خەلیل خاوەریان
مێرمنداڵی قۆناغی گەشە کردنی جەستەیی و هزری منداڵە بەرەو گەورە بوون، قۆناغی تێپەڕاندن و گۆڕان بەرەو باڵق بوونی جنسی و کۆمەڵایەتی و خۆناسین لە خۆ دەگرێت، لە زۆربەی لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا قۆناغی مێرمنداڵی بە سێ قۆناغ دابەش ئەکرێ:
۱- قۆناغی مێرمنداڵی سەرەتایی ۱۲ تا۱٤ ساڵان
2- قۆناغی مێرمنداڵی ناوەندیی ۱٤ تا ۱٦ساڵان
۳- قناغی کۆتایی مێرمنداڵی ۱٦ تا ۱۸ ساڵان
ئاکاری مێرمنداڵ هەندێ جار منداڵانەیه و هەندێ جاریش وەکوو گەورەکانە
مێر منداڵی قۆناغی گواستنەوە لە گرێداروی منداڵە بەرەو گەورەیی و سەربەخۆیی و پەسەند کردنی ئەرکەکانی ژیان. مێر منداڵ لەم وەرزەی ژیانیدا لەگەڵ دوو مەسەلەی گرنگ ڕووبەڕوو دەبێتەوە:
یەکەم ـ تێڕوانین و بونیاد نانەوەی پێوەندی لەگەڵ دایک و باوک و گەورەکان و کۆمەڵگاکهی.
دووهەم ـ دووبارە خۆناسین و خۆگونجاندن لەگەڵ ژیان وەکوو مرۆڤێکی سەربەخۆ.
هەڵسوکەوتی و ئاکاری مێرمنداڵ هەندێ جار منداڵانەیه و هەندێ جاریش وەکوو گەورەکانە و لەم قۆناغەدا ئەو جیاوازییە زۆر بەرچاوە کە لەوانەیە بەرپرسان و گەورەکانی مێرمنداڵ تووشی نیگەرانی بکات.
دەست پێکردنی قۆناغی مێرمنداڵی وەکوو لە دایک بوونی دووبارەی مرۆڤە، سەرەتای دەست پێکردنی جۆش و خرۆش و توانای گەورە بوونە بەرەو سەربەخۆیی و دابڕان لە گرێداروی، بۆیە پێویستە گەورەکان یاریدەر و رێنمونی باشی مێرمنداڵان بن لە بەهێزکردنی ئەو جۆش و خرۆشە بەرەو ڕەوتێکی پۆزۆتیڤ. زۆر جار هەستی خۆشی و پێکەنین و شادی لە مێرمنداڵدا بەشێوەیەکی ڕێکەوتی ئەگۆڕدرێت بەرەو هەستی پەرێشانی و خەمۆکی و گۆشەگیری، سەرەڕای هەبوونی هاوڕێی زۆر لە ژیانیدا زۆر جار تەنیایە و حەز بە تەنیایی ئەکات. نهبوونی ههل و ئيمكانی پهروهردهی گونجاو و نهزانينی پێويستی رۆحی و تايبهتمهندی مێرمنداڵان لهلايهن باوک و دايک و مامۆستاكان و ههروهها قۆناغی منداڵی پڕ له كێشهوگرفت، سهرهکیترين هۆكارهكانی بهدیهاتني كێشهی گهورهن لهقۆناغی مێرمنداڵیدا. به پێی بۆچوونی رۆسۆ، پهروهرده كردنی مێرمنداڵ بهر له تهمهنی باڵغ بوون نابێ له سهر بنهمای زۆری وسهرنج نهدان به بنهمای كۆمهڵایهتی بێت.
تایبەتمەندی مێرمنداڵ وەکوو خۆبەزل زان، بایهەوا بوون، پڕ لە وزە، بیر و هزری زۆر گەورە و …
ئاشکرایە کە ئەم قۆناغە لە ژیان رۆڵ و دەورێکی گرنگ و سەرەکی هەیە لە پێگەیشتن و داهاتووی مرۆڤدا و بڕیارە گرنگەکانی داهاتووی ژیان و کەسایەتیی مرۆڤ لەم قۆناغەدا بنچینەی خۆی پتەو دەکا و بە شێوازێکی ڕێک یا چهوت دائەمەزرێنێ. بە گشتی تایبەتمەندی وەکوو خۆبەزل زان، بایهەوا بوون(مغرور شدن)، پڕ لە وزە، بیر و هزری زۆر گەورە (بلند پروازی)، خۆنیشاندان وەکوو کەسایەتییە گەورەکان و بە گشتی ژیان لەو قۆناغەدا بە سەردەمێکی ههستیاردا تێپەڕ ئەبێت تاکوو ڕاستییەکانی ژیان. هەر بۆیە لەم قۆناغەدا زۆربەی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مێر منداڵ لە لایەن ئەو دایکان و باوکانە و ئهوگەورانەی کە ئاگاداری باشیان لە سەر واقیع و دەروونی مێرمنداڵ نییە وەکوو تاوان ئەبینرێت، پێویسته ئەوە بزانرێ کە مرۆڤ لە هەر تەمەنێکدا بێت ناتوانین بۆ هەر هەڵەیەک وەکوو تاوانبار سەیری بکرێت سەرەتا دەبێ هۆکاری ئەو هەڵە کردنانە بناسرێن پاشان بە پێی یاسا و عورفی کۆمەڵگا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ پاشان بڕیار لە سەر تاوانبار کردنی بدرێ.
