پ
پ

 

ڕەئوف مەحموودپوور

ئەوەی کە مرۆڤ بۆ حەوانەوە، بە بادانی کەسەری دەروونی، دەرکردنی ماندوویەتیی جەستەیی و ڕۆحی، تام کردن و فام کردنی خۆشیی هاوبەش و… جاروبار پێویستی بە سەیرانە، بابەتێکی حاشا هەڵنەگرە و نکۆڵی لێ ناکرێت.

ئەگەر بمانەوێت لە سەردەمی هەنووکەیی و لە خوێندنەوەیەکی تەوسیفیانەدا نەریتی سەیران شرۆڤە بکەین، لەگەڵ چەند دەستەواژەیەکدا بەرەوڕوو ئەبینەوە کە بۆ نەریتی سەیران بەدیار و پێویستن.

یەکەم: خودی سەیران: چوونە شوێنێک بۆ ڕابواردن و خۆشی کردن و چێژ وەرگرتن لە ژیان.

دووهەم: سەیرانگە: ئەو شوێنەی لەوێ سەیران ئەکرێت.

سێهەم: سەیرانکەر: ئەو کەسەی بە ئامانجی سەیران کردن ڕوو لە سەیرانگە ئەکات.

چوارەم: نەریتی سەیران؛ چەپکێ دابونەریت کە لە کاتی سەیران کردندا بەڕێوە ئەبرێن. دیارە ئەم نەریتانە بە پێی کولتوور، ناوچە، وردەکولتوور، ویستی سەیرانکەر و باوەڕ، تەوفیریان هەیە.

وادە و ڕادەی سەیران­کردن دیاری نەکراوە و سەیرانکەر هەرکات ئارەزوو بکات ئەتوانێت بە ئامانجی سەیران­کردن، ڕوو لە سەیرانگەکان بکات.

ئەکرێت ئەم نەریتە لە ڕوانگەگەلی فەرهەنگی، ئابووری، ڕەفتارشناسی(دەروونناسی)، کۆمەڵایەتی و… لێک بدرێتەوە و باسی لە سەر بکرێت.

لێرەدا هەوڵ ئەدەم لە ڕوانگەی فەرهەنگی_ئابوورییەوە، تیشک بخەمە سەر ئەم بابەتە. هەرچەند بۆ لێکدانەوەی ئەم بابەتە ناکرێت لە نێو ئەو ڕوانگەگەلەدا حەسار بکرێت. وای بۆ ئەچم کە ئەو ڕوانگانە لێک هەڵاواردە ناکرێن و هەموویان پەیوەندی و کاریگەریی  تەنراویان هەیە.

وەک وترا، سەیرانکەر لە سەر وادە و بەپێی پلان، بۆ ڕابواردن و چێژوەرگرتن لە ژیان و هەست­کردن بە خۆشیی، ڕوو لە سەیرانگەکان ئەکات. بەکۆڵێک پێداویستیی دەسچن کراوەوە. لێرەدا مەبەستی سەرەکی، هەست­کردن بە خۆشی و چێژ وەرگرتن لە ژیانە. ئەکرێ لە دوو گۆشەنیگاوە هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە بکرێت.

یەکەم: ئەتوانین بپرسین لە کۆتایی سەیرانەکەدا، سەیرانکەر تا چەند ڕازی بووگە و هەست ئەکات کاتێکی خۆش و حەزاوی بەسەر بردووە؟

دووهەم: دیارە چێژ وەرگرتن بابەتێکی سەڵت و یەک لایەنە نییە. بەڵکوو بابەتێکە کە ئەکرێ لە چەند لایەنەوە بۆی بڕوانین. بۆ وێنە؛ سەیرانکەر هاوکات لەگەل خۆشییەکانی خۆی، تا چەند توانیویەتی خۆشی بە دەوروبەر ببەخشێت؟ بۆ وێنە، هاوسەیرانەکانی خۆی، سەیرانکەرانی دیکە، خەڵکی ئەو دەڤەرانەی کە سەیرانگەکانی لێیە؟!

