ئەمجەد حەیدەری
ژیان هێڵێکی ڕاستەوخۆیە؛ مرۆڤ پێ دەنێتە ژیانەوە؛ ساوایی و منداڵی، لاوێتی و کامڵ بوونی تەمەن و لە ئەنجامدا دەگاتە خاڵی کۆتایی. هەموو مرۆڤێک تا دەگاتە دوایین خاڵی کۆتایی ئەم هێڵە، دەبێ بەم گوزەرەدا تێپەڕێ؛ بەڵام زۆر جار تێپەڕبوون لەسەر ئەم هێڵە وەک کردارێک لە ڕووی ئاگاداربوون و وشیارییەوە نییە؛ بەڵکوو دەبێتە خوو و عادەت. لە ڕاستیدا ژیان دەگۆڕدرێت بە تیکرار و دووپات بوونەوە و هەر ئەمەش دەبێتە گەورەترین کێشە و گرفتی ژیان بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکان.
ڕۆژان و مانگ و ساڵان تێئەپەڕن بێ ئەوەی هیچ جۆرە تەوفیر و جیاوازییەکیان لەگەڵ دوێنێ و سبەی (ڕابردوو و داهاتوو)دا هەبێت. ڕەنگە هەر بەهۆی بێزاربوون لەم شێوە تیکرار و دووپات بوونەوەی ژیانە بێت کە مرۆڤەکان “بۆنە و مەراسیم” ڕێک دەخەن؛ بۆ وێنە ڕۆژی باوک و دایک، یاخود ڕۆژی عەشق و خۆشەویستی، جێژنی لەدایکبوون و یادی هاوسەرگیری و هتد…
مەبەست لە سازدانی ئەم جۆرە بۆنە و مەراسیمانە کە بۆ یادکردنەوە لە شادی و خۆشییە بچووکەکانی ژیان ڕێک دەخرێ ئەوەیە کە قەدر و بایەخی شادییە بچووکەکانی ژیان بزانین و ڕەنگە جێژنی ساڵهاتی لەدایکبوون، بیرمان بخاتەوە کە ساڵێک بەخێرایی چرکەساتێک تێپەڕی و بایەخی هەموو چرکەکانیمان نەزانی و هەمووی بەفیڕۆ چووبێت! هەر ئەم جۆرە دیاری کردنی ڕۆژ و “بۆنە”گەلە لە لاپەڕەی ڕۆژمێرەکان ڕەنگە بۆ ئەمە بێت کە جارێکی دیکە ئاوڕێک لە ڕابردوومان بدەینەوە و بەخۆدا بێین و هەوڵ بدەین چیدی باشتر قەدر و بایەخی ژیان بزانین. بەجۆرێک نەورۆز و نوێ بوونەوەی ساڵەکانیش وەک جێژنی لەدایکبوون وایە، جێژنی لەدایکبوونی وەرز و ساڵی نوێ.(٢٧ی مەی) ڕۆژی جیهانیی MS، یادکردنەوەیەکی تایبەتە لە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشە درێژخایەنەکان کە لە بارودۆخێکی ناهەمواری جەستەیی و دەروونیدا دەژین و تەنانەت زانستی پزیشکیی مۆدێڕن و پێشکەوتووش لە ئاستی چارەسەر کردن و بەهانا چوونیانەوە بێ وەڵام ماوەتەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی شارەزا تووشبووانی Multiple Sclerosis کە بە (MS) دەناسرێت، لە تەمەنی ۲۰ بۆ ۴۰ ساڵ و بەڕێژەیەکی زۆر خانمانی گەنج گیرۆدەی دەبن و زۆرجار بە نەخۆشیی “ڕوخسارە جوانەکان” ناودەبرێت.
ئەمجۆرە نەخۆشینە دەڕواتە چوارچێوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و کاریگەری دەبێت لەسەر مێشک و نۆخاع و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی کۆنترۆڵی بینین و هەستی لەمس بوونی لەش و بێهەستی لە دەست و قاچەکاندا. هەروەها مێشک و دەمار دەکەوێتە بەر تەوژمی هێرشی سیستەمی بەرگریی لەش و هەر بەمەش ناوزەد دەکرێت.
