پێوه‌ندیی منـداڵان  و سروشــت
18 می 2017 - 9:05
شناسه : 120247
بازدید 201
پ
پ

خەلیل خاوەریان


تا چەند ساڵێک لەمەو پێش، دنیای زۆربەی منداڵان دنیای یاری و خۆشی و ڕابواردن لە ناو سروشتدا و ئەزموون وه‌ر گرتن لە سروشت بوو، دنیای ڕاستەقینەی  منداڵان زۆر نیشانەی ئاو و خاک و هەوا و با و گیانداران  و دار و دەوەنی پێوە دیار بوو.  بەڵام مەخابن دنیای هەنووکەی منداڵ لەگەڵ سروشت نامۆیە و دنیایەکی مەجازییە  و یاریی مەجازی جێگای ئەو دنیایەی گرتووەتەوە و سروشت و هەموو شتێکی سروشتی، بۆ منداڵ نامۆ و غەریبە.

سنووری نامۆیی منداڵ لەگەڵ سروشت، ئەوەندە بەرچاوە کە کەمتر ئەتوانین ببینین منداڵێک یاری لە ناو خۆڵ و ئاو و ڕیخ لە سەر دار و بەرد بکات و ڕاکردنی بەدوای پەلەوەر و پەپوولە و مێروو و گیانداران زۆر کەم بووەتەوە.  منداڵان بەگشتی نوقمی دنیای مۆدێڕن و یاریی کەمپیۆتێر و تەبلت و موبایلن؛ منداڵانی ئەمڕۆ منداڵانی چینێکن کە زۆربەی ژیانیان و یارییەکانیان لە ناو دڵی سروشتدا و یاریی سروشتی بووە، بە داخەوە دایک و باوکەکانیش یاری و خۆسەرقاڵ کردن لە دنیای مەجازیدا، لە هەموو گەشت و خۆشییەکی ناو سروشت، بە باشتر و خۆشتر و گونجاوتر دەزانن. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە منداڵانی ئەمڕۆ نە تەنیا لە بەرپرسەکانیان سروشتێکی وێران و ژینگەیەکی نەگونجاویان بە میرات بۆ ماوتەوە، بەڵکوو ئەوەندە نوقم و غەرقی دنیای مەجازی و ئینتەرنێت بوون کە گرنگیی ناسین و  پاراستنی سروشت و ژینگە، مانایەکی ئەوتۆی نییە بۆیان.

بەگشتی پێوەندیی هەنووکەی زۆربەی منداڵان لەگەڵ سروشت زۆر لاوازە بووه و بەرانبەر وێرانی و کاولکارییەکانی مرۆڤ دەرحەق بە زەوی و سروشت، کەمتەرخەم و بێ ئاگان. بە داخەوە لە دونیای قوتابخانە و پەروەردەی منداڵانیشدا هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە کە منداڵان بتوانن پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سروشت ببێ؛  منداڵان، ژوورە فێرکارییەکانی قوتابخانە تەنیا وەکوو زیندانێک سەیر دەکەن و مێشکیان بەردەوام ها بە لای  ئه‌و دە یان پازدە خولەکی کاتی پشووی چوونە دەرەوە لە ژوورە فێرکارییەکان.

ماوەی چەند ساڵێکە هەموو پسپۆران و دەروونناسان بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە  منداڵان لە دنیای مەجازی و ژوورە زیندانەکانی ماڵ و قوتابخانە ڕزگار بکرێن و بۆ گەشە کردن و لێهاتوو بوون پێویستە لەگەڵ سروشتدا ئاشت ببنەوە.  منداڵان لە تەمەنی پێنج تا یانزە ساڵان بەردەوام پێویستیان بە یاریی سروشتی و خۆشی و چێژ وەرگرتن لە سروشت هەیە، پێش دە ساڵ لەمەوبه‌ر هەموو ژیانی مرۆڤ بە سروشتەوە گرێدارو بوو و منداڵانیش زۆرتر لە ناو سروشتدا یاری و کایەیان ئەکرد بەڵام ئێستا دایک و باوکه‌کان و بەرپرسانی منداڵان تەنیا بە هەمان ڕەوشتی پەروەردەی کۆن و کڕینی ئامێری جۆراجۆری یاری قەناعەتیان کردووە و یاریدەرن لەوەی منداڵان لە دنیای واقعی خۆیان داببڕێن و لە دنیای مەجازیدا خۆیان سەرقاڵ و بێدەنگ بکەن.

منداڵێک کە تەنها لە ناو دنیای مەجازی و یاریی مەجازیدا سەرقاڵە، ناتوانێ ببێتە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و کە گەورەیش بوو کەمتر بایەخ بە کۆمەڵگا و نرخەکانی کۆمەڵگا ئەدات و مرۆڤێکی تاکگەرا ئەبێ، بەڵام منداڵانێک کە لە دەرەوە و لە سروشتدا یاری و کایە دەکەن، لە کاتی یاری کردنەکەیاندا پێوەندیی مرۆییان لەگەڵ منداڵانی دیکە دەبێت و فێری پێوەندی گرتن بە کەسانی ترەوە دەبن و یاری بەکۆمەڵ و چێژ وەرگرتنی بەکۆمەڵ لە یاریەکانیان دەبینرێت؛ ئەمە ئەبێتە سەرەتای فێر بوونی بەکۆمەڵایەتی کردنی  منداڵ.