قۆناغی مێرمنداڵی؛ قۆناغی قەیرانی ژیانی مرۆڤ
درووست بوونی کەسایەتیی مرۆڤ لە حەوت ساڵی سەرەتایی ژیانیدا لە سەر بناغەی هەلسوکەوتی بنەماڵە و دەور و بەری، لە قۆناغی مێرمنداڵیدا سەقامگیر و پتەو ئەبێ. مێرمنداڵ لەم قۆناغەی ژیانیدا هەوڵ ئەدات کە خۆی بەبێ یارمەتی کەس و کار و گەورەکان هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکانی بدات و زۆر جار هیچ پێشنیارێک لە دەور و بەریشی پەسەند ناکات. مێرمنداڵ ئهو کاتانهی کە هەستی کرد گەورەکان ئەوان بە بچوک دەبینن کە ناتوانن بە شێوازێکی گونجاو ئیش و کارەکانیان بە ئەنجام بگەینن تووشی دڵشکاندن و ئازاری رۆحی و دەروونی زیاتر ئەبن و زیاتر بەرەو گۆشەگیر بوون هەنگاو هەڵدهگرن.
هەموو مرۆڤێک بۆ ژیان کردن دوو پێداویستی سهرهکی هەیە. یەکەم: پێداویستی مادی و جەستەیی کە بە پێداویستی سەرەتایی ناسراوە و بەبێ دابین کردنی ئەو پێداویستیانە ژیان ئاستەمە، وەکوو پێویستی بە ئاو و خۆراک و جل وبەرگ و خانوو و…هتد.
دووهەم: پێداویستی دەروونی و ڕۆحی کە دابین نەکردنی ئەمانە دەبێت هۆی نەخۆشینی دەروونی و سەرهەڵدانی تووندوتیژی و خەمۆکی لە مێرمنداڵدا. زۆربەی ناهۆمیدی و خەمۆکی و نیگەرانی و ئازاردان و هەڵسوکەوتی نەگونجاو و کوشتن و دەسدرێژیەکان سەرچاوەی بۆ دابین نەکردنی ئەو پێویستە دەروونی و ڕۆحییانە ئەگرێتەوە کە بۆ مێرمنداڵ دابین ناکرێ.
پێداویستە دەروونی و ڕۆحیەکان زۆر لایەنی وەکوو پێویستی بە ڕێزگرتن لە مێر منداڵ و خواسته ڕهواکانی، پێویستی بە کەشی ئارام و گونجاو بۆ ژیان لە ناو خێزان و کۆمەڵگا، پێویستی بە سەربەخۆیی مێرمنداڵ وەکوو تاک و بەشێک لە کۆمەڵگا، پێویستی بە پەسەند کردنی مێر منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە، پێویستی بە دەرک کردنی مێرمنداڵ له کاتی خۆشی و ناخۆشیدا و پێویستی بە ئازادی لە بیروباوەڕ لە خۆ دەگریت کە زۆر گرنگن بۆ ژیانی هەر مرۆڤێک بە تایبەت چینی مێرمنداڵ.
دەروونناسان و کۆمەڵناسان قۆناغی مێرمنداڵی بە قۆناغی قەیرانی ژیانی مرۆڤ دەناسن، قەیرانێک کە هەموو گەورەساڵان دەربازیان کردووە و هەنووکەیش ئەبێت ڕێگا لە پێش مێرمنداڵانی سەردەم بکرێتەوە کە بە باشی ئەو قۆناغە پڕ لە قەیرانە تێپەرێنن، مەرجی سەرەکی بۆ باش تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە خوێندنەوەی درووست و فراوان کردنی زانیاری پێویستە لە سەر ژیان و قۆناغی مێرمنداڵان.
مێرمنداڵ ئەتوانێ بە ناسینی خۆی خاوەن بڕیار بێت لە کردەوە و ئاکارەکانیدا
پێوەندی دۆستانەی دایک و باوک لەگەڵ مێرمنداڵ بە پێی هەبوونی زانستی ئەوەی کە پێویستیەکانی چین و چ جۆرە هەڵسوکەوتێک لەگەڵ مێرمنداڵ ئەرێنی و رهوایه زۆر گرنگە. پێوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە ڕێگا لە بەردەم گەورەکان ئەکاتەوە کە بتوانن پێویستیەکانی مێرمنداڵ بدۆزنەوە و بتوانن لە سەر بنەمای ڕا گۆڕینەوە لە نێوان خۆیان و ئهواندا چارەسەری گونجاو بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی مێر منداڵ بدۆزنهوه.