من نامەوێت لێرەدا باسەکەم بخەمە نێو تەنگەلانی کۆنکرێتی ئەرزشییەوە و دەست بۆ قەزاوت ببەم و خۆم بکەمە سەرپشک! بەڵام ئەمەوێ بە زڕاندنی هەندێک پرسیار و شی­کردنەوەی دۆخەکە، ئەو ئەرکە بخەمە سەرشانی بەردەنگ.

بۆ ئەم کارەش پەنا دەبەمە بەر شرۆڤەی ئەم نەریتە لە دەڤەری مەریوان. بە شێوەیەکی لۆکاڵی و بابەتیانە هەڵپرژێواندن بۆ بابەتەکە ئەکەم و لە سەر قۆناغەکانی ڕاوەستە ئەکەم.

وەک بەدیارە،لە ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا، زۆربەی خەڵكەکە لە ڕۆژانی هەینی یان ڕۆژانێکی تایبەتی وەک سێنزەبەدەر و … بە ئامانجی سەیران­کردن ڕوو لە دەرەوەی شار و تەنانەت گوندەکانیش ئەکەن. ئەمەش بەدیار ئەخات کە وادەی سەیران­کردن لەم ناوچەیەدا لە ڕووی زەمەنییەوە، زیاتر لە وەرزی بەهار و لە ڕۆژانی هەینیدایە. ئەڵبەت بێژگە لەو ڕۆژانەی کە تایبەتمەندیی نەریتی و فەرهەنگییان هەیە. وەک ڕۆژانی نەورۆز و سێنزەبەدەر …

سەیرانکەرانیش، لەم ناوچەیەدا زۆربەی هەرەزۆری خەڵک ئەگرنەوە. تەنانەت وای لێ هاتووە کە خەڵکی گوندەکانیش لە ڕۆژانی هەینیدا ڕوو لە سەیرانگەکان ئەکەن.

با هەر لە دەسپێکەوە ئەوە بڵێم کە بەرمەبەستی سەیرانکەر بازدانێکە لە ماڵەوە بۆ سەیرانگە. مەبەستم ئەوەیە کە ئیدی ناو ڕێگا و مەودای نێوانی ماڵ تا سەیرانگا، لە زەینی سەیرانکەرانی ئەم ناوچەیەدا سڕاوەتەوە. ئەوەتا ئەبینین کە بێ ئاوڕدانەوە لە جوانی و شتە چێژبەخشەکانی ناوڕێگا، هەرماشینە و بە پڕتاو بەرەو سەیرانگە ئەڕوات. ئیدی چێژوەرگرتنی ناوڕێگا و تێک­نەدانی خۆشیی ناوڕێگا لە دیتران، بابەتێکی پووچ و لەسەرنج سڕاوەیە. هەر ئەوەیە کە تێکدانی ڕەوتی بەڕێگاچوون و ترافیکی ناوڕێگا، لەم سەر و لەو سەرەوە، ترس و دڵەخورپەی زۆر لای سەیرانکەران خۆش ئەکات. بێ ئەوەی تێبفکرین کە بۆ خۆشمان بەشێکین لە سازێنەرانی ئەو بارودۆخە هەژێنەرە.

لەم ڕەهەندەدا باشترە لەوە تێبگەین کە مادام مەبەستی سەرەکی لە سەیران­کردن لەزەت­بردن و دابین­کردنی کاتێکی پڕ لە خۆشییە، با ئەوە فەرامۆش نەکەین کە ئەو لەزەت و خۆشییانە، ئەتوانن لە ناوڕێگاشدا دابین بکرێن و سەفەری ناوڕێگاش خودان چەپکێ جوانی و لەزەتە کە نابێ بە پەلەکردن و تەنگەتاوبوون، ئەو بەشە لە خۆشییەکان لە دەست بدەین. بەڵکوو ئەبێ (بەتایبەت کاکی شۆفیر) بەهێوری و لەسەرخۆیی هەم ئەو دۆخە پڕ لە خۆشییە بۆ هاوسەفەرەکانمان دابین بکەین و هەم لە خەڵکانی دیکەش تێکی نەدەین.