کەسانی سپی پێست بەتایبەت دانیشتووانی ئەورووپای باشور ئەگەری زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی نەخۆشیی (MS)یان هەیە و بە پێچەوانەشەوە ڕەگەزە ئاسیاییەکان، ئەفریقا و دانیشتووانی خۆماڵیی (بومی) ئەمریکا لە نێوان دیکەی ڕەگەزەکاندا کەمترین ڕێژەی توشبوون بە MSیان تێدایە.
فدراسیۆنی جیهانیی (MS) بەم بۆنەوە ڕادەگەیەنێت کە هەموو تاک و گرووپ و ڕێکخراوەکان لە هەمبەر ئاگادارکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە نەخۆشینە ڕێک دەخا و بەرەیەکی یەکگرتوو پێک دەهێنێت. لەم یاد و ڕۆژە جیهانییەدا پێویستە ئاماژە بە ڕێژەی ڕوو لە زیادبوونی نەخۆشیی MS لە شاری مەریوان بکەم و زەنگی مەترسی و بەرەنگاری لەگەڵ ئەم نەخۆشییە بۆ هاووڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار لێ بدەم. وەک ئاگادارین بەداخەوە بە هۆکارگەلێکی نادیار و چاوەڕوان نەکراو ژمارەیەکی ڕوو لە زیادی نەخۆشیی (MS) لە وڵاتی ئێران و بە تایبەت پارێزگای کوردستان و شاری مەریوان بوونیان هەیە و بەهۆی بارودۆخی نائاسایی جەستەیی و کەم داهاتیی بنەماڵەی توشبووان و لەسەرەوە بوونی تێچووی دەرمانە تایبەتەکان، لە حاڵەتێکی نەشیاو و بارودۆخی ئاڵۆزی ڕۆحی و دەروونیدا دەژین. لەڕاستیدا کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی توشبووانی نەخۆشیی MS لەلایەن دەوڵەت و وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی خۆش بژێوی، گەورەترین هۆکارە بۆ گۆشەنشینی و تەریک مانەوەی نەخۆشەکان لە کۆمەڵگە و کاریگەری زیاتر بۆ خراپ بوونی باری جەستەیی و دەروونیی نەخۆشەکان. پێویستە دەوڵەت وەک گەورەترین و سەرەکیترین خاوەن بودجە و دەسەڵاتی وڵات، بە هەبوونی پلانی تۆکمە و بەرنامەی تایبەت و کارئاسانی بۆ ڕێکخستنی ئەنجومەنە خێرخواز و پەیوەندیدارەکان بەتایبەت ئەنجومەنی (MS) لە شارەکان دەرفەتی کار و پیشەی گونجاو بۆ توشبووان و هاوکاریی مادی و مەعنوی بۆ بنەماڵەکانیان پێک بهێنێت و لەم ڕێگەوە هەنگاوی جیدی هەڵگرێت. لێرەدا پێویستە بەکورتی ئاماژە بە هەندێ لە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان و سەرنجی پزیشکانی پسپۆڕی ئەم بوارە بکرێت:
1 ـ پێویستە مانگانە نەخۆشەکان لەکاتی دیاریکراودا لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار، پشکنینی تایبەتیان بۆ بکرێت و دەرمان و چارەسەریی تایبەتیان بۆ دیاری بکرێت.
۲ ـ ئەم جۆرە نەخۆشانە بە هۆی پاڵەپەستۆی ماڵی و جەستەییەوە ڕووبەڕووی تەنگەژە و ئاڵۆزیی دەروونی و خەمۆکی و بێئومێد بوون لە ژیان دەبنەوە و پێویستە مانگانە لە لایەن پزیشکی پسپۆڕی دەروونی پشکنینیان بۆ بکرێت.
۳ ـ کەڵک وەرگرتن لە MRI و تیشک لە جەستە و مێشک و جمگەکان و بڕبڕەی پشت و گەردن، پێویستییەکی گونجاوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ڕێژەی کاریگەریی دەرمانەکان.