مێرمنداڵ کە هەوڵی سەربەخۆیی هزری و بڕیاردان لە سەر ژیانی خۆی ئەدا ئەگەر بە شێوازێکی ڕێک و پێک و درووست خۆی بناسێ و بە سەربەخۆیی بگات بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا مرۆڤێک باش و درووست ئەبێ و ئەتوانێ بە ناسینی خۆی خاوەن بڕیار بێت لە کردەوە و ئاکارەکانیدا. بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی نادرووست و باش نەتوانێ خۆی بناسێ و هاریکاری و هاودڵی دایک و باوک و گەورەکانی لەگەڵ نەبێت بۆ ئەوەی بتوانێ سەربەخۆیی خۆی بدۆزێتەوە ئەوا ناچارە لە خێزان و دەوروبەری دوور بکەوێتەوە و بە ڕێگاگەلێکی چەوت و نادرووست لە شوێنگەلێکی نەشیاو هەوڵی بە دەست خستنی سەربەخۆیی خۆی بدات.
کوڕان و کچانی مێرمنداڵ، پێویستیان بە پەروەردەی جەستەیی و جنسی هەیە
گرنگترین مەسەلە کە لە قۆناغی میرمنداڵی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە مەسەلەی جنسی و باڵق بوونه، مەترسیدارترین قۆناغی ژیانی تاکەکەسی مرۆڤە، چوون بەلارێ ڕۆیی و هەڵە کردنی لە بواری جنسییەوە زۆر بەرچاوە کە هۆکاری نائاگادار بوونی مێرمنداڵە لەگەڵ تایبەتمەندی باڵق بوون و ناسینی قۆناغی مێرمنداڵی. هەر بۆیە پێویستە خوێندنەوەی پێویست لە سەر باڵق بوون و هەستی جنسی مێرمنداڵ بکرێت تاکوو بەر لە لاڕێدان و هەڵە کردن لە بواری جنسی مێرمنداڵ بگیریت و بە پەروەردەی گونجاو و درووست مێرمنداڵ بۆ ژیانێکی تەندرووستی جنسی ئامادە بکرێت.
مادام که مرۆڤ لهم قۆناغهدا حهز بهوه ئهکات که خۆی کارهکانی خۆی بکات یەکەمین بەرپرسیار لە ژیانی مێرمنداڵ خودی مێرمنداڵە و ئەرکی دایک و باوک و مامۆستاکان و بەرپرسانە کە هاوڕێی مێرمنداڵ بن لە ڕێنمونی کردن و پەروەردەی درووست لە سەر بنەمای ڕێزگرتن و لە بەرچاو گرتنی خواست و پێداویستیەکانی ژیانیان و ئەرکی وەزارهتی پەروەردە و ڕاهێنانەیشه کە لەم قۆناغەدا بەشی پەروەردەی درووست لە سەر خۆناسین و ڕێنموونی کردن لە سەر تایبەتمەندی جەستەیی و دەروونی و خۆناسین و کۆمەڵایەتی کوڕان و کچان بۆ مێرمنداڵان له قوتابخانهکان بکهنهوە به ڕادەیەک کە دایکان و باوکانیش بتوانن بەشدار بن لەو پەروەردەیەدا.
نەبوونی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و گونجاو بۆ خۆناسینی مێرمنداڵ دەبێتە هۆی لە دەس چوونی توانایی و لێهاتووی مێرمنداڵ بەرەوە ژیانێکی چەوت و پڕ لە کێشە، مێر منداڵ ئەبێ ئەوەندە بە پەروەردەی گونجاو و زانستی بە هێز بکرێ کە توانایی چارەسەری کێشەکانی خۆی هەبێ و بتوانێ لەگەڵ کۆمەڵگادا خۆی بگونجێنێ تا ڕادەیەک کە یارمەتیدەریش بێت لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا.
ناوەندە مەدەنی و NGOکانیش ئەتوانن بەشی تایبەت بە مێرمنداڵانیان هەبێ و بەشداریان بکەن لە چالاکیە مەدەنیەکان و بەشی ڕاهێنانی تایبەت بە مێرمنداڵانیشیان هەبێ و یارمەتیدەرێکی باش بن لە ئاراستە کردنی مێرمنداڵان بەرەو چالاکی مەدنی و کۆمەڵایەتیدا.
ئەم بابەتە لە مانگنامەی ژمارە 21 چیا بڵاوکگرنگی قۆناغی مێرمنداڵی له ژیانداراوەتەو








ثبت دیدگاه