ئەمجەد حەیدەری
دەمێکە دەیناسم ، لە مێژە ، ساڵانێکی یەکجار زۆر. ”پوورە ئــامـیـن” دەڵێم، ئێستاش بزەی سەر لێو و بۆنی مێخەک و سمڵی بەرۆکی وەک نەرمە بارانی سەر کوێستان بە نێو ڕۆحی تینوومدا دەگەڕێ.
ئێستاش وەک سی ساڵ پێش، لەچکێکی ناسکی ئاورێشمی سپی داوە بە سەریا و ئەگریجەکانی بە لاڕوومەتیا وەک چڵە ڕێحانەی ژاکاو هاتوونە خوارێ و کوڵمە سوورەکانی وەک هەناری هەورامان خوێنی تێ زاوە.
چاو لێک دەنێم و بە نێو ئەرشیڤی یادەوەرییەکانما دەگەڕێم. تازە دەزانم ڕۆژگار چەن بێبەزەییانە گاڵەی پێ کردووم، لە ناهەق نییە سەر و ڕیشم ماش و برنجی وێساوە.
دەڵێی هەر دوێنێ بوو… سی ساڵ پێش ئەڵێم، دەنگی (ئاژیر)ی ئاگادار کردنەوەی بارودۆخی نائاسایی و ئەگەری هێرشی فڕۆکەی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ڕادیۆ مەریوانەوە ئەبیسرا.
لە پڕێکا وەک هەورە برووسکەی بەتەوژم کەوتنە وێزەی شار و (زرم، زرم، زرم) دەنگی ڕەشاش و چەکە دژە ئاسمانییەکان و دووکەڵ و بۆنی خوێن و بارووت هەموو شاری داگرتبوو. بەپڕتاو لە نێو کەلاوەی ماڵە داڕماوەکانا و ویزەویزی (ئامبوڵانس) و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، لە دوای توێتایەکا خۆمان گەیاندە دەرەوەی شار، بۆ کوێ؟! نازانین…
کاتێ گەیشتینە ئاوایی “ئـەسـراوا”، دەڵێی خەڵکی ئاوایی پێشتر بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئێمەیان دەکرد. ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شار لەوێ بوون، ئاخر زۆریانم دەناسییەوە. هیلاک و برسی و ماندوو، سەروچاوی تۆز و خۆڵی لێ نیشتوو؛ هەژار و داماو. لە تاو ترس و دڵەڕاوکێ، تف لە دەمماندا وشک ببوو، زۆر بەزەییم بە خۆماندا دەهاتەوە، لە دڵەوە خۆزگەم بە خەڵکی لادێ دەبرد. گریانی مناڵی ساوا و دەنگی شین و لاوانەوەی ژنان بەدوای مناڵ و کەسوکاریاندا، مەرگی ژێر داروپەردوی ماڵی هاوشاریانم، تاڵترین یادەوەرییەکانی دەستی شەڕی نەخوازراوە کە بۆ هەرگیز لەیادم ناچێ.
“پـوورە ئـامین” لە نێو ئاپۆرەی خەڵکی ئاوایی و ئاوارەکان بە حەپەساوی ڕاوەستابوو، بەپەرۆشەوە دەیڕوانیە جەماوەر و جارجارەش بە سووچی فەقیانەکەی چاوەکان و لووتی دەسڕی. قەدەر “پـورە ئـامین” ی کردە خانەخوێمان و لە ماڵە خنجیلانەکەیدا گیرساینەوە. ئێستا ئەزانم دڵی “پورە ئامین” چەندە فراوان و گەورە بوو. خێزانێکی حەوت کەسی بۆ چەن مانگ لەسەر سفرە و خوانی “پوورە ئامین” میوان بووین.
میوان، نـا، نـا، ئێمەش وەک هەموو ئاوارەکانی دیکە بەشێک بووین لە ماڵ و خێزانی دەستەبرای خەڵکی ئـاوایی. ماڵی پوورە ئامین بەشێکی پچڕاو لەو بـەهـەشتە بەرینە بوو کە باسی دەکەن، گوێسەبان و سەربانیجە هەتا سەربان بە گوڵی لاولاو و ژاڵە و دەیان جوری ڕەنگاوڕەنگ ڕازابۆوە. بەیانیان زوو هەتا شێوان پوورە ئامین پانتۆڵی پیاوانی لێ هەڵدەکێشا و بەناو حەوش و بان و دەرگا و هەیواندا دەهات و کارژۆلە و بەرخەکانی لە باوەش دەگرت و دەیلاواندنەوە و لە بەرخۆوە گۆرانی بۆ دەوتن.