پێوەندی گرتنی منداڵان لەگەڵ سروشت، تەنیا ڕۆحی کۆمەڵایەتی بوون و چێژوەرگرتن و یاری کردن لە دڵی منداڵاندا بەدی ناهێنێت، بەڵکوو ئاشنا کردنی منداڵە بە کەم­وکورتییەکانی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و ژینگەدا، ئاشنا کردنی منداڵە لەگەڵ بێدادیی گەورەکان لەگەڵ سروشتدا، دروست کردنی هەستی بەرپرسیاریەتیی منداڵە بەرانبەر ژینگە و سروشت. ئەگەر منداڵ لە سروشت و دەرەوە داببڕێ، بەو مانایە کە ئیتر بێئاگایە لەوەی کە دارستانەکانمان دەسووتێن، کانیاوەکانمان وشک دەبن و زبڵەکانمان لە ناو ژینگەدا بڵاو دەکرێتەوە و لە داهاتوودا ئەویش بەردەوام و  بە بێ هیچ هەستێک  درێژە بەو ڕەوتی تێکدانی سروشتە  ئەدات.

لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە منداڵانێک کە لە سەرەتای ژیانیانەوە دەچنە ناو سروشت، کە گەورە بوون زۆرتریش ئەچنە دەرەوە و تەندروستیی دەروونی و جەستەییان باشترە  لەو منداڵانەی کەمتر دەچنە ناو سروشت و یاری و کایەی پێوەندیدار بە سروشتەوە ئەکەن. کولتووری ئێمە کە بەردەوام لە ژێر هێرشی هەژمۆنیی تەکنۆلۆژیادایە، بوون لە ناو سروشتدا و پیاسەکردن و گەشت و گوزار لە  دەرەوەی شار و ماڵی لێمان گرتووەتەوە؛ بەڵام وەک دایک و باوک و بەرپرسی منداڵان، ئەتوانین کات بۆ خۆشی و چێژوەرگرتن لە سروشت بۆ خۆمان و منداڵانمان دابنێین.

سروشت و پێوەندیی لەگەڵ سروشت، ئەتوانێت کاریگەریی خەمۆکی و دوودڵی و ناڕەحەتیی دەروونیی مرۆڤ و بەتایبەتی منداڵان کەم بکاتەوە و هێز و وزەی ڕۆحی ببەخشێ پێمان و بە بێ دوودڵی سروشت یارمەتی ئێمە ئەدات کە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا هاوسەنگی دروس بکەین و فێر دەبین تێفکرین و بیرکردنەوە لە ناخماندا بەرانبەر خۆمان و سروشتمان بونیاد بنێین.

پێوەندی گرتنی منداڵان لەگەڵ سروشت و یاری و کایەیی سروشتی ئەبێتە هۆی ئەوە کە منداڵ جمووجۆڵی زیاتری بێت و وزەی زیاتر سەرف بکات و تەندرووستی جەستەیی بۆ منداڵان زۆرتر بکات و بەر لە قه‌ڵه‌و بوون و زۆر نه‌خۆشیتر بگرێت، بە گشتی حاشا هەڵنەگرە کە یاری کردن و ڕاکردن و کایە کردن بە خاک و خۆڵ و ئاو و دار و بەرد لە ناو سروشتا یانێ دوور کردنەوەی منداڵ لە کامپیوتەر و موبایل و تەبلت و دنیای مەجازی. بەداخەوە ئێستایش کە لە وەرزی بەهاردا سەیران و گەشتی بۆ ناو سروشت زۆر بووە منداڵان هەر لە دەرەوەیش سەریان ها لە ناو  دونیای مۆبایل و تەبلت و یاری مەجازی و لە دەرەوەیش ناتوانن لەو ئامێرانە دابڕێن.

لێــره‌دا ‌ پێویستــه‌ بزانین که‌ ئێــمه‌ وه‌ک دایک و باوک یه‌که‌مین به‌رپرسیـارین له‌ ئاست ئاشنا کردنی منداڵانمان له‌گه‌ڵ دنیای سروشــت و یاری کردن له‌ گه‌ڵ منداڵانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ؛ هەروەها ئـه‌رکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یــشه‌ که‌ ئیتر کۆتایی به‌ په‌روه‌رده‌ کردنـی منداڵان له‌ قوتابخانه‌ کۆن و ماندووکە‌ره‌کانی ئێستا بهێنــن و په‌ره‌ به‌ دروست کردنی قوتابخانه‌ سروشتیانەییەکان(مدارس طبیعت) بده‌ن و ئاسـانکاری بـکه‌ن که‌ مــنداڵان دۆخی په‌روه‌ردەدا‌ ئاشنا ببن بە سـروشت.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۹ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.