۴ ـ خۆراک، واتە بەکارهێنان و خواردنی خواردەمەنیی تایبەت، هەڵگری ویتامین D ـ H و B6 بەشێکی دیکەیە لە چارەسەر و یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاری و ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی ((MS
۵ ـ ئاودەرمانی و سەردانی مەلەوانگەکان، بەشێکی دیکەی جووڵە و ڕاهێنانی ماسوولکەکانە کە پێویستە هەفتەی ۲ جار توشبووانی MS بەکاری بێنن و لە لایەن ڕاهێنەری شارەزاوە مەشق و بەرنامەی ئەیرۆبیکیی تایبەتیان بۆ لەبەرچاو بگیرێت.
٦ ـ بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە ئامێر و کەرەسەکانی وەرزشیی تایبەت لە فیزیۆتراپی و کاردەرمانی و سەرنج دان بە ڕێنوێنییەکانی پزیشکانی پسپۆڕ، بەشێکی دیکەیە بۆ چارەسەر و بەهێز کردنی جەستە و ماسوولکەکان. ۷ ـ بەشداریی چالاکانە لە گەشتوگوزار و ڕێکخستنی چوونەدەشتی سیاحەتی بۆ نەخۆشە (MS)یەکان دەورێکی سەرەکی و کاریگەری دەبێت بۆ هەست بە ئومێدەواری و گەشبین بوون بە دواڕۆژ و بەدی کردنی داهاتوویەکی ڕوون. ٨ ـ دابینکردنی پێداویستیی تایبەت لە لایەن ڕێکخراوی خۆشبژێوی (بێهزیستی) بۆ ئەو نەخۆشانەی لە دۆخێکی ناهەمواری جەستەییدا بەسەر دەبەن وەک ویلچر، واکر، عەسا و کەلوپەلی خاوێنکردنەوە، لە سەرەکیترین پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی توشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییەن.
سازدانی خولی فێرکاری و مەشق و ڕاهێنانی ئەندامانی بنەماڵەی نەخۆشەکان، بۆ جۆری مامەڵە کردن و خزمەت بە توشبووان، بەشێکی دیکە لە ئەرک و چالاکیی ڕێکخراوی خۆشبژێویە، کە بەداخەوە تا ئێستا لەبەرچاو نەگیراوە. دابینکردنی دەوا و دەرمانی تایبەت و سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمان و ئەنجومەنی (MS) لە شاری سنە بە مەبەستی داشکانی نرخی دەرمانەکان، کێشە و گرفتی مانگانەی بنەماڵەی نەخۆشەکانە، کە پێویستە لەم ڕووەوە کارئاسانیان بۆ بکرێت.
ئەم خاڵانەی سەرەوە و هەوڵدان بۆ بوار خۆشکردن بە مەبەستی هاتوچۆی نەخۆشەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی ناو شارەکان و چەندین ڕێنوێنیی دیکەی پزیشکی، بەشێکن لە سەرەکیترین پێویستییەکانی توشبووانی MS، کە کاریگەریی پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر چارەسەریی گونجاو و گەڕانەوەی کەشێکی ئارام بۆ نەخۆشە توشبووەکانی (MS).
لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم نەخۆشانی توشبووی (MS) وەک هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، خاوەن ماف و ڕێز و حورمەت و کەرامەتن، تکایە هەرگیز بە چاوی بەزەیی و کەم ئەندامی پەککەوتەوە سەیریان نەکەین. نەخۆشیی MS هەرگیز لە کەون و گەردوونێکی دیکەوە نەهاتووە، ئەگەر ڕۆژێک جەستەیەکی لاواز و ڕەنگ خۆڵەمێشی و ژاکاو لەتەنیشتتان تێپەڕی، خۆ دوور مەگرن و بێزار مەبن؛ ئەوانە نمونەیەکن لە خۆڕاگری و کۆڵنەدان، ئەوانە تابلۆیەکن لە جەفا و بێبەزەیی دەستی ڕۆژگار. ئەوانیش خاوەن هەستن و حەزیان لە مێهرەبانی و نەوازشە، ئەوانیش دڵیان هەیە و خۆزگە و ئاواتەکانیان زۆر غەریب و نامۆ نییە. وەک من و تۆ، بگرە لە ئێمەش زیاتر!..
ثبت دیدگاه