ئێواران ئەودەمەی ڕان و گایەل دەگەڕاوە هەموو ئاوایی جمەیان دەهات، فیکەی شوان و بۆڕەی مانگا زەردی پوورە ئامین و ڕێچکەی جووچکە و مریشک لە نێو حەوشە و حەسار، ئەودیمەنانەن کە ئێستاش زاخاوی دڵم ئەدەنەوە.
پوورە ئامین زۆر مێهرەبان بوو، دەڵێی هەموو جوانی و بزە و پێکەنینەکانی دنیا لەودا کۆببوەوە، بەیانیان باوەشێ نانی تیری و هێلکە و کەرە و ماست و کولێرەی پەنجەکێشی ئەخستە سەر نانەشان و سەماوەرە سکڵەکەشی بەنەرمی سیاچەمانەی بۆ دەوتین.
زۆر جار ئەموت خۆزگا پوورە ئامین دایکم بوایەت، خۆزگە “شەڕ” کۆتایی نەئەهات و هەر لە ماڵ پوورە ئامین ئەبووین! نـا، نـا، خۆزگە خەڵکی “ئـەسـراوا” ئەبووین و دراوسێی بەشە بچکۆلانەکەی بەهەشتی مـاڵ پـوورە ئـامین ئەبووین. ئاخر پورە ئامین هەمووکەسێکی خۆش ئەویست، دەستە گەرمەکانی وەک سێحرباز پڕ بوو لە مێهرەبانی و نەوازش، تەنانەت مانگا زەرد و بەرخ و مریشک و کەڵەشێر و گوڵە کانی سەرحەسار و دارتووەکەی ناو کۆڵانیش خۆشیان دەویست.
ڕۆژگار هات و ڕۆی، ” شـەڕ ” چۆن دەستی پێکرد، ئاوەهاش کۆتایی هات!
پوورە ئامین وەک پەڕەسێلکە جارجارە دەهاتە دیدارمان بۆ ناو شار، ئاخر هەرکات دەهات بۆنی بەهار و سمڵ و ڕێحانەی لەگەڵ خۆ دەهێنا. دەنگی پوورە ئامین خۆشترین نۆتی مۆسیقایە کە لە گوێمدا دەزرنگێتەوە و خەم و ئازارەکانم دەڕەوێنێتەوە.
ئێستاش دەستە مێهرەبان و بەخشندەکەی هەر ئاوەڵایە و چارەکەی بندەستی کولێرە گاڵگاڵی و هەزبێ و ژەمۆڵکە کەرە و هێلکەی خۆماڵی تێدایە.
ماوەیەکە دوور لە گیانی، پوورە ئامین زۆر ناسازە، هەر ئەکۆکێ و هاوار گورچیلەی ئەکا، دەستەگەرمەکانی وەک باڵە ڕەنگینەکانی پەپوولە لەرزۆکە و چاوەکانی وەک زەردەی خۆرئاوا لەسەر کەلی ژیان کز و بێهێزە. ئیتر باخچەکەی پوورە ئامین بێ نازە و وەک جاران لاولاو و هەزبێ و ڕێحانە چەکەره ناکا و شەتڵەکان باڵاناکەن. ساڵانێکە ئازارە باریکە بەربووەتە گیانی مانگا و مەڕ و ماڵاتی ئاوایی، ئیتر نووشتەی ناوچاوانیشیان هیچ تەوفیریان پێ ناکا و بەدەم کەف چەرانەوە مردار ئەبنەوە.
ئێستا لەناو ئاوایی دووکانی مارکت باوە و شیر و پەنیر و کەرە و دۆی شیرکەتی وەک خۆڵ وایە. نەخۆشین و هەناسەبڕکێ وەک دێوەزمە خۆی کردووە بە ناو ئاواییدا و مناڵانی گوند وەک ساقەتی گەڵا ڕووتاو و زەرد هەڵدەگەڕێن و هەڵدەپڕووکێن. ڕۆژگارێکی سەیره، کانیاوەکانی ئاواییش وەک جاران لرفەیان نایەت و تامیان گۆڕاوە. ئێستا خەرمان بێبەرەکەتە و ڕەز و باخ و دەشت و مەزراش بێ ڕەونەقە و کرێی جووتی تەراکتۆرەکان دەرنایەنێت.