سەیرانگا. لەم ناوچەیەدا شوێنێکی تایبەت و دیاری کراو و ڕێکخراو بە ناوی سەیرانگە بوونی نییە. سەیرانکەر هەرشوێنێکی دڵگر بە سەیرانگە ئەزانێت و بۆ چوونە ئەو شوێنە مافی تەواو بە خۆی ئەدات. هەڵسوکەوت لەو شوێنەش بەتەواوی ڕەهایە و سەیرانکەر هەرجۆر پێی خۆش بێت، خۆی بە خاوەن ماف ئەزانێت.

بە باوەڕی من، دیاری­نەکردن و ڕێک­نەخستنی سەیرانگە، گەورەترین زیان بە سروشت، ئابووریی ناوچەیی و سەیرانکەر ئەگەیەنێت. بۆیە بە پێویستی ئەزانم لەسەر ئەم بابەتە زیاتر شرۆڤەم هەبێت.

سروشتی ڕازاوەی ناوچەکە، بە پێدەشتەکانی مەریوان و قەدپاڵەکانی سەرشیو و دیمەنە سێحراوییەکانی هەورامانەوە بگرە تا لێوارەکانی زرێباری دێرین، بەجۆرێکن کە سەیرانکەر دڵی بۆ حەسانەوە و چێژوەرگرتن لەو شوێنانەدا بەحەزە. بەڵام لێرەدا بە چەند خاڵێک سەرنج نادرێت. بۆ وێنە:

ـ نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی؛لەوانە ئاودەس!! ئەمەش زۆرجار سەیرانکەر و بەتایبەت ژنەکان تووشی گرفت ئەکات.

ـ نەبوونی خزمەتگوزاری بەتایبەت بۆ ڕاگرتنی خاوێنی و دابین­کردنی نەزم و ڕێکوپێکی گشتی. هەر ئەوەیە کە ئەگەر پاش سەیران، وردی سەیرانگەکان ببیتەوە، لەگەڵ دیمەنگەلێکی زۆر ناحەز و قەیراناوی بەرەوڕوو ئەبیت. کۆما کۆما پاشماوە و شڕوشەخەڵ و شوێن پێی ماشین و…

ـ گوێ­نەدان بە پاراستنی سروشت. سەیرانکەر تا هەرجێیەک ماشین بڕوات، لێدەخوڕێ و لە هەرجێیەک بەدڵی بوو، ماشینەکەی لائەداتە نێو سروشت. ڕێژەی زۆری ماشین و بەردەوامیی ئەم کارە، پێشێل­کردنی سروشت و کوێراندنەوە و لە ڕیشەخستنی گژوگیای سروشتی بەدواوەیە.

کەسیش لەم دۆخەدا خۆی بە بەرپرس نازانێت. نە سەیرانکەر، نە دامودەزگا ژینگەپارێزییەکان.

لەحاڵێدا ئەگەر سەیرانگەکان دیاری­کراو و ڕێکخراو بوایەن، ئیدی شوێنی ڕاگرتنی ئوتومبێل دیاری ئەکرا و سەرسەوزە و بان دڵی گوڵەکانی سروشت نەئەکرایە شوێنی مانۆڕدان و ڕاگرتن!!

تەنانەت هەڵپەڕکێش، کە نەریتێکی فەرهەنگیی تایبەتییە، ئەبێتە هۆی کوێراندنەوە و کوتاندنەوەی سەوزە و ناشیرین­کردنی سەوزەزارەکانی سروشت.

خاڵێکی دیکە کە بە پێویستی ئەزانم لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم، گەیاندنی زیانێکی زۆرە بە خەڵکی گوندەگان. ئەم زیان­گەیاندنەش بە شێوازی جۆراوجۆر دێتە کردار. بۆ وێنە:

ـ پێشێل­کردن و لە ناوبردنی گژوگیای سروشت. ئەو گژوگیایە کە سەرچاوەی لەوەڕ و ئاڵفی ئاژەڵی ئاژەڵدارانی گوندەکانە. لە هەندێ شوێن؛ ئەو گژوگیایە سەرچاوەی بژێویی ئاژەڵدارانە. ئەوان وێڕای لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لەو شوێنانەدا، بە بڕین و کۆکردنەوەی کەما و لۆ و گژوگیای دیکە، ئاڵفی وەرزی زستانی ئاژەڵکانیان دابین ئەکەن. بەڵام وەک ئەبینین، ڕۆژانە بە هەزاران کەس، ئەو گژوگیایە پێشێل ئەکەن و تەنانەت ئەشیکەنە گۆڕەپانی تەڕاتێنی ئوتومبێلەکانیان.

