێت. بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە و بەتایبەت لە شاری مەریوان، بابەتەکە دەقاودەق پێچەوانە و لنگەوقوچە. هەموو ئەو پتانسییەل و سەرچاوە خۆڕسکانەی کە دەبنە دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاووڵاتییان و مایەی ناساندن بە خەڵکانی ناوخۆ و دەرەوە، دەکەونە بەر ڕمڵی تیژی ناکارامەیی و نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی شایستە و لێهاتوو.
هەموو ساڵێک بەهۆی کەمتەرخەمی و دەستدرێژیی ژمارەیەک کەسی نەفسنزم و هەلپەرەست، دارستان و لەوەڕگەکان دەکەونە بەر بڵێسەی ئاگری ڕق و قین و بێبەزەییانە هەموو بوونەوەرەکانی ئەو ناوچانە دەسووتێن.
ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان، مەترسییەکی دیکەیە، کە ئەگەری لەناوچوونی بۆ هەمیشەی بەدواوەیە و تاوانباران بە ئاشکرا سەرپێچیی هەموو یاساوڕێساکان دەکەن.
ساڵانە هەزاران گەشتیار و میوانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دێنە سەردانی سروشت و شوێنە گەشتیارییەکانی مەریوان و هەورامان و بەتایبەت گۆلی “زرێبار” کە بە (نگینی کوردستان) دەناسرێ و وەک تاکە دەریاچەی سروشتیی ئاوی شیرینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەداخ و ئەسەفێکی فراوانەوە “زرێــــبــــار” تاکە دەریاچەی “خێر لە خۆ نەدیو”ە کە نەک هەر لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خراوە، بەڵکوو پلانی دامەزراندنی “پاڵاوگە” لە دەشتی بێلویش، هەڕەشەیەکی جیددی و مەترسیدارە بۆ سەیرانگای بێلو، بۆ “زرێبار”، لەناوچوونی سەدان جۆری باڵندە و بوونەوەرە ئاوییەکان، تێکدانی سروشت و سڕینەوەی مێژوویەک کە ساڵەهای ساڵە بووەتە ناسنامەی ئەم شارە.
بەڵام خۆشبەختانە لەم نێوەدا سەرهەڵدانی بزافێکی مەدەنیی خۆڕسک و ژینگەپارێز، پێکهاتە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، هاتووەتە مەیدان و بەوپەڕی دڵسۆزی و هەستی بەرپرسیاریەتی، بەرەنگاری هەموو پیلان و کردەوە ناشارستانییەکان وەک تێکدانی ژینگە دەبنەوە. کوڕان و کچانی خاوەنهەست و ژینگەپارێز لە ئەگەری هەرجۆرە ئاگرکەوتنەوەیەک، زۆر بوێرانە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەڵمەتی کۆنترۆڵ و کوژانەوە دەست پێ دەکەن و بە گژی ئاگردا ئەچنەوە.
بە ژیانەوەی وەرزی بەهار و هاتنی نەورۆز، گرووپە کەژوانییەکانی پێکهاتوو لە ژن و پیاو، هەڵمەتی نەمامناشتن و خاوێنکردنەوەی سەیرانگا و شوێنەگەشتیارییەکان، وەک زرێبار و دەشتی بێلو دەگرنە ئەستۆ و تۆوی مێهرەبانی دەچێنن.
داڵدەدان و تیمارکردنی ئاژەڵە کێوییەکان و گەڕانەوەیان بۆ ژینگە و داوێنی سروشت، بووەتە نەریتێکی بەرزی ئینسانی. هەروەها بەرزڕاگرتنی یاد و بۆنە جیهانییەکان، مەیدانێکی دیکەی چالاکی و هەڵسووڕانی ڕێکخراوەمەدەنییەکانە، کە دەبێتە هۆی گڕوتین و بایەخدان بە ئەندامانی ڕێکخراوەکان، بۆ شێلگیربوون لەسەر ڕاپەڕاندنی ئەرک و چالاکییەکانیان.
ئەم وتارە لە ژمارەی 19ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.









ثبت دیدگاه