دوکتور ئەڵێ بەهۆی پیس بوونی ژینگەوە نەخۆشین لە ” ئەسراوا ” ڕوو لە زیادبوونە و دەرمانەکان هیچ کەڵکیان نییە. ئاخر ئەڵێن “ژیـــژوان” کراوەتە زبڵدانی شار و هەموو ڕۆژێک دە گەڵابە زبڵی تێ ئەکەن.
ئەمڕۆ پوورە ئامین دیسان پانتۆڵەکەی لێ هەڵکێشا و هەروەک جاران لەچکە سپیە ئاورێشمەکەی دابەسەریا و قەف قەف پرچە ڕەنگ بەفرینەکەی پێ داپۆشی. بە هەنگاوە لەرزۆکەکانی ڕێگای ئەسراوا تا ژیژوانی تەقەڵ ئەدا و بەدەم ڕێگاوە خەیاڵ هەڵی دەگرت.
لەسەر باڵی هەورەکان دەفڕی و لەوسەرەوە دەیڕوانیە کەروێشکەی گەنم و جۆی مەزرا و باخە ڕەزەکانی گوند و دووکەڵی سەرتەنوورەکان بۆ تاقی ئاسمانی شین هەڵدەکشا. پۆل پۆل باڵندەکان بەسەر ئاسمانی بێگەردی “ئـەسراوا”دا لە شەقەی باڵیان ئەدا و ڕوو لە ژیـژوان لەنگەریان دەگرت. سمۆرەکان لەناو لق و پۆپی داربەڕوار و مازوار بازیان ئەدا و کیسەڵەکان بەهێوری مێرگ و گەڵایان دەجاویەوە. لەق لەقی دەنووک سووری دەبینی لەسەر دارقەزوانی ژیژوان هێلانە دەکا و چەمی کەف چەرێنی پێش ئاوایی چەشنی ڕەشمار بەدەشتودەرا دەخزێ و مۆسیقای ئاوەدانی بۆ ژیژوان دەچڕێ.
پوورە ئامین هەروا لەسەرخۆ ڕێگە دەبڕێ و سواری ئەسپی خەیاڵ دەبێ و پێ لە ئاوزەنگی توند ئەکا، تازە بووکی شەرمنە و لە دێبەری تەنیشت ئاوایی چەپکێ ڕێحانە دەکاتە دەستە و بۆ ئاوێنەی ناوقەد دیواری ژوورەکەی دەبا. ئێستا ئیتر لە “چـاڵـە چـڕە” یە و لەناکاو پێش چاوی ڕەش بوو، گورزێکی قایم بەر تەپڵی سەری ئەکەوێ و جووتێ پۆتینی ڕەش پێلەقەی لەشی دەکەن. کاتێ دێتەوە سەرخۆ ، خوێن بە پرچە سپیەکانیا ئەتکێتە سەر تەوێڵی چین تێکەوتووی و دڵۆپ دڵۆپ بەسەر سمڵ و مێخەکی بەر سوخمەکەیدا دەچۆڕێ. بە سووچی فەقیانەکەی کوڵمە سوورەکانی دەسڕێتەوە و تەزبێحەکەی لە مل دەردێنێ و بەدەم ڕێگاوە دۆعا و نزا دەکا و دەپاڕێتەوە…
ئاخر دونیای پوورە ئامین زۆر بێگەردە، دونیایەکی تەژی لە مێهرەبانی و لە بۆنی گوڵە مێخەک و وەنەوشەی بەربەیان. هەموو ڕۆژێک بەیانیان شاهەنگی ئاشق دێت و لە گوڵزاری دڵە گەورەکەی پوورە ئامین شیلە نۆش دەکا و بە “فیردەوس” ی ناگۆڕێتەوە.
پوورە گیان، بمانبوورە، دەمێکە ئەم برینەی شێخ ئۆمەر ساڕێژ نابێ و هەر دەکولێتەوە.
هەردەکولێتەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی 21ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.








ثبت دیدگاه