ـ هەندێ لە گژوگیای بەهاری و سەمەری دارەکان، سەرچاوەی بژێوی بەشێک لە خەڵکی گوندەکانە. بەڵام سەیرانکەرانی شاریی!! کاتێ ڕوو لە شوێنەکان ئەکەن، بەشێوازی نەشیاو و نابەرپرسانە، ئەو گژویایە ڕیخەکەن ئەکەن و سەمەری دارەکانیش دائەماڵن. بەم کارەش زیانی زۆر بە ئابووریی خەڵکی گوندەکان ئەگەیەنن. لەکاتێکدا ئەبێ ئەوە بزانین کە مەبەست لە سەیران، ڕابواردن و خۆشی­کردن و لەزەت­بردنە نەک کاری ئابووری. بەڵام بەشێک لە خەڵکی ئەم دەڤەرە، لەم کاتانەدا بە هەڵکەندنی گژوگیای خۆراکییەوە خەریک ئەبن. خاڵی بەرسەرنج ئەوەیە کە هەڵکەندنی ئەو گژوگیاگەلە بۆ ئەوەی ڕیشەکەن نەکرێن و  وشک نەبن، جۆرە زانست و شێوازێکی تایبەتیی گەرەک کە خەڵکی دەڤەرەکان بە پێی ئەزموون و فێربوونی ڕاستەوخۆ لە گەورەکانیان، ئەو شێوازانە لەبەرچاو ئەگرن. بەڵام سەیرانکەران بێ گوێدان بەو نەریتانە، بە شێوازی هەڕەمەکی دەست بۆ هەڵکەندنی گژوگیاکان ئەبەن و بەوجۆرە ئەبنە هۆی لەڕیشە خستنیان. ئەمەش قەیرانی سروشتی و ئابووریی لێ ئەکەوێتەوە.

ـ ئەوەی کە ئەم دەڤەرە خودان کولتوورێکی ئەکتیڤ و تایبەت و ئافرێنەرە، هیچ شک و گومانێکی تێدا نییە. ڕەنگە هەر ئەمەش بێت کە ئاستی چاوەڕوانییەکانی بەرز کردبێتەوە. بەم ڕوانگەیەوە ئەکرێت بە هووشیار کردنەوە و ئاگادار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا، کارێک بکرێت تا نەریتی سەیران­کردن هێندە شارستانی و سەردەمییانە بکرێتەوە، تاکوو ببێتە هۆی حەوانەوە و لەزەت بەخشی بۆ هەموان. بۆ ئەم کارەش ڕێگاچارە و بابەتی کرداری هەن و ئەکرێت لە لایەن رێکخراوە جەماوەرییەکان و دامودەزگا ئیدارییەکانەوە، بە شێوەیەکی تۆکمە و بابەتییانە کاریان لەسەر بکرێت. بە شێوەیەک کە تاکەکانی کۆمەڵگا لەوە تێبگەن کە سەیران­کردن نەریتێکی شارستانی و سەردەمییانەی پێویستە. سەیرانکەریش؛ شارۆمەندێکە هاوکات لەگەڵ هەبوونی ماف، ئەرکی تایبەتیشی ئەکەوێتە سەرشان و پێویستە لە پێناو ئاسوودەیی خودی خۆی و دیتران، هەروەها لە پێناو پاراستنی ژینگە و خزمەت بە نەوەکانی ئایەندە، بەو ئەرکانە هەستێت.

*عیجاڕی = کارێکی بێ بنەمای فکری کە تەنیا لە بەر چاولێگەری بکرێ، کاری هەڕەمەکی

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۹ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.